زۆرترین ژمارەی ئاوارە وپەنابەر لەجیهان، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
usr_web171_1
حوزهیران 21, 2014
ماڵهوه
882 Views
جنێف- سویسڕا
ئەم ڕاپۆرتە بەبۆنەی ڕۆژی پەنابەری لەجیهان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، کەدەکاتە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیران.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن کە ژمارەی پەنابەران لەجیهان بەهۆی جەنگەوە بێت یاخود بەهۆی چەوسانەوە بێت، لە٥٠ ملیۆن کەس تێپەڕی کردووە لەساڵی ٢٠١٣. ئەمەش یەکەم جارە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕوودەدات.
بەپێی ڕاپۆرتێک کەکۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەربە ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، گەیشتۆتە ٥١.٢ملیۆن کەس لەساڵی ٢٠١٣. بەم جۆرە ٦ملیۆن کەس پترە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٢.
ئەنتۆنیۆ غۆتیریس بەرپرسی کاروباری پەنابەران لەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بی بی سی گووتی کەئەم بەرزبوونەوەیە لەژمارەی پەنابەران” تەحەدایەکی سەختە” لەبەرامبەر ڕێکخراوەکانی بەهاناهاتن لەسەراپای جیهان.
کێشمەکێش وڕووداوەکان لەسووریا وکۆماری ئەفەریقای ناوەڕاست وباشووری سوودان، هۆی سەرەکین لەو بەرزبوونەوە زۆرەی پەنابەران.
غۆتیریس گووتی” کێشمەکێشەکان لەجیهان بەشێوەیەکی زۆر لەزیاد بووندایە. لەهەمان کاتیشدا کۆتایی ئەوکێشمەکێشانە دیار نیە؟”گووتی کە٦.٣ ملیۆن لەکۆی ژمارەی پەنابەران ناچارکراون بەکۆچکردن بۆماوەی چەندان ساڵ، بەڵکو بۆچەند دەهە.
پەنابەری درێژماوە:
بەپێی باسکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان ٢.٥ ملیۆن ئەفغانی دووچاری هەلومەرجی” کۆچکردنن بۆماوەی دوورودرێژ”. بەجۆرێک تاوەکو ئێستا ئەفغانستان سەرچاوەی بەرزترین پەنابەرن لەجیهان. پاکستانیش زۆرترین ژمارەی پەنابەری لەخۆگرتووە کەدەگاتە ملیۆنێک و٦٠٠ هەزار پەنابەر.
لەسەر ئاستی جیهاندا، هەزاران پەنابەر کەلەئەنجامی قەیرانەکاندا ناچار بوون بەڕاکردن وتاڕادەیەکیش لەبیر چوونەتەوە، زوربەی کاتەکانی ژیانیان لەژێر خیوەتەکان بەسەردەبەن.
لەسەرسنووری تایلەند وبۆرمادا، ١٢٠هەزار کەس لەکەمایەتی ئەلکارین ماوەی پتر لە٢٠ساڵە لەژێر خیوەتەکاندا دەژین.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن کە ناتوانین بەزۆر وبەهێز پەنابەرەکان بنێرینەوە، تاوەکو هەلومەرج ئارام نەبێت لەووڵاتی خۆیان. وەنەبوونی خانووبەرە کەبگەرێنەوە بۆی.
بۆزۆرێک لەوپەنابەرانە گرانە چوونەوەیان، بەنموونە پتر لە٣٠٠هەزار پەنابەری سۆماڵی لەخیوەتەکانی داداب دا دەژین لەکینیا، گەڕانەوەیان ئەگەرێکی زۆر ئەستەمە.
بەپێی دانپێدانانی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان هەندێک لەوخیوەتگایانە بوونەتە خیوەتگای نیوەجێگیر، وخوێندنگا ونەخۆشخانە وکاری بازرگانی تایبەتی تێدایە. بەڵام هەموو ئەمانە بەمانای ئەوە نیە کەئەو خیوەتگایانە بووەتە نیشتمانێکی کە بۆپەنابەران.
ژمارەی پەنابەران لەهەموو جیهان زۆر لەژمارەی هەڵاتوانی ناوەکی کەمترە کەناچارکراون ماڵەکانیان جێبێڵن، بەڵام تاوەکو ئێستاش لەناووەی سنووری ووڵاتی خۆیاندان.
کۆڕەوی ناوەکی:
تەنها لەسووریا، بڕوایان وایە نزیکەی ٦.٥ ملیۆن هەڵاتوو وئاوارەی ناوەکی هەن. بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا زۆرێک لەخێزانەکان بۆچەندجارێک تووشی دەربەدەری بوون. ئەم خەڵکانە بەشێوەیەکی زۆر سنووردار دەتوانن دەستیان بگات بەخۆراک وئاو وشوێنی حەوانەوە وخزمەتگوزاری تەندروستی. چونکە تاوەکو ئێستاش لەناوچە ناکۆکەکاندا دەژین، وەبۆ هەیئە خێرخوازەکان ئەستەمە دەستیان پێیان ڕابگات.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئاوارە ناوخۆییەکان لەسەر ئاستی جیهان نزیک بە٣٣.٣ ملیۆن کەس دەکەن.گوێزانەوە وڕاکردنی ئەوژمارە زۆرە لەپەنابەر وئاوارە ناوخۆییانەی کەبۆناوچە تازەکان ڕادەکەن، دەبنە قورسایەکی زۆر بۆسەر سەرچاوەکانی ئەوشوێنەی وەک میوان لێی دەبن، هەروەها دەبنە هۆی دروستکردنی پەشێوی وناجێگیری بۆئەوشوێنە.
ئەرکەکان:
لەماوەی کێشەی قەیرانی سووریا، هەریەک لەئەردەن ولوبنان وتورکیا سنووریان کراوەبووە بۆ پەنابەران. لەلوبنان نزیکەی ١ملیۆن پەنابەری سووری هەیە، بەومانایەی کەچارەکێک لەکۆی دانیشتوانی لوبنان بۆتە خەڵکی سووری. ئەم فشارەی کەلوبنان بەرەوڕووی بۆتەوە لەئەنجامی پێشکەشکردنی خزمەگوزاری نیشتەجێبوون وپەروەردە وتەندروستی بۆپەنابەرەکان، بۆتە هۆی دەستپێکردنی پەشێوی لەو ووڵاتە، لەکاتێکدا خۆی دووچاری کێشە وقەیرانی ناوەکی خۆیەتی.
نەتەوەیەکگرتووەکان ترسیان لەوە هەیە کەئەرکی بەڕێوەبردنی پەنابەران بەشێوەیەکی زیاد دەکەوێتە سەر ئەو ووڵاتانەی کەسەرچاوەیان کەمە. ووڵاتە تازەپێگەیشتوەکان ٨٦% ی کۆی پەنابەرانی جیهان لەخۆدەگرن. لەکاتێکدا ووڵاتە دەوڵەمەندەکان تەنیا ١٤%ی کۆی پەنابەران لەخۆدەگرن.
کەلێنەکە لەفراوانبوونەوەدایە:
سەرەڕای ترسی ووڵاتە ئەوروپیەکان لەبەرزبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران وداواکاری نیشتەجێ بوون لەو ووڵاتانە، ئەم کەلێنە لەفراوانبوونەوەدایە. لەماوەی ١٠ساڵدا وولاتە دەوڵەمەندەکان ٣٠%ی کۆی پەنابەرانیان لەخۆگرتووە. ئەوەی ماوەتەوە بەر ووڵاتە تازەپێگەیشتووەکان کەوتووە.
بۆیە ئەوبەرپرسە نێونەتەوەییە(ئەنتۆنیۆ غوتیریس) وای دەبینێت کە ئەوروپا دەتوانێت( یان پێویستە لەسەری) کەلەوەزیاتر پێشکەش بکەن، و” بەرپرسیاریەتی تەواو لەئەستۆبگرن”.
لەبەردەوامی قسەکانیدا گووتی” هەندێک نموونەی باشمان لەئەوروپا هەیە وەک( سوید وئەڵمانیا) دەستپێشخەری زۆر دڵفراوانیان پێشکەش کردوە، بەڵام پێویستمان بەهاوپشتی یەکدەستی هەیە لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپا”.
ئەوەی کەزۆرتر ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان توشی نیگەرانی دەکات ئەوەیە کەدەبێ کار لەگەڵ ژمارەیەکی بێ کۆتایی لەپەنابەر بکات. لەکاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش، کەباسکی سیاسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، توانای دۆزینەوەی چارەسەری نیە بۆئەوکێشە وقەیرانانە، یاخود لەبنەڕەتدا توانای ڕێگری نیە لەڕوودانیان.
غوتیریس گووتی کە” جیهان زیاتر بەرەو توندوتیژی چووە، وئەوەش دەبێتە هۆی هەڵاتنی زۆرتری خەڵک لەماڵەکانیان”
گووتیشی کەڕێکخراوە ئینساندۆستەکان توانای ئەوڕووبەڕووبوونەوەیان نیە، هەروەها خاوەنی ئەوسەرچاوانە نین کەوەڵامی ئەوهەلومەرجەی پێبدەنەوە. جەختی لەوە کردەوە کە هەلومەرجی خەڵکەکە زیاتر نیگەرانیان دەکات، لەکاتێکدا جیهان دەستەوەستان وەستاون لەدانانی سنوورێک بۆ ئەو چەرمەسەریە نائینسانیە وئەو هەرایە.
*شایانی باسە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەو ئاوارەییە ناوەکی وکۆچکردنی خەڵکی عیراق نەکراوە. کەئەوەش ژمارەکە لەوە بەرزتر دەکاتەوە. بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کەلەئەنجامی شەڕی نێوان داعش وسوپای عیراق وپێشمەرگە دروست بووە وڕوولەزیاد بوونەدایە. هەروەها قەیرانی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ بی بی سی
و/ ئاراس ڕەشید