نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز پارێزگاری کەرکوک (نەجمەدین کەریم)
usr_web171_1
تشرینی یهكهم 30, 2016
ماڵهوه
489 Views
پاش سڵاو..
لە ڕێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێت ئەوپەڕی ناڕەزایەتی ونیگەرانی خۆمان دەربڕین سەبارەت بە ڕاگواستنی ٢٥٠ خێزانی ئاوارەی عەرەب لە شاری کەرکوک. بەتایبەتی بەدوای هێرشە دڕندانەکەی ئەم دواییانەی ڕەوتی کۆنەپەرستی داعش، کە بەداخەوە کوژرانی وبرینداربوونی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی شاری کەرکوک ودەزگا ئەمنیەکانی لێکەوتەوە. ئەوەی لەڕووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوودا بەڕۆشنی دەرکەوتووە، بەرپەچدانەوەی خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکووک وهەوڵی هاوبەشی تەواوی بەشەپێکهاتوەکانی دانیشتوی ئەم شارەیە، کەتوانی نەک هەر شکست بەپلانە گلاوەکانی داعش بهێنێ، بەڵكو ببێتە پشتیوانی دەزگا ئەمنیەکان لەپاکردنەوەی یەکجاری ئەم شارە لەچەکدارانی داعش و لەئەنجامیشدا تەجروبەیەکی مەزن لەبەرەنگاریی، کەمایەی بایەخ و شانازیەکی گەورەیە بۆ کەرکوکیەکان تۆماربکات.
بەڵام لەگەڵ ئەم سەرکەوتنەدا ناکرێ کەمکاری بەرپرسە ئەمنیەکان ودەزگاکانی پۆلیس کە ئەرکی پاراستنی ئەمنێتی ئەم شارەو هاوڵاتیانیان لەسەر شانە، بدرێتە پاڵ ئاوارەکانو ئاوارەکانیش خەتاباربکرێن و بخرێنە خانەی داعشەوە . ئەم هەنگاوە و سزادانی بەکۆمەڵەی ئاوارەکان بمانەوێت ونەمانەوێت خزمەت بە چەتەکانی داعش دەکات وئاگری شەڕی نەتەوەیی لە کەرکوکدا خۆش دەکات. هاوکات ئەم هەنگاوەتان سەرەتایەکی هێجگار مەترسیدارە کە دەتوانێت بەهانەیەک بداتە دەست ئەحزابی نەتەوە پەرستو ئیسلامیەکان کە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق خەڵکی عەرەب زمان بکات بەگژی خەڵکی کورد زمان و بەم شێوەیە فتیلی شەڕێکی نەتەوەیی هەڵگیرسێنی و لەمەش زیاتر خزمەتێکی گەورە بە بەرەی دوژمن دەکات کە داعشە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزو ئاسەوارەکانی بۆ کۆمەڵگا مەترسیدار دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کەخۆتان باش دەزانن وتەنانەت لەئاخافتنەکاندا بەردەوام ئاماژەی بۆدەکەن کەمێژووی شاری کەرکوک میژوویەکە کە پێناسی دانیشتوانەکەی لەسەر بنەمای پێکەوه ژیان و تۆلەرانس ودور لە دەمارگیری وجیاکاری نێوان نەتەوەکان ورەگەزەکان دامەزراوە، بەڵام سزایەکی لەم شێوەیە بەرامبەر بە ئاوارەکان کە ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی ئیساندۆستی کەرکوک باوەشی هاوکاری و ئینسان دۆستانەیان بۆ کردونەتەوەو داڵدەیان داون ناکۆکە ودورە لە ڕووخساری جوانی شاری کەرکوک، بێگومان لەم بارەوە ئێوە بەرپرسیارێتیتان لەسەر شانە دەبێ ئەم تایبەتمەندێتیە بپارێزن ومەترسیەکان لەسەر ئایندەی ئەو شارە کەم بکەنەوە. لەلایەکی تریشەوە دەرکردنی بەزۆری ئاوارەکان کە ژن و منداڵو پێروپەکەوتەیان تێدایە کارێکی سەرو یاسایە وتەنها لەخانەی سزدانێکی بەکۆمەڵدا جێگای دەبێتەوە کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەخەڵکی بێتاوان گیراوەتەبەر. لەمەشدا هیچ مانایەک نە بۆ سەروەری یاسا ونە بۆ پرەنسیپە ئینسانیەکانی سیستەمێک دەهێڵیتەوە کەبەرێزتان تێیدا پارێزگارن. هەروەها ئێوە ئەرکتانە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ومیدیاکانی ئەم شارە لە دوژمنایەتکردنی کوێرانەو ڕاسیستانەیان بەرامبەر بە ئاوارەو خەڵکی عەرەب زمان ئاگادار بکرێتەوەو ڕێگایان پینەدرێت دەست بۆ هەرجۆرە پروپاگەندەیەکی دژی عەرەب بوون و هەڵڕشتنی تۆوی دووبەرەکی نێوان خەڵکی عەرەب زمان و کورد زمان بەرن وبە بەهانەی جۆراجۆر، پەرە بەجیاکاری وراسیزم بدەن و شاری کەرکوک بەرهو هەڵخستنی فەزای قینو رقەبەری قەومی بەرن، کە بەدڵنیایەوە کارێکی ئاوا کارەساتو کوشتاری لێدەکەویتەوە کە دووبارە ناکۆکە بە سروشتی شاری کەرکوک.
ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقەوە کەهەزاران ئەندامی هەیەو لەناوخۆو دەرەوەی عێراق ئۆفیسی هەیەو لەگەڵ بەشێکی زۆر لەدامودەزگا نێونەتەوەییەکان وناوەندەکانی داکۆکی لەمافی مرۆڤ وخەڵکی ئاوارەدا پەیوەندی هەیە، بە پێویستمان زانی لەم بابەتە ئاگادارتان بکەیەنەوە وداواتان لێبکەین کەدەستبەجێ بڕیاری ڕاگواستنی ئەم ٢٥٠ خێزانە ڕابگرن وبیان گێڕنەوە سەر شوێنی ژیانی پێشویان.
هەرلێرەدا تائکید دەکەینەوە کە لەم هەلومەرجەدا کە کۆمەڵگای کوردستان وناوچەکەی پیا تێدەپەرێت وە بۆ دور خستنەوەی مەترسیەکان لە سەر کۆمەڵگاکەمان ئێمە لە سونگەی بەرپرسیارتیمانەوە ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەکەین داواتان لی دەکەین ڕاگۆێزانی ئەو ٢٥٠ خێزانە ڕاگرن. بەپێچەوانەوە ئێمە ناچاردەبین هەنگاویتر بگرینەبەر..
لەگەڵ ڕیزماندا
دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٧/١٠/٢٠١٦