پێکەوە لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا ڕێگەبگرین لە یاسای بە شودانی کچانی ٩ساڵ!
usr_web171_1
2 حەفتە ago
ماڵهوه, هانا, هەواڵ
25 Views
هەشتی مارس رۆژی خەبات و بەرەنگاری کرێکاران و ژنانی یەکسانیخوازی جیهانە بە دژی بیمافی و ستەمکاری و جیاکاری سەرمایەداری بەرامبەر بە ژنان. هەر دەستکەوتێك کە چینی کرێکارو بزوتنەوە یەکسانیخوازیەکەی بەرامبەر بەسەرمایەداری بەدەستی هێنابێت، هاوکات لەڕووی ماف و پێگەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە دەستکەوتێك بووە بۆ ژنان.
ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا یادی ٨ی مارس دەکەینەوە کە جیهان لەنێو دەورەیەکی راگوزەر و ناڕۆشنیدا تێدەپەرێت. جەنگ و میلیتاریزمی هێزە ئیمپریالیستیەکان و هەنگاونان بەرەو دنیای فرەجەمسەری و بلۆكبەندیە ئیمپریالیستیەکان، کۆمەڵگای بەشەریان لەناو گێژاوی جەنگ و ماڵوێرانی و گرانی و بێکاری و هەژاری و بێمافیدا ڕاگرتوە. زۆرترین قوربانیهکانی ئەم دۆخە ناهەموارەش ژنان و مناڵانن. ههزاران ژن و مناڵ لەژێر داروپەردووی شارو خانوە وێرانکراوەکاندا زیندەبەچاڵ کراون. هەزارانیان دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان. ئەوە سەرای ئەوەی کە دۆخی ناهەمواری ئابوری و قەیرانە یەك لەدوای یەکەکانی بۆرژوازی، کە کۆمەڵگای بەرەو هەژاری پاڵ پێوەناوە، دیسانەوە زۆرترین قوربانیەکانی لە ژنانی کرێکار و کارمەندانی ژن بووە!
ئەگەر ئەمڕۆ لەجیهاندا لەئاکامی خهبات و تیکوشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازو یهکسانیخوازەوە بەشێك لە حکومهت و دەسەڵاتەکانی ناچارکردوە بەشێکی مافهکانی ژنان لەیاساکاندا جێگیر بکەن، ئەوا لەو کۆمەڵگایانەدا که یاسای دینی و کهلتوری کۆنهپهرستی و پیاوسالاری و نەریتە کۆنەکان رەگوڕیشەیان داکوتاوە، ستهمکێشی ژنان و بێمافی و ژیردهستەیی و پلەدوویی بە ئاشکرا ژیان و کەسایەتیی ژنانی تێكشکاندوە.
لەکوردستان و عێراق ژنان لهژێر سایهی سیستەم و دهسهڵاتدارێتی ناسیونالیستی و دینی و میلیشیاییدا بەشێوهیهکی بهردهوام ڕووبهڕووی کوشتن و توندوتیژی و ئهتکردن و گێچهڵی سێکسی و سوکایهتیکردن و ناچاركردن بهخۆسوتاندن و دهیان دەردوکێشەی دیکە بوونهتەوە، کە تازەترینیان پەسەندکردنی یاسای جەعفەریە لە پەرلەمانی عێراق لەسات و سەودایەکی قیزەوەندا کەڕێگە بەهاوسەرگیری کچانی ٩ساڵان دەدات، کە پێشیلکاریەکی ترساناکە بۆ مافەکانی مروڤ.. ئەم پڕۆژە یاسای باری کەسێتی جەعفەریە، پێشێلی دیارترین یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی ساڵی ١٩٨٩ (CRC دەکات کە لەمادەی یەکەمدا منداڵ بە کەسێکی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ پێناسە دەکات، بەوەی رێگا دەدات بە هاوسەرگیری کچانی ٩ ساڵ. هەروەها لە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان سالی ١٩٧٩ (CEDAW) لە مادەی ١٦ی ڕێککەوتننامەکەدا یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵدا دیاریکراوە، بەڵام یاسای باری کەسێتی تازەی پەرلەمانی عێراق، هەموو دەسەڵاتێک لە ژنان وەردەگرێتەوە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا و دەسەڵاتی رەها دەداتە دەست پیاو لە مەسەلەی میرات و سەرپەرشتی مناڵ و نەفەقەو …!
عێراق لە ساڵی ١٩٨٦ واژۆی سیداوی کرد، بەڵام بەهۆی ڕەخنەگرتن لە یاسا ئایینیەکان بەتەواوی پابەند نەبووە پێیەوە، هەروەها مادەی نۆزدەهەم: پاراستنی منداڵ لە هەموو جۆرەکانی دەستدرێژی و بەکارهێنان دیاری دەکات و هاوسەرگیری پێشوەختە جۆرێکە لە بەکارهێنانی سێکسی بۆ منداڵان. لە مادەی٢٤دا هاتووە: پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵانی تێدایە، هەروەها هاوسەرگیری پێشوەختە دەبێتە هۆی زیانی جەستەیی و دەروونی گەورە بۆ کچان. عێراق لە ساڵی ١٩٩٤ ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانی پەسەند کرد، بەڵام یاسای جەعفەری پێچەوانەی پرەنسیپەکانە. وە هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨ (UDHR) – لە مادەی ١٦دا: باس لەوە دەکات کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە ڕەزامەندی تەواوی خۆی و بەبێ زۆرەملێ هاوسەرگیری بکات، بەڵام یاسا نوێیەکە ڕێگە بە باوک یان سەرپەرشتیاری کچەکە دەدات بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەم مادەیە.. ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجەدان ١٩٨٤ (CAT) – لە مادەی یەکەمدا ئەشکەنجەدان بە هەر کارێک پێناسە دەکرێت کە دەبێتە هۆی ئازار یان ئازاری زۆر، چ جەستەیی بێت یان دەروونی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری منداڵ دەتوانرێت بە جۆرێك لە ئەشکەنجەدان هەژمار بکرێت، بەوپێیەی لە ئەنجامدا زیانێکی جەستەیی و دەروونی هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە. عێراق لە ساڵی ٢٠١١ پەیماننامەی دژ بە ئەشکەنجەی پەسەند کرد، واتە هەر یاسایەکی ناوخۆ کە ڕێگە بەو جۆرە پێشێلکاریانە بدات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاساییە.
ئیمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا بەتوندی ئیدانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ١٩٥٩ کە رێگە بە هاوسەرگیری کچانی ٩ساڵان دەدات. ئەم یاسایە هێرشێکی راستەخۆیە بۆ سەرمافەکانی ژنانو پاراستنی منداڵانو مافەکانی مرۆڤ. ئەم بڕیارە پاشەکشەیەکی ترسناکە جەرگبڕە لەمافەکانی ژنان و پێشێلکردنی بنەماکانی پاراستنی منداڵ و پەکخستنی پێشەکەوتنی یاسایی و کۆمەڵایەتیە لە عێراق.. ئەم هەموارکردنەوەیە بەدامەزراوەییکردنی هاوسەرگیری منداڵانە نەك تەنها پشتگیری لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ بەڵکو هێرشێکی راستەخۆیە بۆسەر جەستە و دەروونی کچانی مناڵ، جگە لە چەندین بەندی تری یاساکە کەمافەکانی ژنان لەنێو هاوسەرگیریدا تێکدەدات و لەوانە پرسەکانی جیابوونەوەو پاراستن… ئەم جۆرە یاسایە پاشەکشیەکی مەترسیدارە کەژنانو منداڵان بەرەوڕووی توندوتیژی و بەکارهێنان دەکاتەوە و لێکەوتەکانی بەدرێژای تەمەنیان بەردەوام دەبێت.، پێویستە هاودەنگی جیهانی لەدژی ئەم هەنگاوە نیشانبدرێت. داوا بکرێت کە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق دەبێ دەستبەجی هەڵبوەشێتەوە. پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنان و منداڵان، هانبدەن تا فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق و پەرلەمانەکەی کە ئەم یاسا دژە ئینسانی و ترسناکە هەڵبوەشێننەوە.
فیدراسیۆن لهپێناو ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی بەدژی ئەم یاسایە، داوا دەکات هەوڵێکی چڕوپڕی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ژنان و رێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافەکانی منداڵان و ژنان بەڕێبخرێت و بەشێوازی گونجاوی خۆیان فشاربخەنە سەر حکومەت و پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە قێزەونەی هاوسەرگیری منداڵان و بە کۆیلەکردنی ژنان!
بژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٤/٠٢/٢٠٢٥