دەسەڵاتدارانی کوردستان ،بەرپرسیارن لەدابین کردنی ژیان و ئازادی تەواو بۆ گەنجانی کوردستان!
بەیاننامەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، سەبارەت بەکۆچی گەنجان.
هەواڵەکانی کۆچی گەنجان لەکوردستانەوە بۆ دەرەوە، جارێکی دیکە مانشێتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستانی گرتەوەو لەبارەی سەرچاوەو هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم دیاردەیەوە، لێکدانەوەو بۆچونی جیاوازیان خستەڕوو. بەتایبەتیش میدیاکانی سەربە دەسەڵات و ڕاگەیاندنە سێبەرەکانیان، بەمەبەستی داپۆشێنی کارنامەی دزێوی دەسەڵات وئەو جیاوازیە چینایەتیەی کە لە نێوان خێزانی فەرمانڕەواو زۆرینەی هاولاتیانی کوردستاندا هەیە، ئەم شەپۆلە لەکۆچی گەنجانیان بە”سستبوونی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەنیوگەنجان”دا لێکدایەوە. بەڵام ئایا ئەم جۆرە بۆچون ولێکدانەوانە واقعیەتەکانی کۆمەڵگای ژیردەسەڵاتی حزبە قەومی و ئیسلامیەکان، ئەتوانێ پێچەوانە بکاتەوە؟ بەتایبەتی لە جەرگەی ئالوگۆرە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکانی ئەم دواییانەی کوردستان وناوچەکە و بەدوای بیست و چوار ساڵ لە ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی حزبە قەومی و ئیسلامیەکان، کەهەزارویەک بەلاو موسیبەت و کارەساتی ناهەمواریان کردۆتە بەشی ژیانی زۆرینەی خەڵك!