یەکێتی ئەوروپا بەرپرسە لە پاراستنی ژیان و چارەنوسی  پەنابەران، نابێت ساتوسەودا بە ژیانی پەنابەرانەوە بکرێت.

پاش ئەوەی دوێنی ٨-١١-٢٠٢١ بەسەدان پەنابەر  بەڕێپوان و پاش ماندوبوونێکی سەخت وبڕینی چەندین ڕێگای سەخت هەوڵیاندا لە ووڵاتی بیلاڕوسیاوە بەرەو پۆلەندا بەڕێبکەون ، بەڵام لەوێدا ‌ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش وسنوری پۆلەندا ڕووبەڕوبوونەوەتەوە و ئەم هێزانە زۆر نامرۆڤانە ودڕندانە ڕێگری لە دەرچوون و  تێپەرینی پەنابەران دەکەن بەرەو ووڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا. بۆ ئەم مەبەستەش بە لێدان و بەردانی سەگی پۆلیسی بۆسەر پەنابەران و  بەکارهێنانی ئامرازەکانی ترس وتۆقاندن  ڕێگری دەکەن لە دەرچوونی ئەم پەنابەرانە، بە دەیان خێزان و منداڵ و کەسانی نەخۆش هەن لەنێو ڕێزەکانی پەنابەراندا، هاوکات ووڵاتی بیلاڕوسیا ئەوپەری نامرۆڤانە کەوتۆتە ئازاردانی پەنابەران ولیدان و بەهەمان شێوە ڕێگری لە گەڕاوانەوە و چوونی پەنابەران دەکات  وبەرەو جێگاو شوێنیکی پارێزراو.

ئەم مامەڵە نامرۆڤانەی دەوڵەتانی بیلاڕوسیا و پۆلەندا ولیتوانیا ویەکیتی ئەوروپا،  لە ئەنجامی سیاسەتی سات وسەودای ئەم حکومەتانەو و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپایە بەژیان وچارەنوسی پەنابەرانەوە، لەلایەك حکومەتی بیلاڕوسیا دەیەوێت کەیسی پەنابەران وەک کارتێکی سیاسی بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا بەکار بهێنێت ، هاوشێوەی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەی حکومەتەکەی ئۆردوغان کاتێك سنورەکانی بەرووی پەنابەراندا کردەوە بەرەو یۆنان ، بەهەمان شێوە حکومەتی بیلاڕوسیا دەیەوێت ئەم مامەڵەیە دووبارە بکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە یەکیتی ئەوروپا بە سەرپەرشتی حکومەتی ئەڵمانیا فشارێکی زۆریان بۆ حکومەتی پۆلەندا هێناوە بە ئامانجی داخستنی سنورەکانی خۆی و بەرگرتن بەهاتنە ناوەوەی  شەپۆلی پەنابەران و چوونیان بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا.دەرئەنجامی ئەم سیاسەتی سات وسەودا ومامەڵەی سیاسی وئابوری بەژیانی پەنابەرانەوە لە چەند مانگی ڕابوردودا بەسەدان پەنابەر دووچاری زیندانی وگرتن وبێ سەروشوێن بونەتەوە لە ووڵاتەکانی لیتوانیا و بیلاڕوسیا و پۆلەنداو چەندین پەنابەر لە ئەنجامی بارودۆخی سەختی ڕێگاو بان گیانیان لەدەستداوە وەیان لەگرتووخانە دەستبەسەرەکانی ئەم ووڵاتانەدا لەگەل ژیانی مەمرەومەژی بەرەوڕووکراونەتەوە وزەخت و زۆری دەرونیان بۆ دەهێنریت تا ناچاریان بکەن بە گەڕانەوە بۆ وولاتی خۆیان.

ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی  بەتوندی ئیدانەی مامەلەی نامرۆڤانەی پۆلیسی سنوری حکومەتی بیلارووسیا وپۆڵندا بەرامبەر پەنابەران دەکەین ، وە یەکێتی ئەوروپا بە  بە بەرپرسی سەرەکی دەزانین لە  پاراستنی ژیان و سەلامەتی تەندروستی و دابینکردنی  ئەمنیەت و چارەنوسی پەنابەران، هاوکات داوا لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکەین  کە بەهانای ئەو پەنابەرانەوە بچن  لەسەر سنورەکانی بیلاڕسیا وپۆلەندا و هاوکاریان بن و ژیانیان لەمەترسی مەرگ رزگار بکەن . ئەم پەنابەرانە دەرئەنجانی  زاڵبوونی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری سیاسی و میلیشیایی لە کوردستان وعێراقدا بەناچاری ڕێگای کۆچ و سەفەریان هەڵبژاردووە و پێویستە ڕێز لەژیان و گوزەرانیان بگیرێت. هاوکات داوا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وڕێکخراوەکانی داکۆیکار لە مافەکانی پەنابەران دەکەین   فشار بهێنن بۆ ئەو حکومەتانەو رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کە:
١— ‌ ده‌ستبه‌جێ کۆتایی بهێنرێت به‌سیاسه‌تی ڕاگرتنی په‌نابه‌ران  لەسەر سنورەکان ولێدان ئازاردانی پەنابەران وڕزگاکردنیان لە مەترسی تیاچوون.

٢-ریکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەستبەجێ بەهانای ئەو پەنابەرانەوە بچێت.
٣- کۆتایهێنان بەزەخت وزۆری سەر پەنابەران لە گرتووخانە دەستبەسەرەکانی لیتوانیا وپۆڵندا و ده‌ستبه‌جێ ئەو په‌نابه‌ران له‌گرتوخانه‌ ده‌ستبه‌سه‌‌ره‌ کان کە لەدۆخێکی نەشیاودا ڕاگیراون  وەڵام بەداوای پەنابەراییان بدرێتەوە وئازاد بکرێن.
٤به‌ڕه‌سمیه‌ت ناسینی مافی په‌نابه‌ری بۆ  ئەو پەنابەرانە و دابەشکردنیان بەیەکسان لەنێو ووڵاتانی ئەوروپا  وهاوکاریکرنیان بۆ ده‌ستپیکردنه‌وه‌ی ژیانی ئاساییان.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

٩/١١/٢٠٢١

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

ئۆفیسی فیدراسیۆنی پەنابەران لەکوردستان دووبارەکرایەوە

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی/لقی کوردستان بەمەبەستی بەردەوامیدان بە کارو چالاکیەکانی و پیشکەشکردنی هاوکاری و رێنمایی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *