بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی هاوڕێ (سالاری ئاسنگەر)مان بیست. بەم هەواڵە ناوەختە دڵتەزینە حەپەساین و دڵمان گوشرا ، ئەو مرۆڤە ماندوونەناس و چستوچالاکەی کە چاوی دڵسۆزی بە هەموانەوە بوو وە بۆ ساتێکیش ڕانەئەوەستا بۆ بەجێگەیاندنی کارێك لە پێناو مرۆڤایەتیدا.
سالاری ئاسنگەر کێوێك بوو لە بەخشینی عەزم و ئیرادە، کوڕی پاراستنی هاوڕێکانی بوو لە ساتە هەرە هەستیارەکاندا، سڵی نەدەکردوە و ئامادە بوو ژیانی ببەخشێت تا هاوڕێ و هاوسەنگەری خۆی بپاریزێت. کەمترین چالاکی لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی هەیە هاوڕێ سالاری ئاسنگەر تیا بەشداری نەکردبێت و دەستی تیا نەبووبیت، لەگەیاندنی کۆمەك وهاوکاری ودڵخۆشکردنی ژنان و منالانی ئاوارەی کەمپەکانی پەنابەران لەسلێمانی وگەرمیان وشؤێنەکانیتر. بەوەشەوە سەرەڕای دەیان کار و چالاکی ، بەشداری لە هەموو خۆپێشاندانەکانی نارەزایەتی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بۆ بەرگریکردن لەمافەکانیان تا وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو پەنابەرانەی کە لەژیانی هات نەهاتی پەنابەریدا ژیانیان لەدەستدەدا لە فرۆکەخانەی سلێمانی.دەکرد.
لەدەستدانی هاوڕێ سالاری ئازیز خەسارەت وبۆشاییەکی گەورەیە لە بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی، بەداخەوە چاوی بۆ هەمیشە لێکناو جیهێشتین. لێرەوە پەیامی هاودەردی قووڵمان بۆ خێزان ومناڵەکانی وە کەسوکارو هاورێیان و دۆستانی دەنێرین، لەم خەمە قورسەدا لە پاڵیاندا ڕادەوەستین . شانازی دەکەین هاوڕێ سالاری خۆشەیست ئەو ڕوخسارە ماندونەناسە وبەرجەستەیەی لەگەل رێکخراوەکەی ئێمە خۆبەخشانە کاریکردوە .
یادی ئەو بۆ هەمیشە لە دڵماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە
لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی