گرنگترین سەندیکا کرێکاریەکانی بەریتانیا پشتیوانی شۆڕشی ئێران دەکەن!
usr_web171_1
كانونی یهكهم 1, 2022
ماڵهوه, هەواڵ
260 Views
ئێوارەی رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٢٨/١١/٢٠٢٢ لەدریژەی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندان و خرۆشانی شۆڕشگێڕانەی ژنان و لاوان وخەڵکی کریکارو زەحمەتکیشی ئێران، لەسەر داوای فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، لەیەکێك لە هۆڵەکانی پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەك لەلایەن جۆن ماکدوناڵد ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و دووەم کەسایەتی چەپی ناو حزبی کرێکاران سازدرا .
وتاربێژانی ئەم کۆبوونەوەیە(دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، هەڵاڵە تاهیری بەرپرسی ڕیکخراوی ژنان وکۆمەڵگا-رۆژهەڵاتی ناوەراست، نەسرینی پەرواز نوسەرو هەڵسوراوی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان، مریەم نەمازی بەرپرسی ڕیکخراوی یەك یاسا بۆ هەموان، سۆنیا ئەحمەدی هەڵسوراوی سیاسی و داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان، سەوسەن سەلیم هەڵسوراوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەرێوەبەری ڕیکخراوی ژانانی کوردو خۆرهەلاتی ناوەراست، جۆن مەلۆنی جێگری سکرتێری سەندیکای کریکارانی خزمەتگوزاری وبازرگانی گشتیPCSو دان راندڵ جێگری بەرپرسی یەکیتی کریکاریی هێلەکانی شەمەندەنەفەرRMT-Bakerloo line.
کۆبوونەوەکە لەلایەن جۆن ماکدوناڵد دەستی پێکردو بەڕێوەچوو. سەرەتا بواری دا بە دەشتی جەمال ڕێکخەری کۆبوونەوەکەو سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی قسەوباسەکەی و ئامانجی کۆبوونەوەکە. دەشتی جەمال لەووتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کرد کە ئامانجی ئێمە لەم کۆبوونەوەیە جگەلەوەی مەبەستمانە پشتیوانی کرێکاران و سەندیکا کرێکاریەکان و رێکخراوە مرۆڤدۆست و کەسایەتی و ئەندام پەرلەمانە پێشکەوتنخوازەکان بۆ خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریی ژنان و لاوان و خەلکی کریکارو زەحمەتکیشی ئیران کە خەریکن دژی رژێمی ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی شەری هەموو ئیمە دەکەن، ڕاکێشین، هاوکات دەمانەوێت وەک بەرئەنجامێك لەم پانێلەو کۆبوونەوەمان لەپەرلەمانی بەریتانیا نامەیەك کەچەند داخوازی تێدایە بەئیمزای ئامادەبوان بدەین بەپەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا.. بەدڵنیایەوە سەرکەوتنی ئەوان سەرکەوتنێك نیە تەنها بۆ خەڵکی ئیران، بەڵکو سەرکەوتنێکە بۆ ئازادیخوازان و خەڵکی ناوچەکە بە ئێمەشەوە لە عێراق کوردستاندا. هەروەها دەشتی داواشیکرد لەئاستی پەرلەمانی بەریتانیا داوا لەحکومەتی بەریتانیا بکرێت کە باڵوێزخانەی جمهوری ئیسلامی و ناوەندو دەزگاکانی سەر بەو رژێمە لە بەریتانیا دابخات و دیبلوماتکارەکانیان دەربکرێت لەسەر کوشتوکوشتاری خۆپیشاندەران و زیندانیکردنیان و میلیتاریزەکردنی شارەکان و ئەوبریارە پەرلەمانتارانی ئیران داویانە بە ئیعدامکردنی بەشداربوانی خۆپیشاندەران.
بەدوای ئەودا ووتاربیژانی تر قسەوباسەکانیان چوە سەر تاوانەکانی جمهوری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان و لاوان و کرێکاران کە لەماوەی ٤٣ ساڵدا بە کوشتارو زیندان و لەژێرپێنانی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ دەسەڵاتی خۆی درێژەپێداوەو لەلایەن دەوڵەتانی رۆژاواشەوە چاوپۆشی لێکراوە و بگرە هاوکاریشی کراوە. تەنانەت ئاماژە بەوە کرا کە سەرباری ئەوەی ئێستا بەشێك لە وڵاتانی رۆژاوایی خۆیان وەکو پشتیوانی خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەڕیوی ئێران هەڵدەخەن، بەڵام لەژێرەوە بەندوبەستی لەگەڵ دەکەن … هەروەها داوایان کرد کە رێکخراوە کرێکاریەکان و سەندیکاکان و رێکخراوەکانی دیکەی وەکو مامۆستایان و ژنان و ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا کە لایەنگری مافەکانی ژن و مرۆڤن پشتیوانی لەم خرۆشانەی خەڵك و خواستەکانیان بکەن و دژی رژێمی درندەی ئیسلامی ئێران و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەشێوازی گونجاو دەنگی خۆیان هەڵبڕن. تەئکید لەسەر داخستنی بالوێزخانەکانی رژێمی ئیسلامی و ناوەندە ئیسلامیەکانی سەر بە رژێم لەم ووڵاتە و فشارخستنە سەر ئێران بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەران و…تاد. کرایەوە.
بەشێك لە وتاربێژان کە نوێنەری سەندیکا کرێکاریەکانی بەریتانیا بوون، پشتیوانی خۆیان بۆ کرێکاران و ژنان و لاوانی ئێران لەم روبەروبونەوەیاندا لەگەڵ رژێمی ئیسلامیدا دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەوان بەردەوام هاوپشتی بزوتنەوەی کرێکاریی و سەندیکا و رێکخراوە کرێکاریە سەربەخۆکانی ئێران و یەکێتی مامۆستایانی ئێرانیان کردوەو ئێستاش هەوڵ دەدەن کە ئەندامانی خۆیان لەم شۆڕشەی ئێستا ئاگاداربکەنەوەو هەوڵ دەدەن کە رۆژێکی هاوپشتی لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکانەوە بۆ شۆڕشی ئێران بەڕێبخەن. هەر لەوێدا و لەسەر داوای نوێنەری کرێکارانی خزمەتگوزاری وبازرگانی گشتیPCS پێشنیاری ئەوەکرا کۆمیتەیەك لە ئامادەبوانی پانێڵەکەو کەسانی دیکە پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی کاروبارەکان و چۆنیەتی بەڕێخستنی بەکردەوەی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و ژنان و لاوانی راپەڕیوی ئێراندا و داوای کرد کە جۆن ماکدۆناڵد، کە کەسایەتیەکی چەپ و سۆشیالیستی ناو پارتی کرێکارانەو نفوزێکی بەرچاوی هەیە لەناو کرێکارانی بەریتانیا و سەندیکا کرێکاریەکاندا، کەسەرۆکایەتی ئەو کۆمیتەیە لەئەستۆ بگرێ تا زۆرترین سەندیکای کرێکاری و کرێکاران بێنە ناو ئەم کەمپینی پشتیگریەوە لە خرۆشانی خەڵکی ئێران.
سەرەنجام جۆن ماکدۆناڵد پێشنیارەکەی قبوڵ کردو کۆمیتەکە پێکهات و بڕیاری دا ماوەیەکی ١٠ رۆژی دابنێین بۆ ئامادەسازی و دوای ئەوە کۆبونەوەیەکی دیکە بکەن بۆ چیکردن و ئامادەکردنی بەرنامەی کاری هاوپشتی لەگەڵ خرۆشانی جەماوەری خەڵکی ئێراندا. هەروەها پشتیوانی لەداواکاریەکانی ئامادەبوان کرد بۆئەوەی خواستی دەرکردنی سەفارەتخانەی جمهوری ئیسلامی ئێران و تەریکردنەوەی لەڕوی دیپلۆماسی و ئیدانەکردنی لەسەر کوشتاری خۆپیشاندەران و فشارخستنەسەری بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی خۆپیشاندەران بخاتە بەردەم پەرلەمان تا لەڕیگای پەرلەمانەوە بدرێ بە حکومەتی بەریتانیا.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا یاداشتنامەیەك بەناوی بەشداربووانەوە بۆ پەرلەمانی بەریتانیاو حکومەتی بەریتانیا ئیمزاکرا کە تیایدا سەرباری ئەوەی داوا بکرێت کە ڕێگا بدەن خەڵکی ئیران ئازادانە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن و دەولەتان دەخالەت لەبریاری خەڵکدا نەکەن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران، کۆمەڵێك داواکاری دیکە خرایەڕوو کە رژێمی ئێران ناچار بە جێبەجێکردنیان بکرێ، لەوانە:
١-ئازادکردنی دەستبەجێ زیندانیە سیاسیەکان
٢-کۆتایهێنان بە تەقەکردن و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و میلیتاریزەکردن و گەمارووی شاروشاروشاروچکەکان.
٣-سزادانی هەموو ئەوانەی خۆپیشاندەرانیان کوشتوە.
٤-هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئیرشادو حیجابی ئیجباری.
پاشان دەرفەت درا بە بەشداربون بۆ دەربڕینی سەرنجەکانیان و پرسیارەکانیان لە وتاربێژەکان. لەم بەشەدا لەلایەن ووتاربیژان و جۆن ماکدونالدەوە وەلام بە پرسیارو سەرنجەکانیان درایەوەو دوای دوو کاتژمیر نیو لە کەشێکی زۆر گەرموگوڕو پڕ ئومێد دا کۆبوونەوەکە سەرکەوتووانە بە دروشمی ژن …ژیان … ئازادی لەلایەن دەشتی جەمالەوە کۆتاییهات.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی