ئێوە کە دژ بە کۆمەڵکوژی یەزیدیەکانن،
بەرامبەر بە هێزە خوێنخۆرەکانی داعش ئەوەستنەوە،
ناتانەوێ فاشیزم وڕەگەزپەرستی ژیانی خەڵک تێکبدا،
ئێوە کە خەمبارو دڵگرانن بە بینینی فرمێسکی دایک و باوکانێک کە ڕۆڵەکانیان لە دەستداوە، یان کچەکانیان لە بازاڕی هەڕاجی داعشدا فرۆشراون،
هەموو ئێوە کە خەمی کارەساتێکتانە کە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردستان و عێراقی گرتووە،
وەرن
لەگەڵمان دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبرن!
بەشداری لە کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی ئێمەدا بکەن.
بەشداری و ئامادەبوونی ئێوە نیشاندانی هاوپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی یەزیدی و تەواوی قوربانیانی دەستی دڕندەیەتی و چەتەگەریی گروپی داعشە و هاوکاتیش دەرخستنی ڕقی ئێوە و بەڕەنگاربوونەوەی ئێوە لە دژی ئەو گروپە ئینسانخۆرە و هەڵومەرجێکی خوێناوی کە خوڵقاندوویانە!
ڕۆژی هەینی:٢٢-٨-٢٠١٤
کاتژمێر:٦ تا ٨ئێوارە
شۆین بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داونیین ستریت
لەگەڵماندا پشتیوانی لەم داواکاریانە بکەن:
-
هەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی هەموو ئەوانەی کە ئاوارە و بێخانەولانە بوون بە هۆی جەنگێکەوە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، بە جیا لە دین و ڕەگەزیان. هاوکاتیش یەزیدیەکان ئەبێ ڕزگار بکرێن.
-
ئەو ووڵاتانەی کە هاوکاری داعشیان کردووە، نەک هەر ئەبێ سەرکۆنە بکرێن بگرە ئەبێ بەرپرس بکرێن بۆ ئەو هاوکاریە سەربازی و داراییەی کە پێشکەش بە داعشیان کردووە.
-
ئەو حزبە سیاسیانەی کە لەو بارودۆخەوە گلاون کەوتوونەتە هەڵخڕاندنی هەستی ڕەگەزپەرستی و تایفی، عەرەب لە دژی کورد و بە پێچەوانەوە وە سوننی لە دژی شیعە و بە پێچەوانەوە. ئەم سیاسەتەش بۆتە مایەی کارەسات و هەڵومەرجێکی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانە لە عێراق و کوردستاندا. پێویستە فشار بخرێتە سەر پارتە سیاسیەکان بۆ کۆتایی هێنان بەو سیاسەتە.
-
هەرجۆرە هەڵسوڕان و چالاکیەک لەلایەن لایەنگرانی داعشەوە لە ئەوروپا ئەبێ قەدەغە بکرێ. ئەوەی ئەوان پیادەی ئەکەن بەشێک نییە لە ئازادی بیروڕا و ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی، بگرە بانگەشەیە بۆ چاندنی ڕق و کوشتار. بۆیە ئەبێ وەک نازیەکان تەماشا بکرێن. لە لایەکی تریشەوە، دەرکەوتنی ئەوان بارودۆخ ئەخوڵقێنێ بۆ سەر بەرزکردنەوەی گروپ و مەیلە ڕاسیست و ڕەگەزپەرستەکان لە ئەوروپادا لە دژی هەر هاوڵاتیەکی غەیرە ئەوروپی یان ئەوانەی کە بە ناو لە ووڵاتە ئیسلامیەکانەوە هاتوون. ئەمەش پشێویەک ئەنێتەوە کە ئەوروپا نیەتیەتی خۆی لێ لابدات.