“بەجێهێشتنی کوردستان، رێگاچارە نییە دەتوانیین به‌ئیرادەی خۆمان ژیان و ئایندەی خۆمان دابڕیژین”

“بەجێهێشتنی کوردستان، رێگاچارە نییە دەتوانیین به‌ئیرادەی خۆمان ژیان و ئایندەی خۆمان دابڕیژین”

ته‌واوی دیمانه‌ی رۆژنامه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ی‌ ژماره‌16 له‌گه‌ڵ ده‌شتی جه‌مال سکرتێری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی که‌ له‌به‌رواری 15نۆڤمبه‌ری2017 بڵاوبۆته‌وه‌

بۆپێشەوە: لە ئاکامی دەسەڵاتی تاڵانچی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لە ئاکامی سەرکوت و بیمافی و نەبوون هیچ ئاییندەیەکی رۆشن، بەبەردەوامی خەڵکی کوردستان ناچار بە جێهشتنی شوینی ژیانیان بوون… رووداوەکانی ئەم دوایەش لە ئاکامی هێرشی سوپاو حەشدی شەعبی، و سازان و خۆشخزمەتی و هاوکات پاشەکشەی بێ پاساوی هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی لەچەندین شارو ناوچەی کوردستان بە کەرکوکیشەوە… ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو شوێنانە ئاوارە بوون، ئەم رووداوە چ کاریگەریەکەکی دەبێت لەسەر خەڵکی کوردستان و لاوان بۆ جێهێشتنی زۆرتری کوردستان بەرەوە دنیای دەرەوە؟
ده‌شتی جه‌مال: ئەمجارەش حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی شەرمەزاریەکی گەورەیان نابە مێژووی خۆیانەوە بەخاتری ئەوەی ئیمتیازو دەسکەوتێکی زیاتر بەدەست بهێنن هەموو پرەنسیپێکی ئینسانیان نایە ژێر پێوە وە ک عادەتی هەمیشەییان و عەمالەتیان بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە خەونێکی گەورەی خەڵکی کوردستانیان لەباربرد. ئەم رۆژانە هەموو شاهیدی بێئومێدی و لەبەریەک ترازان و سه‌رگه‌ردانی کۆمەڵگای کوردستان بووین لە کوشتو کوشتار و لەشکرکێشی و تێکدانی ئارامی ژیانی خەڵک، بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی کوردستان گیڕانەوە ژێر چەپۆکی عەبادی و حه‌شدی شه‌عبی، ئەمەش جارێکی تر ئەو ڕاستیە دەخاتەوە پیش چاومان کە ئەو حزبانە دور و نزیک هیج پەیوەندیەکیان بە مەسەلە واقعیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نیە و هیج مه‌شروعیه‌تێکیان نەماوەو پێویستە بە خۆرێکخستن وفشارو ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرێخستنی جوڵانەوەیەکی سیاسی بۆ دابینکردنی داواکارییە دێرینو لە مێژینەکانیان ئاڵای هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە بۆ بەدیهێنانی کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆ بەدەستەوە بگرن تا بە جێهێشتنی کوردستان.

بێگومان ئەم دۆخە کارەساتبارەی ئێستا که‌بەسەرخەڵکی کوردستاندا داسەپاوە کاریگەری گه‌وره‌ لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان بۆ چه‌ند ساڵی تریش له‌زۆر ڕووه‌وه‌ داده‌نێ. بەشێکی زۆر لەخەڵکی ناوچەی کێشە لەسەرەکان که‌ بەهۆی پەلامارو لەشکرکێشی حه‌شدی شەعبی و سوپای عێراق و سوپای پاسدارانەوە ماڵو حاڵیان لەدەستاوە و سوتینراوە و لەشۆێن و ژیانی خۆیان هەڵکەنروان و سه‌ره‌نجام ڕووبه‌رووی دۆخی ئاوارایی ونه‌مانی ژیانێکی ئاسایی و ئارامی کۆمه‌لایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا‌ که‌ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان نه‌ک هه‌ر له‌م دۆخه‌ کاره‌ساتباره‌دا، به‌لکو له‌رۆژانێکی ئاسایی ونورماڵیشدا، خۆیان به‌به‌رپرس له‌ژیان و گوزه‌رانو ئارامی هه‌ر ئه‌م خه‌لکه‌ نه‌زانیووه‌، به‌ پێویست ده‌رگا ئاوه‌ڵا ده‌بێت‌ تا لانیکه‌م بەشێک لە خەڵک بەناچاری ڕێگای هات و نەهاتی ژیانی پەنابەری هەڵدەبژێرن، به‌تا‌یبه‌تی توێژی لاوان. هه‌رلێره‌دا ده‌بێ ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ش بده‌ین که ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورد له‌ ٢٦ ساڵی رابردوودا، نائینسانیترین نموونەی ‌سیسته‌می حوکمرانیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا به‌ڕێوه‌بردووه‌، که‌سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵو تاڵانچی، سه‌رکوتو ناعادیله‌، به‌راده‌ی ئه‌وه‌ی که‌که‌مترین مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هاولاتیانی ده‌سته‌به‌رنه‌کردووه‌، بگره‌ کوشتنی ژنان وتیرۆری گه‌نجانی ڕۆژنامه‌نوس و هه‌ڵسوراوانی سیاسی، له‌ پاڵ هه‌ژاریو بیکاریدا، ڕووبه‌ڕووی لاوان کردۆته‌وه‌.. هه‌موو ئه‌م واقعیه‌تانه‌ش جێگای ئومێد به‌مانه‌وه‌ی گه‌نجانو لاوان نه‌هێشتۆته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌، شه‌پۆلی کۆچی گه‌نجان بۆ هه‌نده‌ران یه‌کێک له‌دیارده‌ باوه‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی کوردستان بووه‌. به‌واتایه‌کی تر سەرتاپای كارنامه‌ی‌ سیاسی ئەم حزبانە چ لە ئێستە چ لە رابردودا وایكردووه‌ كه‌هەمیشە خه‌ڵکی کوردستان ببنه‌ قوربانی سه‌ره‌کی سیاسەتە شکستخواردوه‌کانیان، لەباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە هیج بەرپرسیارتیەکیان لەخۆیان نیشان نەداوەو کۆمەڵگایان لەگەڵ: هەژاری، بێکاری، بێموچەیی، نەبونی سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان، بێمافی و شەڕدا بەرەو ڕووکردۆتەو له‌ پێناوی دابه‌شکردنی دەسەڵاتو داهات لەنێو خۆیاندا ئه‌م دۆخه‌یان خوڵقاندووه‌ و‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ش که‌ تۆشی بوون به‌هۆی فه‌شه‌لی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستانه‌یان بووه‌و ئاکامەکەیان لەسەری خەڵکی کوردستاندا شکاندۆتەوە.

بەکورتی یه‌کێتی و پارتی قازانجو ژیانو ئه‌منیه‌ت و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن به‌قوربانی سیاسه‌تو مه‌رامو کێشمه‌کێشه‌کانی خۆیان بۆ خاتری دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتو وداهاتی نێوان خۆیان له‌و ڕێگایه‌شدا په‌نا بۆ هه‌موو شێوازێک له‌ملهوڕی و وابه‌سته‌ییه‌ک ده‌به‌ن له‌ده‌ست ڕاکیشانی سوپای جمهوری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ تا ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی کوردستان وخوڵقاندی کارەسات بۆ کۆمەڵگا و به‌رده‌وام ئه‌مه‌یان کردوه‌. هەربۆیە حزبەکانی کوردستان لە پێشیانەوە یەکیتی و پارتی هۆکاری پاڵنان و ناچارکردنی بەشێکی زۆرن لەخەڵکی کوردستان بەتایبەتی ‌گه‌نجان بۆ ئەوەی رێگای ناچاری به‌ره‌و دەرەوەی وڵات هەڵبژێرن..

بۆپێشەوە: ئایا رووداوەکانی ئەم دوایەی کارگەری دەبێت لەسەر ئەوەی مافی پەنابەرێتی بدرێت بەوانەی دێنە ئەوروپا و ئەمریکاو ئوسترالیا؟ مامەڵەی یوئێن لەگەڵ ئەوانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن بەرەو باشتر دەچیت؟

‌ ده‌شتی جه‌مال: باشبوونی مافی په‌نابه‌رێتی له‌وڵاتانی ئه‌وروپا، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌بارخراپی دۆخی ئه‌وکۆمه‌ڵگایانه‌وه‌ نییه‌ که‌په‌نابه‌رانیان لێوه‌هاتوه‌، واته‌ هاوکێشه‌که‌ وانییه‌ که‌ئه‌گه‌ر له‌ولاتێکدا، بۆنمو‌نه‌ کوردستانی عیراق دۆخ خراپ بێت ئه‌وا ئۆتۆماتیکی داوای مافی په‌نابه‌ری بۆ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ئه‌وروپا ڕووله‌باشبوون ده‌کات وداواکانیان بێ گیروگرفت قه‌بوڵده‌کرێ. چونکه‌ ده‌وله‌تانی ئه‌وروپا له‌مێژه‌ هه‌م وازیان له‌”مافی په‌نابه‌ریو ته‌نانه‌ت ستیتمه‌نتی مافه‌کانی مرۆڤ هه‌ڵگرتووه‌ وله‌ژێر فشاری شه‌پۆله‌کانی ئاواره‌ییو ودۆخی جه‌نگگرتووی ناوچه‌کاندا، نه‌بێت، که‌خۆی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌ت وکارکردی هه‌رئه‌م ده‌وله‌تانه‌یه‌ ‌ ئاوڕ له‌م بابه‌ته‌ ناده‌نه‌وه‌. دیاره‌ من ناڵێم وەڵامی وەرگرتنی مافی پەنابەری نەماوە بەڵکو ئاڵوگوڕی گەورەی بەسەردا هاتووە سەرباری کێشەو قەیرانە ناوخۆیەکانی ئەم وڵاتانەی کە ناوتان هێنا، سەختگیری زۆر دەکەن لەدانی مافی پەنابەرییدا هەموو ئەو ڕێکارانەی گرتویانەتەبەر لە توندکردنەوەی سنورەکان و تا راگرتنی پەنابەر لە کەمپ وهایم شوێنە سەربازیەکان و زیندانیکردن وراگرتن لە گرتوخانە دەستبەسەرەکاندا وەرەتکردنەوەی داوای مافی پەنابەری و سیاسەتی دیپۆرتکردنەوە درێژەی هەیە لە کاتێکدا   ئەم ئینسانانە ناچارکراون کەشتی مەرگ و ژیانی قورسی پەنابەری تەحمولبکەن، لە کاتێکدا هەر ئەم حکومەتانەی ئەوروپا بەرهەمی سیاسەتی خۆیان لەشه‌ڕ لەژێر ناوی (تیرۆردا) و کێشمه‌کێشی نێوان هێزه‌ ئیپمریالیسته‌کان‌و دەوڵەتانی سه‌رمایه‌داری جیهان‌و مۆنۆپۆڵه‌کانی بازاڕی ئازاد،‌ بەشدارە بۆ ‌سه‌رلەنۆی دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان بلۆکبەندیە ئیمپریالیستیەکان‌و دابینکردنی باڵاده‌ستییان بەسەر ناوچەکانی نفوزو گۆڕینی هاوسەنگی هێزدا بەخاتری قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایەی زیاتر. بەدوای شکستی ستراتیژی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و دەرکەوتن‌و هێز نواندنی دوو جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی ئابووری‌و سیاسی‌و عه‌سکه‌ری جیهان‌و هه‌ر لایەنێکێش له‌و جه‌مسه‌رانه‌ به‌ پێی گۆڕینی هاوکێشه‌ سیاسیه‌کان‌و هاوسه‌نگی هێزیان به‌زیانی ئه‌وه‌ی تر خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانەیان لە قەیرانە سیاسی‌و پشێوی‌و جەنگ‌و ئاواره‌یی و کوشتارو پێکدادانە قەومی‌و ئاینی‌ بەرەو رووکردۆتەوە کەژیانی لەبەرده‌م ئینسانەکاندا نەهێشتۆتەوەو جگە لە هەڵهاتن نەبێت تەنانەت دەروازه‌ی به‌ڕووی خەباتی مەدەنی‌و ئینسانیدا داخستووە.. هەرئەو سیاسەتە دووڕوویەی مەجلسی ئەمنو ئەمریکاو ئەو حکومەتە ئەوروپاییانە بوو کە لە پشت بچوکرین پرۆسە دیموکرسی خەڵکی کوردستاندا بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسیان لە رێگای ریفراندۆمێکی ئازادانە پشتیوانیان نەکردو ڕانەوەستان، چرای سەوزیان بۆ حکومەتەکەی عەبادیو حشدی شەعبی بەهاوکاری ئێران هەڵکرد ئەوکارەساتە بەسەر خه‌ڵکی کوردستان بهێنێت، هەربۆیە دەبێت ئه‌ وحکومه‌تانه‌ی ئه‌وروپا ئاکامی ئەوسیاسەتە چەوتانەی خۆیان قبوڵ بکەن وپێویستە لەسەریان مافی پەنابەری بۆهەڵهاتوانی ئەودۆخە قبوڵبکەن، لەم نێوەشدا و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌دا، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وەک هەمیشە لەریزی پێشەوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەهاناوە چوونی ئەوکەسانەی لەم دۆخەدا ژیانی پەنابەریان هەڵبژاردوە دریغی نەکردوە لە هەوڵەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە پەنابەری وئینسان دۆست و ئەندام پەرلەمان وگروپە چەپ وکۆمۆنیست و لایەنە سیاسی و کەمپنەرەکان بەرێگای جۆراجۆری چالاکی لەچەشنی خۆپیشاندان، سازدانی کۆبوونەوە، کۆنفرانس لە هه‌وڵ و خەباتی بەردەوامداین بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکانی ئەوروپا بەئاراستەی گۆڕینی سیاسەتەکانیان لە خزمەتی پەنابەراندا.

بۆپێشەوە: لاتان وایە جێ هێشتنی کوردستان و رووکردنە هەندەران رێگاچارەیە لەبەرامبەر دۆخی ئێستادا؟

ده‌شتی جه‌مال: لەگەڵ بەرگری تەواوم لە ئازادی بێقەیدو شەرتی هەڵبژاردنی شۆێنی نیشتەجێبوون وسەفەرکردن وشۆێن گۆڕکێ و وەرگرتنی ئیقامە لەهەر وڵاتێک وەک مافێک بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەش ئیزافە بکەم هەڵهاتنیش لەدەست جەنگ و نائارامی و گەڕان بەشۆین ژیانێکی ئارام وشایستەدا پشتیوانی دەکەم، بەجێهێشتنی کوردستان، رێگاچارە نییە دەتوانیین خه‌ڵکی کوردستان به‌ئیرادەی خۆمان ژیان و ئایندەی خۆمان دابڕیژین، خەڵکی کوردستان لە ٢٥سپتەمبەردا بەبڕیاری ئازادانەی خۆی لەدەنگدانی ریفراندۆمدا ڕێگای سەربەخۆیان هەڵبژارد ورێگای هاوژیانیان لەگەڵ دەسەڵاتێکی شۆفێنزمی قه‌ومی و ئیسلامیدا کۆتای پێهێنا، رێگای گەڕانەوەی جارێکی تر بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتێک کە بەئاگرو ئاسن وەڵامی داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان ئەداتەوە چارەسەر نیە، نابێت ڕێگا بدرێت بەسیاسەتی چاوەڕوانی و کایەکردنی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بەخواستی جیابوونەوەوە بۆ ئه‌وه‌ی شەریک بوونی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لە حکومەتەکەی عەبادی ده‌ستبه‌ربکات، مەسەلەی کوردو داهاتووی خەڵکی کوردستان بەره‌و ئالۆزی و کیشەی زیاتر دەبات. هه‌موو موزاکەره‌و دانیشتنێک دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی ریفراندۆم ڕێچکە بگرێت، نەک گەڕانەوە بۆ فیدراڵیزمی شکستخواردو و وەرگرتنی ئیمتیازات لەپۆستی حکومەتەکەی عەبادی.

ئەم هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ڕێگای هاندەرانیان هەلبژاردوە دەتوانن بەهاتنە مەیدانیان هاوشانی هاوچینەکانیان له‌کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، ئەو دەورە لەو حزبانە وەربگرنەوە کە نامۆن بە مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئەگەر بەکورتی بڵێم:

رۆشتن رێگا چارە نییە، هەموو خەڵکی کوردستان ناتوانێ ڕابکات و بگاتە ئەوروپا… ئەم شەپۆلی رۆشتنە نە دەبێتە مایەی باشکردنی ژیانی خەڵکی کوردستانو پێداگری لە ئەنجامەکانی ریفراندۆم نە دابینکردنی موچەو نە دەبێتە ئاوو کاەباو نە رێگایەکە بۆ چاکسازی و نەدەتوانێت بەربگرێت بە بەبەندو بەستی ئەو حزبانە لەگەڵ دوژمنانی خەڵکی کوردستان و یاریکردن بە مافو چارەنوسیان، بە پێچەوانەوە سەرمایەکی گەورەی کۆمەڵگای کوردستان لەدەست دەدەین. دەکرێت رەوتی رووداوەکان بەڕێگایەکی پێچەوانەوە بڕوات، ئەگەر چی جێهێشتنی کوردستان کاردانەوەو ناڕەزایەتیە بە دژی دەسەڵات و بە دۆخی ناهەمواری ژیان و گوزەران و نادیاری ئایندەیان بەڵام ئەمە بەرگریەکی سلبییە نەک ئیجابی، بەرگری ئیجابی هەوڵدانە بۆ گوڕینی دۆخەکە، هەوڵدانە بۆ خۆرێکخستن لەپێناو داسەپاندنی خواستەکانیان…پاشەکشەکردنە بە دەسەڵات و سیاسەتە چاوچنۆکەکانیان، ئەمە بە بێ هاتنە مەیدان و رێکخراوبوون ناکرێت..

دەسەڵاتی سیاسی باکی بە رۆشتنی خەڵک نییە… بۆیە لە جێگای ڕۆشتن دەبێ:

١- لە جێگای ئەوەی خەڵک ناچار بەڕاکردن بکرێت، دەشێ ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بە هێزی ئەم ئۆردووەی دەڕوات، ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت بۆ بە بەرگریکردن لە خۆ بۆ ئەوەی خۆمان چارەنوسی خۆمان بەدەستەوە بگرین، رۆشتنی ئارەزوومەندانە بۆ ژیانی باشتر و بۆ بینینی دنیا ببێتە کارێکی ئاسایی بێ مەترسی… هەموو کەس و تاکێک مافی سەفەرو بینینی دنیای هەیە. پێویستە ئەم مافە بچەسپێنریت.بەڵام نابێ ئایندەی کوردستان بۆ ئەم دەسەڵاتە حزبۆکراتیانه‌ بەجێ بهێڵرێت، نابێ ئەو وزەو سەرمایە گەورە ئینسانییە لەدەست بدرێت دەشێ بە هێزی رێکخراوی جەماوەری ئاڵوگۆڕی جدی بکرێت.

٢- خواستی بەدیهێنانی سەربەخۆیی ودامەزراندی دەوڵەت بە دەورو دەخالەتی جەماوەری لەم پروسەیەدا گرنگی و حەیاتیە، بەرگریکردن لە ژیان و ئەمنیه‌ت، لە باش بژێوی خەڵکی کوردستان و راوەستانەوە دژ بە لەشکرکێشی و هەڕەشە بەرانبەر خەڵکی کوردستان ودژ بەپارچەپارچەکردن، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشت بەستوو بە دەورو ئیرادەی خەڵکی کوردستان، دەسەڵات وحکومەتێکی سکولار و غەیرە قەومی دەسەڵاتێک کە مافو ئازادیەکان و یەکسانی، هەلی کار بۆ دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان، و بیمەی بێكاری بۆ کەسانی ئامادە بەکار. تادەگات بە دابین کردنی ئاو و کارەباو خزمەتگوزاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان دەستبەر بکات..

٣- پێویستە خەڵکی نەدار و ئۆردوه‌ی بێکاران، لاوان و خویندکاران… لەبەرامبەر بە شەپۆلی هێرشی حزبەکان بۆ سەر ژیان و گوزەرانیان و گوێ خەواندن لە خواستە سەرەتاییەکانیان.. خۆیان لە رێکخراوەی جەماوەری و پیشەیی سەربەخۆیی خۆیاندا رێک بخەن. ناڕەزایەتیە لێرەو لەوێکان یەک بخرێن رابەرانی بزوتنەوە جەماوەریەکانی وەکو ” لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، بێکارن و ژنان و مامۆستان و…” لەدەوری یەک کۆببنەوە… داواو خواستەکانیان بخەنە روو … موچەی داوکەوتوو دەبێ دەست بەجێ بدرێت… وە ئاستی موچە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستێک کە ژیانێکی شایستە دەستەبەر بکات…

٤- زه‌روره‌ دەست به‌رن بۆ کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن و خۆپیشاندان.. لە شوینەکانی خۆیان و شوێنە گشتیەکان داخوازی نان و ئازادی و ماف و خۆشگوزەرانی بکەنە دروشمی خۆیان…

٥- داوای سزادانی ئەو کەسانە بکەن کە لەسەر حسابی خەڵک و بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵات و حزبایەتی، دەستیان بەسەر داهاتی خەڵکی کوردستاندا گرتووە…

٦- خواستی سزادانی هەموو سەرانی ئەو دوو حزبەی شاری کەرکوک دوزو ناوچەکانی دیکەیان گیڕایەوە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی وسوپای عێراقی.

بۆپێشەوە: هەواڵی گیان لەدەستدانی پەنابەران بۆتە هەواڵی رۆژانە، رۆڵی ئێوە وەکو فیدراسیۆنی پەنابەران چییە، لەبەرامبەر بەو تراژیدیا ئینسانیەدا؟

ده‌شتی جه‌مال: مەرگی ناوەختی ئازیزانمان لەڕێگای ژیانی پەنابەریدا یەکێکە لەوبرینە سەختانەی پێویستە لەملی خەڵکی کوردستان بیتەوە. مانگ و ساڵ نیە هەواڵی رووداوی مەرگی پەنابەران دڵمام نەگوشێت، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و وەک هەمیشە بۆ بەدیهێنانی خواست و داواکاریانەی په‌نابەران و بەرگریکردن وهاوکاریان سنورێکی بۆ نەماوەتەوە، هەوڵی رۆژانه‌ی هەڵسوڕاوانی ئەم رێکخراوەیە بۆ دەمودەست بەپیر قوربانیەکانەوە درێژەی هەیە. لەم دوساڵەی ئەخیردا زیاترلە 130 تەرمی پەنابەرانمان گێڕاوەتەوە، کارە یاسایەکانمان ئەنجامداوە تا پرۆسەی گێڕانه‌وەیان بۆ نێو کەسوکاریان، بەدوادا چونمان کردوە بۆ تەرمی بێ سەروشوێنەکان لەرێگای وەرگرتنی پشکنینی( دی ئین ئەی) لەکەسوکاریان، له‌وانه‌ 64 که‌س بی سه‌روشۆینه‌ ته‌نها ته‌رمی شه‌س له‌وانه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ نێژراون له‌یۆنان، موخاتەبه‌ی ئەو وڵاتانەو لایەنە پەیوەندیدارانه‌مان کردوە لەئاستی عێراق وکوردستان وتورکیا وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەلات، زۆرجار نەک تەنها بە نامەو ئامادەکردنی لیستی قوربانیەکان، لەوشۆێنانەی پێویست بوو سەردانمانکردوە لەوانە بۆ یونان وتورکیا کە یەکەمین ویستگایی تیپەربونی پەنابەران بوون لەوریگەیەدا بەتایبەت دەریایی ئیجەو دەریایی رەش. لەوشوێنانەی پێوست بووبێ کەسانی دڵسۆز لە تورکیاو یۆنان هاوکاری جدی ئێمەیان کردوە، دوای ئەوەی لەلایەن لقی کوردستانی فیدراسیۆنەوە ئاگادارکراونەتەوە، هەروەها ئەو کەسانەی نادیارن، دوایی ئەوەی کەسوکاریان ئێمەیان ئاگادارکردۆتەوە، زانیاریمان وەرگرتوە لەسەر ئەوکەسە و وێنەو دوایین پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان لەو شوێنەی پەیوەندی بەکەسوکاریان پچڕاوە نامەو بەدوادا چونمان کردووە. لەگەڵ حکومەت و دەزگای پەیوەندیداری ئەو شۆینەدا، لەوبارەوە بەدواداچونەکانمان بەردەوامە. کاری جدیمانکردوە لەسەر کەیسی گیراوەکان لە یونان وتورکیا، بەدوای هەوڵەکانی ئەم دواییانە بەتایبەتی لە رێگای لقی کوردستانەوە و گرتنی پاریزەر بۆ ئەوکەسانە، ژمارەیەکیان ئازادکراون ژمارەیەکی دیکەیان لەهەوڵی ئازاد کردنیانداین.. هاوکات فیدراسیۆن تەسکیەی بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانەکردوە کە لە نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران له‌ ئه‌نقه‌ره‌ خۆیان ناو نوسکردووە، جگە لەوەی لەماوەی یەک مانگی رابردووا فیدراسیۆن توانی زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کرابوونه‌وه‌، دوای هەوڵێکی بێ پەروا توانرا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان …

مەسەلەیەکی تر گەیاندنی کۆمەک بە ئاوارەکانی ناوخۆ بوو کە فیدراسیۆنی ئێمە لە رابردوودا بەتایبەتی لقی کوردستان دەوری بەرچاوی گێڕاوە لە هاوکاری ئاوارەکانی سوریاو ئاوارەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش تا هاوکاریکردن بە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی وتەنانەت ئەنجامدانی چەندین نەشتەگەری بۆ ئەو ئاوارانەی پێویستیان بووە به‌وه‌ی نەشتەرگەی بکرێن، تا راگەیاندنی کەمپەینی ئەم دواییانە بۆ میوانەکانی که‌رکوک و دوزخورماتوو ..

شایەنی باسە فیدراسیۆن له‌زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ئه‌وروپا وتورکیا نۆێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه‌ بەبەردەوامی رینۆینی و کۆمەک وزانیاری وهەواڵەکانی پەنابەران بڵاو ‌دەکەنەوە وهاوکاری یاسایی و پارێزەرو کێشەی خانوبەره‌و زمان و پشتیوانی لەداوای پەنابەریان و تێکەڵابونیان لەو وڵاتانەی رووی تێدەکەن وتا به‌رگوزاری ئاهەنگ و کۆڕوچالاکی تری فەرهەنگی کاری بەردەوامی رێکخراوەکەی ئێمەیە.

بۆپێشەوە: ئەگەر پەیامێکتان هەیە… بفەرموون

ده‌شتی جه‌مال: داوامان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ بەهەر دەلیلێک ژیانی پەنابەریان هەڵبژاردوە ‌ ریسک به‌ ژیانی خۆیان ومناڵەکانیانەوە نەکەن، ڕێگای دەریاو که‌شتی مه‌رگ هه‌ڵنەبژێرن، نه‌که‌ونه‌ ده‌ست ئه‌و باندانه‌ی بازرگانی به‌جه‌سته‌ی ئینسانه‌کانه‌وه‌ ده‌که‌ن و بڕوایان پێنەکەن و ده‌ستیان نه‌بڕن و فێڵیان لێنه‌که‌ن.. فیدراسیۆن رێکخراوه‌یه‌که‌ ناسنامه‌ی ژیان و ئینسانیه‌ته‌ و ئه‌رکی خۆی به‌وه‌ داناوه‌ وه‌ڵام به‌کێشه‌کانی په‌نابه‌ران بداته‌وه،‌ به‌ڵام هاوکات هه‌وڵده‌دات په‌نابه‌ران خۆیان ئیراده‌ بنۆێنن و ڕێکخراو و یه‌کگرتویان بکات به‌ ئاسۆیه‌کی ئینسانی وسیاسی تا بتوانن بۆ به‌رگری له‌ خۆیان بێنه‌مه‌یدان و به‌شدار بن و خۆشیان هێزێکی کاریگه‌ربن بۆ داکۆکی له‌مافه‌کانیان و ڕاوه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی راسیستی و فاشیستی، هاوکات ده‌وریان هه‌بێت له‌‌ ئالۆگۆڕه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان ڕێگا لە دابەشبوونی ڕۆچوونی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیرازه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت ونه‌مانی ئه‌منیه‌ت و وێرانبوونی یه‌کجاره‌کی بگرێت، بەدیهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و باشبژێو دەتوانێت کۆمەڵگا لەکارەساتی ئاوارەیی وهەڵبژاردنی ژیانی پەنابەریدا بپارێزێت.

 

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

خەڵکی ستەمدیدەی سوریا پێویستیان بەهاوکاری و بەهاناوە چوون هەیە!

مرۆڤدۆستان، خەڵکی ئازادیخواز! جارێکی دیکە دەوڵەتانی ئەمپریالیستی و بەربەریەتی سەرمایەداری و حەلیفە ناوچەیەکانیان ووڵاتی سوریایان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *