ڕاگەیاندنی فیدراسیۆن بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.
usr_web171_1
ئازار 11, 2021
ماڵهوه
190 Views
کۆتاییهێنان بە بێ مافی و ستەمکێشی ژنان و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی لە گرەوی گۆڕینی ئەم سیستەمەدایە!ڕاگەیاندنی فیدراسیۆن بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.
٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەدژی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی ژنان، ڕۆژی خەبات و تێکۆشانە دژ بە یاساوڕێسای کۆیلەکردنی ژنان و بەگژاچوونەوەی نەریت و کەلتوری پیاوسالاری.
ژنان ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری ٨ی مارس دەڕۆن، کە هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسەوارە زیانبارەکانی بۆتە هەڕەشەیەك بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە. کەمتەرخەمی بەشێکی زۆر لە دەسەڵات و حکومەتەکانی جیهان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، کێشمەکێشی کۆمپانیاکانی دەرمانسازی لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسین، وە نەگەیشتنی ڤاکسین بە بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان، نیگەرانییەکی گەورەی لێکەوتۆتەوە، ئەمە لەپاڵ قووڵبوونەوەی قەیران و خراپی ڕۆژ بەڕۆژی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لەسەر مرۆڤایەتی جێهێشتووە، لەکارکەوتنی کارگە و پرۆژە ئابووری و بازرگانییەکان، هەڵکشانی بێکاری و هەژاری، لێگرتنەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تا ڕاوەستانی جووڵەی کۆمەڵایەتی و زیاد بوونی توندوتیژی نێوماڵ و خێزان. لەسایەی دۆخێکی ئاوادا، ژنان نەك تەنها لە هاتنی کۆرۆنادا گیرۆدەی بێکاری وبێ مافی و هەڵاواردنی زیاتر بوون، بگرە لەگەڵ داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و دایەنگەکاندا، ئیدارەدان و بەخێوکردنی مناڵیان لەئەستۆ گرتووە. ئەمە وێڕای نابەرابەری لە کرێ و کەمبوونەوەی بیمەکان و جیاکاری لە بەدەستهێنانی کار و دەیان کێشەی تر کە بەرۆکی بەژنان گرتووە، لە وڵاتانێك کە شەڕ و کێشەی تێدایە ئەوە ژنان و مناڵانن کە ڕووبەڕووی ئاوارەیی و دەربەدەری و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و ژیانی نێو کەمپەکان و پەنابەرییان بەسەردا دادەسەپێندرێت. .. پەیامی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ٨ی مارسدا پەیامێكە بەدژی ئەم هەموو زوڵم و دەستدرێژییەی کە دەکرێتەسەر ژنان ..
ژنانی کوردستان لەکاتێکدا بەرەو٨ی مارس هەنگاو هەڵدەگرن کە کۆمەڵگای کوردستان لەژێر سایەی ئەحزابی ناسیونالیستی و ئیسلامیدا دەرگیری قەیرانێكی هەمەلایەنە بۆتەوە و ئاسۆیەکیان بۆ ئیدارەکردن و وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵك و ڕزگاکردنی کۆمەڵگای کوردستان لەم بنبەستیەدا پێ نیە. نەبوونی موچە و خزمەگوزارییەکان و پشتگوێ خستنی کەرتی گشتی تەندروستی، گرانی بازاڕ و تاڵانی، هەڵکشانی تاوان و نائومێدی و ئاوارەیی، لەپاڵ بێ مافی ژنان و زوڵم و ستەم و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەیاسا کراوە و لە جێگەو ڕێگەی خوارتردا دانراون، بە هەزاران ژن لەژێر ناوی شەرەف و ناموسپەرستیدا کوژراون و لە گۆڕستانی بێ ناونیشان بەخاك سپێردراون، یاسای دینی و کهلتوری کۆنهپهرستی و پیاوسالاری، ژێردهستهیی و دەستدرێژی جنسی و به قێزهونترین شێوه ڕووبهڕووی ژنان کراوهتهوه، ئەمە سەرباری چوونەسەری ئامارهکانی توندوتیژی و ئهتك کردن و ناچارکردنیان به خۆسوتاندن و بەشودانی کچانی خوار ١٨ساڵ تا هاتنه خوارهوهی ڕێژهی زهواج و چوونهسهرهوهی ڕێژهی تەڵاق. دەستئاوەڵاکردنی مینبهری مزگهوتهکان و ئەحزابی ئیسلامی و دهزگای ڕاگهیاندنهکانیان بە زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستی و ژیانەوەی ڕووی شێخ ومەلا و سەرۆك عەشیرەتەکان، تا نمایشی سیاسی حیجابی ژنان و کچان… هەموو ئەمانە ئەجندا و ئەلگۆیەکی ناشیرینی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەیە دژ بە مافە فەردی و مەدەنییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژنان بەتایبەتی دەستی بۆبردوە و ئەمەش هۆکارێك بووە بۆ برهودان به دیاردەی ئیهانە و سوکایەتی کردن و توندوتیژی و بێ ڕێزیکردن بەرامبەر بە ژنان، ئازار و برینێکی قووڵی لە جەستەی ئەم کۆمەڵگایەدا چاندوە.
ئەم ژینگە دژی ژن بوونەی کە دەسەڵاتداران لە ناوخۆی کوردستاندا بەسەر ژناندا دایان سەپاندوە، دەستی درێژ بووە بۆ سەر ژیانی ژنانی کوردستانیش لە دەرەوە و بۆتە هۆی خوڵقاندنی تراژیدیای ئینسانی و دەیان ژن لەنێو جالیەی کوردیدا بوونەتە قوربانی. کەم نین ئاماری ئەو کلاینتانەی کە هانایان بۆ فیدراسیۆن هێناوە و لە توندوتیژی خێزانی و ژێرچەپۆکی فەرهەنگی پیاوسالاریدا سکاڵا دەکەن و بێبەشکراون لە تێکەڵاوی و داهاتی شەخسی بێ مافیکردنیان، بهتایبهت دەیان کێشەی ژنانی پەنابەر کە به ڤیزهی هاوسهرگیری هێنراون، پاشان بەپلانی پێشوەختی هاوسەرەکانیان براونەتەوە کوردستان و پاسپۆرتەکانیان لێ ڕفێنراوە و زۆرجار بە مناڵەکانیانەوە سەرگەردانکراون بێ ئەوەی یاسایەك هەبێت لە کوردستان مافەکانیان بۆ وەربگرێتەوە و له ئهنجامی یاسا دژی پهنابهرییهکانی بهریتانیا و ئهوروپا و له ئهنجامی نهبوونی هیچ بهرگرییهك له مافهکانیان تەنها و تەنها جێهێڵراون.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وهك ههمیشه له ههوڵی نهبڕاوهی خۆیدا پشتوپەنای ئهو ژنانه بووە که ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی و داوای پەنابەریان کردوە، بەردەوام لە جێنشینکردن و پێشکەشکردنی یارمەتیدان لە یاسای پەنابەری و ڕێنمایی و راوێژکاری و خزمەتگوزاری یاسایی، پشتگیری و هاوکار بووە. لە ئاکامی ههوڵهکانی ئێمەوە دەیان ژن و خێزان له مافی پهنابهری بههرەمهند بوون و چارهسهری کێشهکانیان بۆ کراوه و تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگای نوێدا.
فیدراسیۆنی سهراسهری پهنابهرانی عێراقی خۆی بە بەشێکی گرێدراو دەزانێت بە خەبات و تێکوشانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بۆ داکۆکیکردن له مافهکانی ژنان و مناڵان و کار دهکات لهپێناو ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان به ستەمکێشی ژنان و کوشتنی ژنان و نههێشتنی توندوتیژی و جیاکاری و بهدیهێنانی سهرجهم مافه مهدهنی و ئینسانییهکانیان وە بهرگری له بهها مۆدێرن و گەردوونیەکانی ژنان، بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و کۆتاییهێنان بە بێ مافی و ستەمکێشی ژنان لە گرەوەی گۆڕین و ڕیشەکێشکردن و لەگۆڕنانی ئەم سیستەمە زاڵمانەدا دەبینێتەوە.
پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان
بژی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی
فیدراسیۆنی سهراسهری پهنابهرانی عێراقی
٣/٣/٢٠٢١