بانگەوازێك بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، یەکیتیە کرێکاریەکان وئازادیخوازان بەرامبەر بە لەشکرکێشی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان بێنە دەنگ!

ماوەیەکە حکومەتی تورکیا بە هەزاران سەرباز و تانك و زریپۆشەوە، لەژێرناوی پاراستنی سنورەکان و شەر لە دژی پەکەکە، هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی بۆ نیو قوڵای کوردستانی عێراق وناوچە سنوریەکان دەستپێکردوە، کە بەهۆیەوە بەدەیان خەڵکی گوند نشین لەژن و منال پیرو پەکەوتەی ئاوارە و بێخانەولانەکردوە و چەندین ڕەز و باخ و ماڵی هاوڵاتیانی سوتاندوە.تەنانەت سوپا و لەشکریان گەیشتوونەتە ناو شاری دهۆك و ژیان و ئەمنیەتی  خەڵکیان خستۆتە مەترسیەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی لەماوەی ڕابردودا چەندین خەڵکی سڤیل بەهۆی هێرشی بەردەوامی تورکیاوە ژیانیان لەدەستداوە وەیان بریندار بوون .

ئەم لەشکرکێشی وعەسکەرتاریەتەی حکومەتی ئۆردوگان بەشێکە لە ململانیەکی ناوچەیی کە تورکیا دەیەوێ بەسوود وەرگرتن لە دۆخی تازەی جیهان و کێشمەکێشی نێوان زلهێزەکان، جێگای پێی خۆی لەناوچەکەدا قایم بکات، بەتایبەتی دەوری کاریگەری هەبێت لە ئارایشدانەوەی ئایندەی سیاسی- ئابوری- ئەمنی عێراق و سوریادا. تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی باڵادەستی سەربازیەوە لە هەرێمی کوردستان و باکوڕی سوریادا، بەو ئامانجەی خۆی بگات. بەوجۆرەش بتوانێ وەڵامێك بە دۆخی ناوخۆیی بداتەوە، کە ئێستا دەسەڵاتەکەی ئۆردوگان لەهەمووکات زیاتر ڕوبەرووی نەفرەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی تورکیا بۆتەوە.

ئەوەی زیاتر دەستدرێژی حکومەتی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی کوردستانی عێراق ئاوەڵاکردوە، کەڵك وەرگرتنە لە بیدەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەك و رەزامەندی ئەمریکاو هەردوو حکومەتی عێراق وهەرێمە لەلایەکی دیکەوە، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی ئۆردوگان بۆ بەغدا و ئەنجامدانی کۆمەڵێك رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

بێگومان بیانوی تورکیا بۆ لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانی عێراق، لێدانە لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەوە تەنها پاکانەیەکە بۆ هێرشە بەرفراوانەکەی بۆ داکوتانی قاچی خۆی لەناو خاکی عێراق و دانانی کاریگەری لەسەر دەوڵەتی عێراق تا تورکیاش وەکو یارزانێکی ناوچەیی و ڕکابەری ئێران، دەوری باڵای هەبێت لە عێراقدا، بەتایبەتی کە پرۆژەی ( رێگای گەشەپێدان) وەکو پرۆژەیەکی ستراتیژی بڕیارە لەنێوان کەنداو و تورکیادا بە خاكی عێراقدا تێپەڕێت، کە تورکیاو عێراق و قەتەر و ئیمارات بە چەند ملیار تێیدا هاوبەشن، بە پاڵپشت و هاوکاری چین.

ئیمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە کاتێکدا بەتوندی سەرکۆنەی ئەم هێرش و لەشکرکێشەیەی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەکەین، هاوکات  داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکیتی کرێکاریی  و ئازادیخوازان دەکەین کە بەدەوری شایستەی خۆیان هەڵسن و فشار بهێنن بۆ دەوڵەتی تورکیا کە :

١-دەستبەجێ  لەشکرکێشی سەربازی و تۆپبارانکردنی گوندو ناوچە سنوریەکان ڕابگرێت .

٢-  تەواوی هێزەکانی تورکیا لە کوردستانی عێراق  بچنە دەرەوە  تا خەڵکی گوندوناوچەکە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵ وژیانیان.

٣- قەرەبۆکردنەوەی دانیشتوانی گوندەکان کە زیانیان پێگەیشتوە.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ پەنابەران و ئازادیخوازان

راسیزم دیاردەیەکی شەرمهێنەرە و نامۆیە بە دنیای هاوچەرخ و کۆمەڵگای  بەریتانیا! پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *