نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌رێز سه‌رۆکی لیژنه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا دۆنالد تۆسک نۆینه‌رانی حکومه‌ته‌کانی ئه‌ندام له‌یه‌کێتی ئه‌وروپا

 

پاش سڵاو…

لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێشوتاندا، لەپەیوەند بەقەیرانی پەنابەران، وا بڕیارە ١٧ و ١٨ ئەم مانگە کۆبونەوەیەکی تر لەبرۆکسل بەرێوەبچێت. بۆ بەرگرتن بەشەپۆلی ڕاکردنی هەزاران ئینسان لەژن و مناڵ و خەڵکی بێدەرەتان، کە ڕاستەوخۆ قوربانی دەستی ملهوری جەنگی بەوەکالەتی وڵاتانی زلهێزو ناوچەکەو باندە ئینسانکوژە تیرۆریستەکانی دەست پەروەردەکروای خۆیانن… ئەو ئینسانانە بۆیە ڕادەکەن و شوێنی ژیان وکارو یادەوەریان جێدەهێڵن، چونکە دۆزەخی ئاگری جەنگێکی بەربەریانە، هیچ بوارێکی بۆ ژیانکردن و زیندومانەوەیان نەهێشتۆتەوە، بۆیە لە ناچاریدا ڕادەکەن و سڵ لەکیڵگەکانی ئەڵغام و شەپۆڵی ژیان رفێنی ده‌ریاکان و جەنگەڵەکان و بارهەڵگرە هەوابرەکانیش ناکەنەوە… هه‌روه‌ها سپاردنی ژیان وچاره‌نوسی ئه‌و قوربانیانه‌ به‌حکومه‌تێکی دیکتاتۆر و دڵڕه‌قی وه‌ک ئوردوگان و حکومه‌ته‌که‌ی، هێندە هەنگاوێکی نائینسانی و شەرماوەرە کە حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا ده‌خاته‌ به‌ربه‌رسیارێتی گه‌وره‌ وپه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش بۆ مێژووی ئه‌وروپای دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی تۆمارده‌کات .

تورکیا کە ناتوانێت وڵاتێکی ئارام بێت بۆ هاوڵاتیانی خۆی، بۆ نەیارانی سیاسی، بۆ چالاکوانانی مەدەنی، بۆ رۆژنامەنووسان، چۆن دەتوانرێت چارەنوسی پەنابەرانی پێبسپێردرێت؟ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ڕۆژانە حکومه‌ته‌که‌ی ئوردوگان دەینێت و خۆشتان لێی بێ ئاگانین، زۆرتر له‌حکومه‌تێکی ئیسلامی سه‌رکوتگه‌ر نزیک ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌وڵه‌تیکی په‌یڕه‌ویکار و ڕێزگر له‌مافه‌کانی مرۆڤ ودیموکراسی. په‌نابردنی حکومه‌ته‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا بۆ تورکیا و چاوپۆشین له‌هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئوردوگان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی بی تاوانی کوردستان و هه‌ڵسوراوانی سیاسی ئه‌نجامی ئه‌دا له‌ لایه‌ک و کۆمه‌کی لوجستیکی وعه‌مه‌لی توند ڕه‌وه‌کانی وه‌ک‌ ره‌وتی ئینسانکوژی داعش و به‌ره‌ی نه‌سره‌، ئێوه‌ ده‌کاته‌ لایه‌نێکی به‌شدار و مه‌ترسی یه‌جگار گه‌وره‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ده‌رگایی یه‌کێتی ئه‌وروپا.

په‌نابه‌ران وه‌ک هه‌میشه‌ ده‌توانن له‌پیشکه‌وتن و ته‌ندروستی و ئابووری یه‌کیتی ئه‌وروپادا نه‌خش وجێگاو ڕێگای گونجاویان ببێت.هه‌ڵگرتنی سنوره‌کانی نێوان یه‌کیتی ئه‌وروپا ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زنی یه‌کێتی ئه‌وروپا بووه. دامه‌زراندنی ته‌لبه‌ندی به‌رزو داخستنی سنوره‌کان‌ به سیمی دڕکاویی وکۆماندوی هێزه‌کانی حکومه‌ته‌کانی نێو یه‌کێتی ئه‌وروپا وه‌ خه‌رجکردنی ده‌یانملیارد یۆرۆ نەک خزمه‌تیک نیه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا، هاوکات ناتوانێ ڕێگەچارەیەک بێت بۆ بەرگرتن بە شەپۆلی ئەو ئینسانانەی بەدوای سەرپەنایەکی ئارامدا دەگەرێن بۆ ژیانکردن. ئەگەر ئه‌و چەند ملیار یۆرۆیانه‌ خه‌رجی نیشته‌جێکردن و هاوکاری ئەو قوربانیانەی پێ‌بکرێت، دەتوانێت ڕێگایەکی کارسازبێت، بۆ گێرانەوەی ئیرادەو ژیان کردن بۆ ئەو ئاوارانە، نەک رێگە لێگرتن و چونە ناو مامەڵە لەگەڵ رژێمێکی وەکو تورکیای فاشست و ئینسانکوژ و هاوکاری داعش و ڕەوتە ئیسلامیە چنگ بەخوێنەکان…

به‌ڕیزان!

هه‌موو لایه‌کتان ئه‌و ڕاستیه‌ زۆر باش ده‌رک پێده‌که‌ن که‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ کە زۆربه‌یان خەڵکی سوریاوئەفغانستان وعێراق ولیبیاو ئه‌فریقان.. ڕاسته‌خۆ قوربانی سیاسەتی فریوکاری جه‌نگێکن که‌ “داعش و سوریا ” کراوه‌ته‌ به‌هانه‌یه‌کی فریوکاریانه‌ی شه‌ر له‌ دژی تیرۆریزم، له‌ کاتێکدا ئه‌و جه‌نگانه‌ بۆ ئارایشدانه‌وه‌ی جاریکی تری جیهان و هیزه‌ ئه‌مریالیستیه‌کانی وه‌ک ئه‌مریکاو روسیاو‌ هاوسه‌نگی هیزو ده‌سه‌ڵاتیانه‌ له‌وناوچانه‌دا. سیستەمێک کەلەم ولاتانەدا بەڕێخراوە نەک هیچ بەرپرسیاریتیەک بەرامبەر بە ژیانی هاولاتیانی ژێر دەستیان نیشاننادەن بگرە کۆمەڵگایان ڕاپێچی دۆزەخێك لەکێشمەکێش و شەڕی دەستەو تاقمی میلیشایی ومەزهەبی وقەومی وهێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانی وەک داعش کردووە. ئەو کۆمەڵگایانە لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە، تا هاتووە نائەمن تر و نائارامتر کراوە کە کەمترین دەرفەتی بۆ ژیانکردن تیا نەهیشتۆتەوە. ئەمانە هەمووی بەرهەمی سیاسەتو کارکردی دژی ئینسانی ئەو ئەحزابو ودەسەڵاتانەیە کەکراونەتە حاکم  و به‌رپرس له و‌ کۆمەڵگایاندا. وە به‌ ناچار خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ ڕێگا چاره‌یه‌کی دیکه‌یان نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕوو له‌ ئه‌وروپا بکه‌ن و بەدوای شوێنێکی ئارامدا وێڵ بن.

گه‌ر حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت به‌رانبه‌ر بە قه‌یرانی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌لامێکی کار‌سازیان هه‌بێت و ده‌ستپیشخه‌ربن، ته‌نها رێگا چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستبخریته‌ سه‌ر ڕیشه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی قه‌یرانی په‌نابه‌ران و کۆچبه‌رانی به‌رهه‌مهێناوه‌‌. ڕێگاگرتنی بەزۆر و سنور لێدان و دیوار دروستکرن و بەرینکرنەوەی سیمی دڕکاوی و بڵاوەپێکردنی پۆلیس و هێزی سەربازی و دەریایی،‌ نه‌ک ناتوانێت به‌ر به‌هاتنی په‌نابه‌ران بگرێت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، بگره‌ قه‌یرانه‌که‌ قوڵتر ده‌کاته‌وه.‌ چۆن سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێگا چارانه‌ی پێشو تراجیدیایی مه‌رگی ده‌ریایی په‌نابه‌رانی ڕوو له‌ هەڵکشانکرد وئێستاش به‌ په‌یڕه‌وی له‌ سیاسه‌ت به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران نه‌ک به‌ر به‌هاتنی په‌نابه‌ران ناگرێت، به‌ڵکو تۆڕی بانده‌کانی قاچاغچێتی به‌ گیانی ئینسانه‌کانه‌وه‌ بۆ گوێزانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران به‌رفراوانتر ده‌کات به‌ تایبه‌تی ئه‌م جاره‌ به‌ دارستانه‌ چڕه‌کاندا ئەمەش بەنرخی گەورە لەسەر ژیانی پەنابەران تەواو دەبێت کە بزووتنەوەی ئازایخوازیو ئینسان دۆستی لە وڵاتەکانی خۆشتاندا ناتوانن بێدەنگ بن لە پیادەکردنی ئەو جۆرە لەسیاسەتو مامەڵە بە ژیانی ئینسانەکان ومافەکانیانەوە.

هه‌ربۆیه ئێمه‌ له‌فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانێ عێراقی له‌ سونگه‌ی به‌رپرسیارێتیمانه‌وه‌ ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاڕاسته‌ ده‌که‌ین داواتان لێ ده‌که‌ین به‌رپرسیارێتی خۆتان نیشان بده‌ن وهه‌یبه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا ویاساو پێوانه‌ ئینسانیه‌کان هیچی تر پاشەکشە پێ مەکەن، ئێمە داواکارین:

١/ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌سیاسه‌تی جه‌نگخوازی و ده‌خاله‌ت له‌ بردنه‌ پیشه‌وه‌ی نه‌خشه‌و سترایژێکی کۆنه‌په‌رستانه‌و ئیمپریالیستی له‌ ناوچه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باکوری ئه‌فریقا. ئیدانەکردن و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی ده‌خاڵه‌تی سه‌ربازی و میلیتاریزمی ئه‌مریکاو غه‌رب له‌لایه‌ک وروسیا و حکومه‌ت و ئه‌و هێزو ده‌سه‌لاتانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش بوون.   هەروەها پێویستە ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و غه‌رب ‌‌‌ده‌ستهه‌ڵگرن‌ له‌سیاسه‌تی ده‌خاله‌ت و پشتیوانی  له‌ده‌سته‌وتاقم و حکومه‌ته‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان که‌خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یان له‌گه‌ڵ جه‌نگ و پشێوی کۆمه‌ڵایه‌تی و نائارامی و برسێتی به‌ره‌و رووکردۆته‌وه‌و دیارده‌ی په‌نابه‌ری به‌رهه‌مهێناوه‌.

٢/حکومه‌تی تورکیا نه‌ک هه‌ر نابێت مەرجی قبوڵکردنی به‌زۆرناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی به‌سه‌ردا داسه‌پێنرێت، به‌ڵکو پیویسته‌ خۆیان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵبکرێت به‌رانبه‌ر به‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵکی کوردستان وهه‌ڵسوڕاوانی سیاسی وه‌ ئه‌و کۆمه‌کانه‌ی که‌ به‌ توندڕه‌وه‌کانی وه‌ک داعشو نه‌سره‌یان له‌سوریا کردوه‌.

٣/ سنورەکان بەرووی قوربانیه‌کانی جه‌نگاو نائارامی بخه‌نه‌ سه‌رپشت تا لە مەترسی وکاره‌ساتی مەرگ ڕزگاریان بێت وه‌ ئەرکی حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا کە به‌ یه‌کسان ئه‌وپه‌نابه‌رانه‌ له‌نێو خۆیاندا به‌شبکه‌ن.. وه‌ له‌دەستدریژی نەژاد پەرستانە وفاشیستانە بیانپارێزێت.

٤/ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران له‌و وولاتانه‌ی له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ جه‌نگ و کێشمه‌کێشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌وڕوون، چالاکبکرێن بۆ به‌هاناوه‌ چوونی ئاواره‌کان وپه‌نابه‌ران وله‌وڕێگایه‌وه‌ حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا ناچار بکرێن بۆ داننان به‌ مافه‌کانی په‌نابه‌ران وهاوکاری ئاواره‌کان..

٥/ هەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی ته‌ندروستیی وخۆراک و پۆشاک وشۆینی نیشته‌جی بونی گونجاو و سه‌لامه‌تی ژیانیان. بۆ هەموو ئەو ئاوارەو و بێخانەولانانەی بە بۆنەی جەنگی داعش و هێزه‌ میلیشایاکان وقاعیده‌وه‌.. لەشۆین و ژیانی خۆیان هەڵکەنراون بە جیا لە دین و ڕەگەزیان، له‌ ڕێگای رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ورێکخراوه‌ په‌نابه‌ریه‌کانه‌وه‌.

٦/ دابینکردنی ئیمکانات و پێداویستی گونجاو به‌ شێوه‌یه‌کی پلاندارێژراوو به‌ مه‌به‌ستی هه‌رچی زووتر جێکه‌وتنی په‌نابه‌ر وکۆچبه‌ران له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی هانای بۆ ده‌به‌ن و به‌هره‌مه‌ند بوونیان له‌ هه‌موو پێداویستیه‌کی فه‌ردی و کۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری به‌شیوه‌یه‌کی یه‌کسان .

٧/ پشتیوانیکردن له‌و بزوتنەوەو رێکخراو وکۆمه‌ڵانه‌ی کار بۆ ‌دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی سکولار وئازایخوازه ده‌که‌ن له وڵاتەکانی‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقادا.

پێشویسته‌ حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا بە یەکسانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەم خواست و داواکاریانە نیشان بدەن.

ده‌شتی جه‌مال

سکرتێری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی

14/3/2016

 

 

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ پەنابەران و ئازادیخوازان

راسیزم دیاردەیەکی شەرمهێنەرە و نامۆیە بە دنیای هاوچەرخ و کۆمەڵگای  بەریتانیا! پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *