لەوەڵامی نامه‌کراوه‌کەی سکرتێری فیدراسیۆندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئاسانکاری و هاوکاری دەکات بۆ گێڕانەوەی تەرمی قوربانیەکان

لەنامەیەکی کراوەی دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی کە لە بەرواری ١٥/١/٢٠٢٠ ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی کردوەو داوی کردوە بەهاناوەچوونی خێرای ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی کوردستان کە لەدەریایی نێوان یۆنان و ئیتالیادا ژیانیان لەدەستداوە بگرنەبەر. ئەمڕۆ وتە بێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (جوتیار عادل) وە رایگەیاندوە کە ” دەزگاکانی حکومەت راسپێردراوە کە هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکەن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان.” هەر ئەمڕۆش نۆێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلەندەن (کاراون جەمال تاهیر)  لە پەیوەندیەکی تەلەفونی لەگەڵ سکرتێری فیدراسیۆندا دەقی ئەو هاوکاریەیی پشت ڕاستکردەوە.

لەم ڕووەوە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەگەڵ ئەوەدا هاوخەمی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکان دەردەبڕێ، هاوکات داوا لەسەرجەم کەسوکاری قوربانیەکان و ئەوانەی بێ سەروشوێنن دەکات کە نۆێنەری خۆیان هەڵبژێرن و بە نوێنەرایەتی کەسوکاری هەموو ئەوانەی کە یەختەکەیان لەنێوان دەریایی یۆنان و ئیتالیا نقوم بووە، سەردانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بکەن و داخوازیەکانی خۆیان بخەنە بەردەم بەرپرسانی حکومەتی هەرێم تاوەک ئەوەی ڕایانگەیاندووە و بەڵێنیان داوە کارئاسایی بکەن بۆ گێڕانەوەی دەستبەجێی تەرمی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمی کوردستان وهەروەها ڕێگەی گونجاو بۆ بەدواداچوونی بێ سەروشوێنەکان بگرنەبەر و ئیتر ڕیگا نەدەن بە هەر کەسولایەنێک کە مزایەدە بە خوێنی قوربانیەکانەوە بکات.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وەک هەمیشە لەسەنگەری داکۆکی لەمافەکانی پەنابەراندا رادەوەستێ و بەتەواوی توانایەوە ئامادەی  پێشکەشکردنی هەرجۆرە هاوکاریەکە بەکەسوکاری قوربانیەکان بۆ دەرچون لەم میحنەتە..

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی
 عێراقی
١٧/١/٢٠٢٠
هاوپێچ نامەی فیدراسیۆن و راگەیاندنی ووتە بیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
 بەهاناوەچوونی خێرای ژمارەیەک لە هاولاتیانی کوردستان کە لە دەریایی نیوان یۆنان و ئیتالیادا ژیانیان لەدەستداوە، ئەرکی سەرشانی ئێوە وحکومەتەکەتانە.
هەروەک هەواڵەکانی ڕۆژی ١١/١/٢٠٢٠ ئاشکرایانکردووە، ئەمجارە دورگەی پاکسۆسی یۆنان شوێنگەی مەرگەساتێکی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستانە، ئەویش بەوهۆیەوە کەیەختەکەیان لە نێوان دەریایی یۆنان و ئیتالیادا تێکدەشکێ ولەئاکامدا زیاتر لە ٥٠ سەرنشین ڕووبەرووی تیا چوون ومەرگی بەکۆمەڵ دەبنەوە وسەرەنجام ١٢پەنابەر لەوانە کە زۆر بەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن، ژیان لەدەست دەدەن و ٢١ کەسی تریان لەو رووداوە رزگار دەکرێن.
بێگومان ئەو ئینسانانەی کە لەم ڕووداوە تراژیدیایەدا، گیرۆدەی مەرگ وناهەمواریەکی گەورەبوونەتەوە، هاوڵاتیانێکی کوردستانن کە لە ژێر سایەی حوکمەتەکەی ئێوەدا وبەهۆی نالەباری دۆخی ژیان و گوزەرانیانەوە ناچاربوون ئەم ڕێگای مەرگەساتە بگرنەبەر  وئێستاش پێویستیان بەوپەڕی هاوکاری وبەهاناوەچونی خێراهەیە تالەم میحنەتە ڕزگار بکرێن. بۆیە ئێمە لە فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقیەوە جارێکی دیکە له‌ سونگه‌ی به‌رپرسیارێتیەوە داوتان لی دەکات بەرپرسیاریتی خۆتان نیشان بدەن لەئاست ئەم جۆرە کارەستانەوەو لەڕێگای دامو دەزگاو بەڕیوەبەرایەتیە پەیوەنیدارەکانەوە بەهانای خێراو دەستبەجێی قوربانیانی ئەم کارەساتەوەبن ئەویش بەوەی:
١/ سەبارەت بەدۆزینەوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو هاولاتیانەی کەقوربانی روداوەکەن دەستبەکاربن تا لانیکەم نیگەرانی ونارەحەتی و کاردانەوەی کەسوکاریان برەوێتەوە.
٢/ داواتان لێ دەکەین لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی یۆنان بە فەوری پەیوەنی بگرن و وگێرانەوەی دەست بەجی تەرمی ئەو هاولاتیانەی هەرێمی کوردستان کە ناسنامەی ژیانی پەنابەریان بە بەرۆکدا داسەپاوەو تەرمەکانیان بەگەیەننەوە نێو ئامیزی کەسوکاریان وهەروەها ئەوانەی بێ سەروشۆێنن بەدواداچونیان بۆ بکرێت.
٣/ لانی کەمی فریاگوزاری مادی ومەعنەوی پێویستیان پێبدرێ تا لەم کارەساتەدا، بارقورسی سەرشانیان کەم بێتەوە.
 ئێمه‌وەک فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی هه‌ر له‌ڕێی ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین کەبەتەواوی توانامانەوە ئامادەی  هەرجۆرە هاوکاریەکی پێویستین چ لە خستنە ڕووی زانیاری وڕێنوێنیەوە بۆ ناسینەوەی قوربانیەکان وچ لە گێرانەوەی تەرمەکاندا..
چاوەروانی وەڵامی شایستەتانین.
ده‌شتی جه‌مال
سکرتێری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی
١٥/١/٢٠٢٠
لێدوانێک لە گوتەبێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە

لە چه‌ند رۆژی رابردوودا، به‌هۆی نقوومبوونی به‌له‌مێك له‌ نێوان تورکیا و یۆنان، بەداخەوە ژماره‌یه‌ك كه‌س بوونه‌ قوربانی، كه هه‌ندێك هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدابوو.
رێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، وێرای ده‌ربڕینی هاوخەمی خۆی له‌گەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان، دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد کە هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکەن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان.

جوتیار عادل
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
٢٠٢٠/١/١٦

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ پەنابەران و ئازادیخوازان

راسیزم دیاردەیەکی شەرمهێنەرە و نامۆیە بە دنیای هاوچەرخ و کۆمەڵگای  بەریتانیا! پەیامێك لەدەشتی جەمالەوە بۆ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *