نامە بە ئەنتۆنیو گۆتیریش سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان
usr_web171_1
تشرینی دووهم 4, 2022
ڕاگەیاندن, ماڵهوه
244 Views
بەرێز ئەنتۆنیو، هەروەك ئاگادارن دوێنی ٢٨ی سەپتێمبەری ٢٠٢٢ لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرشی فرۆکەی بێفرۆکەوان و رۆکێت بارەگای حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی لە (پردێ، کۆیە، زرگویز و ماوەت..) بەخەستی بوردومانکرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەك قوربانی لێکەوتەوە و چەندین کەس بریندار بوون و بە دەیان خەڵکی گوندی ناوچە سنوریەکان و پەنابەری دانیشتووی ئوردوگاو کەمپەکان ئاوارەو بێخانەو لانە بوون.
ئەم هەنگاوە پیشهاتێکی ئەوپەڕی مەترسیدارە کە هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتۆتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کەچەندین جار کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەهانەی جۆراجۆر هێزی سەربازی هێناوەتە سەرسنورەکان و بە بەردەوامی بۆردومانی گوندو ناوچە سنوریەکانی کوردستانی کردوەو خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کردۆتە قوربانی ترس و دڵەڕاوکێ و بۆتە تارمایەیەکی کوشندە بەسەر ژیانیانەوە. داواتان لێدەکەین دەستبەجێ دیبلوماتکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بکەن بۆ لێپێچینەوەو راگرتنی ئەو بوردومان و تاوانانەی دەرهەق بەخەڵکی سڤیل لەژنان و مناڵان و پیرو پەکەوتەو خەڵکی بیتاوان ئەنجام دەدرێت.
هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و کەمپ و ئوردوگای پەنابەران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ١٢رۆژە لەسەراسەری شارەکانی ئێران بە دوای تیرۆری ژینا ئەمینی دا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان بەرپابووە بەرامبەر بەو تاوانە کە یەکێکە لەتاوانە بێئەژمارەکان. تاوانێکی دەوڵەتی ئاشکرایە بەدژی ژنان و مافەکانیان کە لەم ناڕەزایەتیانەدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕن بەداگرتنی حیجاب و سوتاندنی رقی ئەستوری خۆیان بەدژی یاسای حیجابی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبڕن.
زۆربەی ئەو پەنابەرانەی کەمپ و ئەو ئوردوگایانە کە ئەوانەن کە لە دەست سیاسەتی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەو هەڕەشەی گرتن و کوشتنی ڕژێمی هاری کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵهاتوون لەماڵ و حاڵ و ژیانیان هەڵکەنراون و ئاوارەبوون وە لەنێویاندا دەیان ژن و منداڵ و پیرو پەکەوتەی تێدایە. نابێت ڕێگە بدرێت ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی سڤیلی ناوچە سنوریەکانی کوردستان و کەمپی پەنابەران تێکەڵ بەهیچ ململانێیەکی سیاسی بکرێت، پێویستە ئەم دەستدریژییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدژی خەڵك و پاوانخوازی و سەرگوتگەرانەیە لێپرسینەوەی لێبکرێت و بەتوندی ئیدانە بکرێت.
ئێمە لەفیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەرباری بەتوندی ئیدانەکردنی ئەم هێرش و بۆمبارانکردنەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها بەدەستدرێژیەکی گەورەی دەزانیین بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی پەنابەران. ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان نایاسایی و دژە لەگەڵ پێوانە نێو دەوڵەتیەکان هەربۆیە پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەم دەستدریژیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کارەساتە مرۆییە ڕابگەیەنن و دەست بەجێ هەنگاوبنێن :
١- بەرپرسیارێتی ئەو تاوانانە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بخریتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیەکان و بریندارەکان.
٢- پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و پەنابەرانی ئەو کەمپانە لەهەر دەستدرێژی و پەلامارێك بخرێتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم.
٣- بەهاناوچون و کۆمەکی ئاوارەکانی خەڵکی گوندە سنوریەکان وئاوارەی کەمپ و ئوردوگاکانەوە بچن .
فیدراسیۆن تەواوی ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆست و پەنابەریەکان و یەکێتی کرێکاریەکان لەسەراسەری دنیا بەرامبەر بەم تاوانان و ئینسان کوژیەیی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار دەکاتەوە.
دەشتی جەمال
سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٩/٩/٢٠٢٢