هەڵوەشاندنەوەی پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا. دەستکەوتی ڕاوەستانی بەرەی ئازادیخوازە!
usr_web171_1
تهمموز 7, 2024
ڕاگەیاندن, ماڵهوه, هەواڵ
1,148 Views
سەرئەنجام پاش دەورەیەك لەهەوڵ و تێکۆشانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی و ڕێکخراوەکانی لایەنگر لەمافەکانی پەنابەران و پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی بەریتانیا و پەیوەستکردنی پارتی کرێکاران بەخواستی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا دۆێنێ ٦ی جوڵای لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەگەریدا ستارمەر سەرۆك وەزیرانی براوەی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند ” پلانی ڕواندا مرد وناشتیان..” .هەروەها لە میانەی چالاکییەکانی هەڵبژاردنەکانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر پارتەکەی سەرکەوت، ئەوا دەستبەرداری پلانی ڕواندا دەبێت و لەبری ئەوە دەسەڵات و دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کەناڵی ئینگلیزدا.
جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی پەنابەران مشتومڕێکی گەرمی کەمپەینی هەڵبژاردنی بەریتانیا بوو کە لەلایەن هەردوو پارتی پاریزگاران و پارتی کرێکارانەوە بەدەستەوە گیرابوو، ئەوەی پارتی کرێکارانی خستبووە ژێر گوشارەوە دەنگی ناڕازی بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی یەکێتی کرێکاریەکان بوو لەسەر دۆسیەیی پەنابەران و کۆچبەران کە لەماوەی ١٤ساڵ حکومداری پارتی پاریزگاراندا دۆسیەیی پەنابەران و یاسا دژی پەنابەریەکانی هەموو سنورو پێوانەیەکی نێونەتەوەیی لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە تێپەڕاندبوو و بوو بەجێگای سەرزەنشتی ڕای گشتی. ئەوەی پارتی کرێکارانی گەیاندە راگرتنی پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ئەو ڕێکەوتنامەیەی لەنێوان حکومەتی بەریتانیاو وڵاتی رواندا هەڵبوەشێنێتەوە یەکەمین هەنگاوێکە بەرهەمی بەرەنگاری و هەوڵەکانی فیدراسیۆن و رێکخراوەکانی داکۆکیکار و ئازادیخوازانە، بەڵام جێبەجێکردنی هەموو داواکاری و خواستەکانمان نیە، داخستنی دەستبەجێی گرتووخانە دەستبەسەرەکانی پەنابەران و راگرتنی سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، بەرەسمیەت ناسینی مافی کارکردن، دانی پەنابەری بەهەموو ئەوانە لەدەست جەنگ و نائارامی هەڵهاتوون و داوای مافی پەنابەریانکردوە، هەڵگرتنی هەموو بەربەستەکان لە گەیشتنی پەنابەران بە سەلامەتی کە رووبەڕووی کارەساتی نەخوازراو نەبنەوە و و مافی هاوڵاتی یەکسان و کۆتایی بەجیاکاری هەلاواردنو ئازادی هاتووچوو … داواکاریەکانمانە.
نابێت هیچ خۆشخەیاڵیەکمان بە پارتی کرێکاران و حکومەتەکەی کییەر ستارمەرهەبێت بە تایبەتی سیاسەتی جیاکاری و راگرتنی پەنابەران لە گرتووخانە دەستبەسەرەکان، دابەشکردنی پەنابەران بەسەر شارەکان بەدور لەخواستی خۆیان، واژوکردنی رێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەرانی لێوەهەڵدێن تا بەزۆرەملێ دیپۆرتیان بکەنەوە … تا سیاسەتی جەنگخوازی و میلیتاریزم و راوەستان لەپاڵ بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران.. کارنامەی چەندین ساڵەی پارتی کرێکاران و باڵی ڕاستی پارتی کرێکاران و کییەر ستارمەرو تونی بلێرو دیڤید بلانکیت و هاوکارانی بووە.. بەتایبەتیش بەرامبەر بە مافەکانی پەنابەران و هیچ گۆڕانکاریەکی جدی و بنەڕەتی رووینەداوە، پارتی پارێزەران و پارتی کرێکاران هەریەکەیان درێژەپێدەری سیاسەتی ئەویترە، ئەوەش کە جێگایی ئومیدی گۆڕانکاری و ریشەی بێنێتە ئاراوە لە بوونی هێزێکی رادیکاڵ و بەهێزدایە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نوێنەرایەتی ئاسۆیەکی ئینسانی بکات، هێزێك کە بتوانێت بەخێرایی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو هاوکێشەکان بگوڕێت بزووتنەوەیەك کە توانای داخستن و بەربەستی هەبێت بەرامبەر بە سیاسەتی راستڕەوانەی ئەم پارتانە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی وەك هەمیشە لە سەنگەری داکۆکیکردن لەمافەکانی پەنابەران و بەردەوام تیدەکۆشێت، خواستی بەفەرمی ناسینی مافی مانەوەو جێکەوتنی پەنابەران لە کۆمەڵگای بەریتانیا، داخستنی سەرجەم گرتووخانە دەستبەسەرەکانی پەنابەران، دابینکردنی شۆێنی شیاو بۆ پەنابەران، دانی مافی کارکردن و راوەستانەوە بە دژی سیاسەتی هەڵواردن و جیاکاریی و بەدیهێنانی مافی هاوڵاتی یەکسان لیبڕاوانە بەردەوام دەبێت و پەنابەران بانگەواز دەکات بۆ توندکردنەوە گوشارەکانمان لەسەر حکومەتی نوێی بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکاریانە و دڵنیاین ئێمە لەم هەوڵ و تێکوشانەمان تەنها نین، بەرەی ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران پشتوپەنامانن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی- بێمەرز
٧/٧/٢٠٢٤