کارەساتی ئینسانی پەنابەران            جەمال کۆشش

 

رۆژی دووشەم ٧.٣.٢٠١٦ کۆبونەوەی لوتکەی تایبەتی ( یەکێتی ئەوروپا-توکیا) ساز دەکرێت. سەرەڕای سەرۆک وەزیرانی دەولەتانی ئەوروپا وڕژێمەکان وا بڕیارە سەرۆک وەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داود ئۆغلۆ) ش بەشدار بێت. کۆبونەوەکە وەک هەندێک لە سیاسی ورۆژنامەنوسان نێویان نا ( کۆبونەوەی مێرکل).

ئەنجیلامێرکل بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەران، بەدڕێژایی چوار مانگ زیاترە پێداگریی بەردەوام وسەرسەختانە لە سیاسەتی خۆی دەکات( من لێرەم، لێرەش دەمێنمەوە، وەئەوەش ڕێگاکەمە) چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرنامەی ئەننا وایل، لە٢٨.٠٢.٢٠١٦ لەتەلەفزیۆنی ئەلمانیا NRDرۆژنامەی ئین زیت زیت ٢٦.٠٢.٢٠١٦. ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیابۆ کەم کرنەوەی ژمارەی پەنابەران بەرەو یۆنان و وەرگرتنەوەی پەنابەرانی دیپۆرت کراوە، قایمکردنی سنورەکانی دەرەوەی دەوڵەتانی ئەوروپا و تێکشکاندنی باندە قاچاخچییەکان ، کۆمەکی ٣ ملیارد ئۆیرۆ بە تورکیا، یەکدەستی سیاسەتی پەنابەری لە نێوخۆی دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپادا، هێنانی پەنابەران لە کەمپەکانی تورکیا ویۆنان وئیتالیا و دابەشکردنیان بەسەر ووڵاتانی ئەوروپایی دا بە گوێرەی سەرژمێری دانیشتوانی هەر وڵاتەو توانا ئابورییەکانی وشانسی پەنابەران. تەوەرەی سەرەکی ئەم کۆبوونەوە چاوەنواڕکراوە لەسەر ئەم ڕێگاچارەسەرەیە ولەسەر چەند مەسەلەیەکی نوێ کە نێو هەمان چوارچێوەدا کە پێش هاتوون.

ئایا یۆنان دەبێتە لوبنانی ئەوروپا وئیندۆمی دەەبێتە کالاسی یۆنان

کۆنفرەنسی وەزیرانی نێوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتانی بەڵکان(بولگاریا،کۆسۆڤۆ،کراواتیا، ئەلبانیا، سلوڤینیا، مۆنتینگرۆ، بۆسنە-هیزرەگۆڤینیا، وەمەکەدۆنیا) لەگەڵ وەزیرەکانی نێوخۆودەرەوەی نەمسا لە رۆژی ٢٤.٢.٢٠١٦ لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتن، تا ئەو دەمەی چارەسەریکی ئەورپایی بۆ کێشەی پەنابەران بە کردەوەیی لە ئارادا نی یە، وە یۆنان سنورەکانی خۆی پێ کۆنترۆل ناکرێت. لە سنوری نیوان یۆنان -مەکەدۆنیا دووەم هێڵی بەرگری دروست دەکرێت وسنورەکان دادەخریت. رۆژانە ژمارەیەکی دیاریکراو لە عیراقی وسوری کە پاش ئەوەی دۆکیمنتی سەلمێنراو وباوەڕپێکراوییان پێ بوو وناونوس دەکرێن و بوار دەدرێن ڕێگای بەرەوبەلکان بگرنە بەر. ئەم چاودێری وکۆنترۆڵکردن ونانوس کردنە لەلایەن دەولەتانی بەشداری کۆنفرەنسەکەوە جێ بەجێ دەکرێت. لەو رۆژەوە نزیکەی ١٢ هەزارکەس لە و خاڵە سنوریە (ئیندۆمی)کۆبونەتەوە و بەپێ ی ڕاگەیاندنەکانی دەولەتی یۆنانیش ٢٥ هەزار کەس لەیۆنان گیریان خواردووە . وەزیری کۆچکردوانی یۆنان (گیانس موزەلاس ) ووتی ڕەنگە لەماوەیەکی کورت دا ئەم ژمارەیە بگاتە ٧٠ هەزار کەس وە بەڕای کۆمەڵەی پزیشکانی بێسنور دەگاتە ٢٠٠ هەزار کەس. کاردانەوەی ئەسینا لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی ڤیەنا دا، کە بۆ کۆنفرەنسەکەش داوەت نەکرابوو، توندبوو، سەفارەتی لە ڤیەنا کشاندەوەو دەستی بەڕووی  وەزیری نێوخۆی نەمسا ( جۆهان میلک لایتنەر) نا. کە داوای سەردانی یۆنان کردبوو. یۆنان خۆی گیرۆدەی دەیان کێشەی نێوخۆیی قووڵە لەبێکاری (%٢٥) وقەرزێکی زۆریکردووە وئەو مەرجانەی کە قەرزەکەی پێوەرگرتووە یەکجار قورسن وسکهەڵگوشین و دەستگرتنەوەی دەوێت . ڕۆژانە لەگەڵ جەماوەرێکی تووڕە ڕوبەڕووە. سەرۆکی دەولەتی یۆنان(ئەلکسیس سیپراس) ووتی ئێمە نابینە کەمپی گەورەی ئەوروپاو گەراجی گیانەکان. دەوڵەتی یۆنان هانای بۆ یەکێتی ئەوروپا هێنا و داوای کۆمەکی ٧٠٠ ملیۆن ئیرۆی کرد بۆ دابین کردنی خزمەت گوزارییەکان لە داڵدەدان ودابین کردنی پێداویستی خواردەمەنی وپزشیکیەکان بۆ پەنابەران. یەکێتی ئەوروپا یەکسەرە ڕازیبونی خۆی بۆ دەربڕی کە لەمسالدا ٣٠٠ملێۆن و باقیەکەی تری دابەش دەکات بەسەر دوو ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دەدا. ئەم بڕە پارەیەش بڕیارە لە پارەی خەزن کراو بۆ کارەساتە مرۆیی یەکانی چەشنی ڕوداوە سروشی یەکان وئەتۆمیەکان دابین بکرێت کە لەمێژووی ئەوروپادا تا ئێستا بۆ ناوخۆیی ئەوروپا بەکارنەهێنراوە.

بە تەنها لەمانگی ٢ئەمساڵدا، ٥٦٣٣٥ کەس بۆ یۆنان پەڕیونەتەوە یانی رۆژانە ١٩٤٣ کەس یانی تورکیا هیچ ئامادەییەک بۆ کۆنترۆلکردنی سنورەکانی خۆی نیشان نەداوە. .پێش بینیەکان بۆ بەرزبونەی ژمارەی پەناخوازان تا ٢٠٠ هەزار کەس چاوەنواڕ کراوە وزێدەڕۆیی نی یە. مەسەلەیەکی ترسناک لەم نێوەدا ئەوەیە بەداخستنی سنوری یۆنان –مەکەدۆنیا وئەستەنگی بەدرێژایی سنورەکانی تری دەوڵەتانی بەلکان. پەنابەران ڕێگای یۆنان- ئیتالیا، و یۆنان-ئەلبانیا،ڕوو بە ئەوروپا ملدەنێن. هەردوو ئەو ڕێگایەش لە ئیجە پڕ تراژیدترن. یەکجار دوورتر،گرانتر ، گەورەتر،و باندی قاچاخچیەکانی نێونەتەوەی ترن. لەماوەی پێنچ ساڵی ڕابروودا، لە سنوری ئاوی نێوان یۆنان-ئیالیا نزیکەی ٧٦٠٠کەس خنکاون یان بزربون.

لەخاڵی سنوری (ئیندۆمی )یش هەروا کولانەو چادر وخانوی پلاستیکی بەو دەشتەدەدا پان وپۆڕو پەل دەهاون. ئەگەر کەمپی کالاس لە فەرەنسا بە جەنگەڵ شوبهێنرا و نێونرا، هیچ گومانی تیا نی یە، لەبەری یۆنان گردبونەوەی هەزاران پەنابەری ئەفغانی، پاکستانی،ئیرانی، ئەفریکای باکور،.عێراقی وسوری، جەنگەڵی واقعی پەیدا دەبێت. هەر ئێستا ڕۆژنامەکان باس لە چالاکبونەوەی تۆڕە قاچاخچیەکان دەکەن بۆ گواستنەوەی وەجبەکان بە نێودارستانە چڕەکاندا. یەکێک لە کیژە ئانارکیستەکان لە ئیندۆمی یەوە کە خۆی یەکیک لەو سەدان خۆبەخشانەیە یارمەتی پەنابەران دەدات، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو دەست درێژی یە سێکسیانە کە ژنانی پەنابەر لەلایەن پیاوەکانەوە نوسیوە..

پاراستنی سنورەکان وتورکیا وەک وڵاتی سێ یەمی ئارام

جینس سۆلتن بیرگ ،سکرتیری گشتی پەیمانی ناتۆ وسەرۆک وەزیرانی پێشوی نەرویج لە وتارێکی کورت دا، کە رۆژنامەی تاگس ئەنتسایگەریش لە ٢٦.٠٢.٢٠١٦ بڵاویکردبۆوەتیایا دەنوسێت( ناتۆ ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕی نەک تەنها لەروی سەربازییەوە ، بەڵکە بۆ زاڵ بون بەسەر کێشەی پەنابەرانیشدا…بەڵام نابێت پێمان وا بێت بە زوویی دەتوانین چارەسەری بکەین) لە درێژەی وتارەکەیدا دەلێت (ساڵی رابردوو٩٠٠ هەزار کەس لە تورکیاوە گەیشتون بە یۆنان ئەمەش چوار ئەوەندەی ساڵی پارەو سەدا ٨٠ یان لەوڵاتی سوریا، عێراق و ئەفغانساتانەوە هاتون. ئەوان بە هۆی نائارامی یەوە هەڵاتون. ناتۆ ساڵانێکە دەیەویت ڕەگی ئەم ناسەقامگیریە بنەبڕ بکات، لە ئەفغانستان ٣٥٠ هەزار کەسمان لە هێزەکانی ئاسایش پێگەیاندوە ولەم ماوەیەشدا لە عیراق دەست بەکار دەبین…ناتۆ لەسەرەتای مانگی دودا بڕیاریدا کە لەدژی قاچاخچیە نایاساییەکان وکۆچکردنی نایاسایی یارمەتی ئەندامەکان هەر یەک لە ئەلمانیا و تورکیا و یۆنان بدەین. ئەوەبوو لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ سەعاتدا تەدارکمان بۆ چالاکی ئامادە کرد کە لەئیستادا لە پاپۆڕەکانی کەنەدا، ئەلمانیا، یۆنان، وە تورکیا پێک هاتوون). لەلایەکی دییەوە مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەند وسەرۆکی لیژنەکانی یەکێتی ئەوروپا، دەیەوێت تورکیا وەک (وڵاتی سێیەمی ئارام) بناسێنێ، وە داوای کرد کە پێویستە لەمەبەدوا وەها بین هیچ کەس توانای پەڕینەوەی نەبێت و لەئێستادا ناتوانم ئەوە بییبنم) . ئەمەش نەخشەیەکی نوێ نیە. ئەم پلانە کە بە پلانی (سام سۆم) ناسراوە بەناوی (دیدیرک سام سۆن) سەرۆکی کوتلەی پەرلەمانی حزبی سۆشیال دیموکراتی هۆڵەند کە ڕەدی داوای پەنابەری ئەو پەناخوازانە دەکات کە بەوڵاتی ئارامی سێهەمدا تێپەڕیون.

لەم ماوەیەدا ئەنجیلا مێرکل و بروسل لەپەیوەندی بەردەوامی دپلۆماتیدا بوون لەگەڵ تورکیا. دۆنالد توسک سەرۆکی لیژنەی یەکێتی ئەوروپا و هەرەوها جێگری کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بەردەوام لە گفت وگۆدابونە لەسەر پلانەکە وتەواوی وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت دەوڵەتی تورکیا وەک وڵاتی سێەمی ئارام بناسێنێ. ئەنجیلا مێرکل، سیاسەتی کلتوری بەخیرهاتنی پەنابەرانی بە هێواشی بەلام بە ئاشکرا گۆڕی. مەرجی گواستنەوەو دابەشکردنی پەنابەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپاییدا بەندە بە پتەوکردنی سنورەکانی تورکیابە ڕووی پەنابەران دا و وەرگرتنەوەی ئەو کۆچکردوانەی بەهۆکاری ئابوری یەوە ڕوو لە یۆنان دەکەن.

گروپەکانی مافی مرۆڤ وشورای ئەوروپی بۆ کاروباری پەنابەران وبەرەیەک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەچاوێکی تر دەیبینن. ئەوان تەنانەت دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ یۆنانیش بەگونجاو وئینسانی نازانن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەوڵەتانێک کە دەتوانرێت بە ( دەوڵەتی ئارام) بناسرێت ڕێز لەمافەکانی مرۆڤ بگرێت وپارێزگاری لە پەنابەران بە گویرەی پەیماننامەی جینف دابین بکات.وە سەرەڕای ئەوەش کە تەنها دەتوانرێت پەنابەران بۆ وڵاتانی ئارامی سێ یەم دیپۆرت بکرێتەوە کە پەیوەندیەک بەو وڵاتەوە گرێی بداتەوە. تورکیا ئەو مەرجانەی تیا نیە. تورکیا بە شێوەیەکی قەهراوی دەیەوێت کێشەی کورد لەنێو ببات وڕاپۆرتی دورودرێژ سەبارەت بە پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ بڵاوکراونەتەوە.

تورکیا و کارتی پەنابەران کێشەی پەنابەران لە ئەوروپا

لەباری ئینسانیەوە،کارەساتەکانی پەنابەران بۆ تورکیا هیج بایەخیکی نیە، تەنانەت ڕێکخراوە فریاگوزارییە جیهانیەکان گەلێک جار شکایەتیان لە ئیهمالی تیمە فریاگوزارییە دەریایەکانی تورکیا کردوە کە کاتێک سەرنشینانی بەلەمێک لەحاڵەتی نوقم بوندا پەیوەندییان پێوە گرتووە. ئەوەی ئەم ڕٶڵەی بە تورکیا بە خشیوە، تەنها هەڵکەوتە جوگرافیاکەیەتی وداماوی و دەستە پاچەیی ناهاوئاهەنگی سیاسەتی پەنابەری یەکێتی ئەوروپایە. وەک مێرکل وگەڵیکی تر وتیان دابەشکردنی ٢ تا ٣ملێۆن ئاوارە بەسەر ٥٠٠ ملێۆن کەس کە لەئەوروپا دەژین، شانازی نیە. لەم لەم کۆبونەوە تایبەتیەدا، تورکیا گەلێک چاو وئومێدی لەسەرە، وەک ڕاشگەیانراکە دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە پەنابەرانی وڵاتانی( ئەفغانی، ئیرانی، پاکستانی ودەوڵەتانی ئەفریکای باکور) وەربگرێتەوە، ئەمەش نیشاندانی نیەتیكی گرنگە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا و خەتی چارەسەری ئەوروپی کێشەی پەنابەران و گروپی( بەرەی خوازیاری). جێگەوڕێگەی تورکیا لەم کۆبونەوەیە بە هێزتر دەکات. تورکیا دەیەوێت بەزویی فیزە لەسەر هاوڵاتیانی تورکیا هەڵبگیرێت ویارمەتی مالی زیاتر وەربگرێت. زۆرێک لەپێشبینی یەکان بەرەو ئاراستەیە دەرٶن کە کارئاسانی بۆ فیژە بکرێت و هەروەک دۆنالد توسکیش ڕایگەیاند ئەگەر هەیە لە ئۆکتۆبەری دابێت، بەتەواوی پێویستی فیزە بۆ هاوڵاتیانی تورکیا نەمێنێت. وە هەروەها گونتەر ئۆتینگەر کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکیدا بۆ هەفتەنامەی شپیگل ٥.٣.٢٠١٦ دەلێت( بەدڵنییایەوە ئەگەر نەخشەکە سەر بگرێت بۆ ساڵانی ٢٠١٧ لەشەش تا حەوت ملیارد زیاتری دەوێت).

فیکتۆر هوگۆ دەنوسێت (هەمو سنورێک سەر دەکێشێت بۆ شەڕ)، لەگەڵ کێشەی پەنابەراندا زۆرێک لە دەوڵەتانی ئەوروپا دوبارە سنورەکانیان دامەزراندەوە، تەلبەندی بەرز لەنیوان بولگاریا-تورکیا، هەنگاریا-سربیا، مەکەدۆنیا-یۆنان، لەکاتی هێرشەکان بۆ سەر کالاس، بەلجیکا کۆنترۆلێ سنورەکانی دەکرد نەوەک پەنابەران دزە بکەنە نێو خاکی یەوە. سویسرا بەشوێن پەیدا بونی (ئیندۆمی) دا سوپای ئامادەکردوە بۆ کۆنترۆڵکردنی باشتری سنورەکانی. زیانەکانی لەلایەنی داراییەوە تەنها کۆنترۆڵکردنی سنورەکان ساڵانە ٥ تا ١٨ ملیارد ئۆیرۆی تێدەچێت. وە لەڕووی سیاسی یەوە ئەوروپا تەنها وەک کیشوەر دەتوانێت لەبەرامبەر هێزە جیهانیەکانی وەک ئەمەریکا وچین خۆ نیشان بدات.

نائامادەیی دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ وەڵامی گونجاوی هاوبەش بە کێشەی پەنابەران، نەخشەی گواستنەوەو دابەشکردنی پەنابەرانی تا ئەمرۆ دواخست.ئەڵمانیا وەک ڕۆڵی پێشڕەوی ئەم ئالتەرناتیفە لەبەرامبەر ئەرکێکی هەرقلی دایە.

 

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ پەنابەران و ئازادیخوازان

راسیزم دیاردەیەکی شەرمهێنەرە و نامۆیە بە دنیای هاوچەرخ و کۆمەڵگای  بەریتانیا! پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *