هێرش بۆ سەرکەمپی مەخمور لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە بەتوندی سەرکۆنە دەکەین!
usr_web171_1
حوزهیران 1, 2023
ڕاگەیاندن, ماڵهوه
292 Views
ڕۆژی ٢٠ ئایار هێزێکی گەورە لە سوپا و پۆلیسی عیراقی هێڕش دەکەنە سەر کەمپی ڕوستەم جودی پەنابەری بە ئامانجی دروستکردنی تاوەرو دیوار و تەلبەندکردنی کەمپەکە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن پەنابەرانی کەمپەکە بۆ شکاندی گەمارویان، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن لەئاکامدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی دانیشتووی کەمپەکەو سوپاو پۆلیسی عێراقی دروست دەبێت و ژمارەیەك لە پەنابەرانی کەمپەکە بەسەختی بریندار دەکرێن.
ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنیەکانی عێراق دژ بە خەڵکێکی سڤیل وپەنابەرانێك کە لەدەست زوڵم وسەرکوت وبی مافی حکومەتی فاشیستی تورکیا هەڵهاتوون، وە ماوەی ٣٠ ساڵە ژیان وگوزەرانێکی کولەمەرگی لەم کەمپەدا بەسەر دەبەن، دژ بەهەموو پێوانە نیودەوڵەتیەکانە لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە و ڕێزنەگرتنە لەمافی ژیان وپارێزی جەستەیی ئەو ئینسانانە لەهەردەستدرێژیەك. ئەمە سەرباری ئەوەی کە یەکەمین جار نییە پەنابەرانی دانیشتووی ئەم کەمپە رووبەرووی هێرش و پەلامار دەبنەوە. لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی ئەم کەمپەیان کردوە و ژیانی دەیان ئینسانیان لەم کەمپەدا لەخۆین هەڵکێشاوە، ئەمە جگە لە هێرشی داعش لە ناوەوە بۆ سەرکەمپەکە وە تەنانەت ڕێگەگری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەریم لەوەی پەنابەرانی ئەم کەمپە هاتوو چووی هەولێر بکەن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری بژیوی ژیان وگوزەران و دابینکردنی پێداویستەکانیان لەشاری هەولێر دەستەبەر دەکرێت. ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی بەرامبەر بەم پەنابەرانە دەکرێ بەپێشچاوی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ مافەکانی پەنابەران و یۆنامی و چاودێرانی ناوەندە نیو دەولەتیەکانەوەبەرێوە دەچێت، بێ ئەوەی بەکردەوە بچوکترین بەرپرسیاریتیان لەخۆیان نیشاندا دابێت و بگرە بی دەنگبوون و بە فەرامۆش سپێردراوە.
ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەرباری بە توندی سەرکۆنەکردنی هیرش بردن و ئابلۆقەی سەر کەمپی مەخمور بە بەڵگەیەکی ئاشکرای دەزانین کە پەنابەران کراونەتە وەرەقەیەکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا وئەجندەکەی.
هەر بۆیە پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵوێستی بەرپرسیارانەی خۆی نیشان بدات و پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتی ئەم پەنابەرانە بگریتە ئەستۆ و سنورێك بۆئەم دەستدریژیانە دابنێت کە دەکرێتە سەر ژیان وئەمنیتی ئەم پەنابەرانە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە بانگەواز دەکەین لە تەواوی رێکخراوە جەماوەری و مەدەنی و پیشەیی ومرۆڤدۆستەکان و هەموو ئەو لایەنانە کە خۆیان بەداکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ ومافەکانی پەنابەران دەزانن ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم کردەوە نامرۆڤانەی حکومەتی عێراقی نیشان بدەن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٨/٥/٢٠٢٣