دژ بەسیاسەتی جیاکاری و پشتگۆێخستنی کەیسی پەنابەرانی عێراقی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕین!
usr_web171_1
حوزهیران 30, 2023
ڕاگەیاندن, ماڵهوه
288 Views
لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا:
دژ بەسیاسەتی جیاکاری و پشتگۆێخستنی کەیسی پەنابەرانی عێراقی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕین!
ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢٠ی حوزیرانی ٢٠٢٣ رۆژی جیهانی پەنابەران کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دیاریکراوە، بەم بۆنەیەوە فیدراسیۆن، بهرهی ئازادیخواز و مهدهنیهتی کۆمهڵگە و دونیای شارستانیهت و مرۆڤدۆست و هێزی ملیۆنی چهپ و کرێکارو تەواوی ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی پەنابەران و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆست و پێشکەوتنخوازەکان بانگەوازدەکات بەرامبەر بەسیاسەتی جیاکاری و راگرتتنی کەیسی هەزاران پەنابەر لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە وڵاتانی تورکیا، لوبنان، ئەردەن، میسرو سوریا کە لەدۆخێکی تا ئەوپەڕی نامرۆڤانە ژیان بەسەر دەبەن، بێنە دەنگ و ئەوان بەرپرسیار بکەن لەو هەلومەرجە سەختەی پەنابەران و ناچارکردنی پەنابەران بە هەڵبژاردنی ڕێگەی پڕ مەترسی خولقاندنی تراژیدیایی ناخهەژین کە ڕووبەڕووی پەنابەران دەبێتەوە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ژمارەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان وعێراق کە ساڵی پار ئاشکرایکرد ئەوانەی کە خۆیان ناونوسکردوەو داوای مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتیان کردوە لە هەریەك لە وڵاتانی تورکیا، لوبنان، میسر، ئوردن و سوریا بریتیە لە٢٧٦،٠٠٠ دووسەدوو حەفتاو شەش هەزار پەنابەر کە ئەم ژمارەیە ڕۆژانە ڕوو لەزیادبوونە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە لەو ژمارەیە ٣٨،٠٠٠ سی و هەشت هەزار پەنابەریان پێویستیان بە ڕەوانەکردنە بۆ وڵاتانی سێیەم هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیاش لە کۆی ٣٣٠،٠٠٠ سێ سەدوو سی هەزار پەنابەر کە داوای مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتیان کردووە لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆ کاروباری پەنابەران لەتورکیا زیاتر لە ١٤٧،٠٠٠ سەدوو چڵ و حەوت هەزار پەنابەریان، پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەڵام بەداخەوە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران زیاتر لە پێنچ ساڵە کەیسی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقی بەرێژەی لە ٩٩% پشتگوێ خستووەو کار لەسەر کەیسەکانیان ناکەن وە پڕۆسەی ڕەوانەکردنیانی بۆ وڵاتانی سێیەم ڕاگرتووە. لە تورکیا کە زۆرترین ڕێژەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقی لێیە کە کەمترینیان زیاتر لە پێنچ ساڵە لەچاوەڕوانیدان. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە کۆی زیاتر لە ١٤٧،٠٠٠ سەدوو چڵ و حەوت هەزار پەنابەر تەنها ٥١١ پێنچ سەدو یانزە پەنابەر ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم کراون ئەم ساڵیش لەڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٣ تاوەکو ڕێکەوتی ٦/٦/٢٠٢٣ تەنها ٣٠ سی پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم کراون.
ئەم ئامارەی سەرەوە ئاماژەیەکی تەواوە بە سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری و پشتگوێ خستنی کەیسی پەنابەرانی عێراقی کە ڕێکخراوی ناوبراوە پەیڕەوی لێدەکات و بۆتە هۆکارێك کە بەوهۆیەوە سەدان خێزان بەهۆی چاوەڕوانی زۆرو سەختی ژیان و گوزەرانیان لێك هەڵوەشاونەتەوە. بە هەزارەها پەنابەریش لەترسی دیپۆرت کردنەوەیان و لەتاو ڕزگاربوون لەو چاوەڕوانی و ژیانی کولەمەرگیە بەناچاری ڕێگای دەریاو پرمەترسی هەڵدەبژێرن بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئارام، بەوهۆیەشەوە دەیان و سەدان خێزان رووبەرووی مەرگ و لەناوچوون بوونەتەوە، دەیان پەنابەر کە تیاندا ژن و منداڵ و پەکەوتە بوون بێ سەروشۆین بوون. بەرپرسیارێتی راستەخۆی ئەم هەلومەرجە سەختەی پەنابەران بەر لەهەر لایەنێك لە ئەستۆی ڕێکخراوی ناوبراو و سات سەودای وڵاتانی ئەوروپایە بەژیانی و داهاتووی پەنابەرانەوە.
ئەمساڵ کە ٧٢ ساڵ بەسەر پەیماننامەی جنیڤی ١٩٥١ تێدەپەڕێت، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەكگرتوەکان زیاتر ١١٠ ملیۆن ئینسان ئاوارەی ناوخۆو دەرەوە ببون لە جیهاندا، بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی ئیمزایان لەو رێکەوتننامەیە داوە، نهك ههر پاشهکشەیان کردوه، بگره چەندین یاسای کۆنەپەرستانە و دژی پهنابهریان هێناوهته پێشەوە، لەوانە زیندانیکردن و دیپۆرت، لێسەندنەوەی مافی کارو بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، دوورخستنەوەیان لە سەنتەری شارەکان و راگرتنیان لەدورگە دوره دەستەکان و کهمپ و گرتووخانه دهستبهسهرهکان و جێگیرکردنیان لە شوێنە سەربازی و کەشتی و تهنانهت وەك تاوانبار مامهڵه بکرێن، پەرەدان به مەیلی ڕەگەزپەرستی و ههڵاواردن …
ههموو ئهمانه کراونهته بهرنامهی ئهم حکومهتانهوهو له پێش بهها ئینسانیهکان و رێزگرتن له مافهکانی ئینسانهوه دانراوه. ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە ئەو ئینسانانە قوربانی شەڕو میلیتاریزم و کێشمەکێشی نێوان چەند جەمسەری دڕندەی ئیمپریالیستین، کە لەسەر دابەشکردنەوەی بازاڕی سەرمایەی جیهانی لەنێوان خۆیاندا و بردنی بەشی زیاتر بۆ خۆیان، کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان لەنێوترس و دڵەڕاوکێ و نائەمنی و گیژاوێکدا راگرتوە، جەنگ و هەژاری و گرانی و بڕینی خزمەتگوزرایەکان و هەڵئاوسانیان داسەپاندوەو سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و چارەنوسیان نادیارەوو دەیان ملیۆن کەسیش ئاوارەو بێخانەولانە بوون و بەشوێن سەرپەنایەکی ئارامدا دەگەڕێن.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیش بەکردەوە بۆتە ئامرازێك بەدەستی هێزە ئیمپریالیستەکانەوە و لە جیاتی هەڵسان بەکاری پێناسەکراوی خۆی، ئەرکی دابەشکردنی خێمە بۆ ئاوارەکان و سیاسەتی کەمپسازی و ئایزولەکردنی پەنابەران و راگرتنیان بۆ ساڵانێکی زۆر لەکەمپەکان لە خراپترین هەلومەرجی ژیاندا، پێسپێراوە.
ئەم هەڵسوکەوتەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە کاتێکدایە کە خۆیان ئەو راستیە باش دەزانن کە پەنابەرانی کوردو عێراقی لەژیر سایەی حکومهتی گەندەڵی عێراق و حکومهتی ههرێمی کوردستان و چینه دهسهڵاتدارهکهیدا، که لایهنێکی ههموو ئهو دهردهسهری و نههامهتییانهن کهڕووی لهژیانی پهنابهران کردووهو سهرچاوهیهکن بۆ داسهپاندنی ههڵومهرجی ئهوپهڕی نایەکسانی و بێکاری و گەندەڵی لە رادەبەدەرو سهرکوتی ئازادی و ههژارو دهیان دهردومهینهتیی ترن کەخەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ناچار بە ژیانی پەنابەریکردوە، بەڵام نەك هەر گوێی خۆیان لی دەخەوێنن، بەڵکو لەچوارچێوەی ئەجندەی وڵاتانی رۆژئاواو غەربدا هەڵسوکەوت دەکەن.
هەربۆیە ئێمە لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەرز دەکەینەوەو داوا دەکەین:
1-پێویسته کۆتایبهێنریت به سیاسەتی ڕاگرتنی پهنابهران و ئاوارهی جهنگ بۆساڵانێکی زۆر بەدیار چاوپێکەوتن و وەڵامدانەوەو گۆێزانەوە بۆ وڵاتی سێیەم.
٢- پێویسته حکومەتەکانی ئەوروپا و وڵاتانی ئیمزاکەرانی بڕیارنامەی جنێڤ ناچار بکرێن بە وەرگرتنی پەنابەران بەیەکسان دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.
٣- پێویستە حکومەتەکانی ئەوروپا ناچاربکرێن ئەو ڕێکەوتننامانەی کە لەگەڵ تورکیا و یۆناندا بەدژی پەنابەران و بۆ رێگەگرتن و دیپۆرتکردنەوەیان مۆریانکردووە، هەڵبوەشێننەوە.
٤-. پێویستە ڕێکخراوی نهتهوه یهکگرتووکان بۆ کاروباری پهنابهران لهو وڵاتانهی پەنابەرانی عێراقی ناونوسکراوە، بەرپرسیارێتی دابینکردنی وەرگێڕ، ئیمکانات و پێداویستی گونجاو به شێوهیهکی پلاندارێژراو بهمهبهستی ههرچی زووتر جێکهوتنی لهنێو ئهو کۆمهڵگایانهی هانای بۆ دهبهن و بههرهمهند بوونیان له ههموو پێداویستیهکی فهردی و کۆمهڵایهتی و ئابووری بهشێوهیهکی یهکسان تا کاتێك دەگۆێزرێنەوە.
٥- پێویستە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەست بکاتەوە بە وەرگرتن و ناونوسکردنی ئەو پەنابەرە تازانەی بەهۆی درێژەی ململانێی سیاسی و نائارامی ئەمنی و مەزهەبیەوە ناچاردەکرێن ئاوارەو دەربەدەربن بەتایبەتی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو وڵاتانەی کە دەرگای بەسەر پەنابەراندا داخستووە بەتایبەتی لە هەریەك لە وڵاتانی میسر و ئوردن و لوبنان .
٦- دەبێت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەی زۆرە ملێی ئەو پەنابەرانە بکات کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی تورکیا کەیسەکانیان پەسەند ناکرێت وە دەبێت ئیقامەی ئینسانیان پێبدرێت چونکە بەدیپۆرت کردنەوەیان ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
پەیڕەویکردن و ڕێزگرتن و پابەند بوون بە بڕیارەکانی جنیڤی ١٩٥١ له ریزی پێشەوەی خواستەکانی ئێمەیە لەرۆژی جیهانی پەنابەراندا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی