له‌ ٨مارس دا پشتیوانی له‌ یاسای یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نی ژنان وپیاوان له‌ كوردستان ده‌که‌ین

له‌ ٨مارس دا پشتیوانی له‌ یاسای یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نی ژنان وپیاوان له‌ كوردستان ده‌که‌ین

ئازادیخوازان ، یه‌کسانیخوازان!

ڕێکخراوه‌کانی ژنان ولایه‌نگرانی به‌رگریکار له‌ مافه‌کانی ژنان!

به‌بۆنه‌ی تیپه‌ربوونی ١٠٤سال به‌سه‌ر به‌فه‌رمی ناسینی ٨ی مارس ڕۆژی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی وڕاوه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نایه‌کسانی  وجیاکاری وسته‌مکێشی ژنان له‌ سه‌رجه‌م ژنان به‌گه‌رمی پیرۆزبای ده‌که‌ین.

ئه‌گه‌ر چی له‌ به‌شێکی زۆر له‌ ولاتانی جیهان به‌ هه‌وڵ و خه‌باتی نه‌پساوه‌ی ژنان وپیاوانی ئازادیخوازو یه‌کسانیخواز به‌شێکی زۆری مافه‌ فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کانی ژنان به‌ده‌ستهاتوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا چه‌وساندنه‌وه‌ وهه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان یه‌کێکه‌ له‌ دیارده‌ ناهه‌موار وقیزه‌ونه‌کانی دنیای ئه‌مرۆی سه‌رمایه‌داری وخه‌بات بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی کۆمەڵایەتیی نێوان ژن‌و پیاو وه‌ک به‌شێکه‌ له‌خەبات‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستەمی سەرمایەداری و پێویستی به‌‌ کارێکی دەستبەجێه‌ بۆ ڕیشه‌کێشکردنی یه‌کجاره‌کی ئه‌م سیسته‌مه‌ و به‌دیهینانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان، خاڵی له‌ چه‌وسانه‌وه‌ ونایه‌کسانی .

به‌رێزان!

 لە کوردستان ژنان له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌لاتدارێتی خۆماڵیدا، نه‌ک هیچ ئاڵوگۆرێک بەسەر مافە فەردی و مەدەنیەکانیاندا نەهاتووە، به‌ڵکوکه‌سایه‌تی مرۆیی ژنان و بونی فیزیکیان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌و‌رەدایه‌.

ئاماره‌کانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و ئه‌تکردن و ناچارکردنی ژنان بۆ خۆسوتاندن، نه‌ک هه‌ر که‌می نه‌کردوه‌ به‌ڵکو یاسای فره‌ژنی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی یاسای باری كه‌سێتی سه‌رده‌می به‌عس و ئاوێزان بوونی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ کۆنەپەرستی ئیسلامی و دەرکێشانی یاساکانیان، بەپشت بەستن بە شەریعەتی ئیسلام…تاد، بۆتە هۆی ئەوەی تراژیدیای مەرگ و تیاچوونی ژنان، بمێنێتەوە و زیاد بکات. دەسەڵاتی سیاسی و‌ دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامیەکان و مه‌لاکانی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیان!! ، هۆکارێکن بۆ بره‌ودان به‌‌  دیاردەی سه‌رهه‌ڵدانی ‌ئیهانەو سوکایەتی کردن وتوندوتیژی بەرامبەر بە ژنان. بوارکردنەوە بۆ مینبەری مزگەوتەکان و بەشیکی زۆر له‌ده‌زگا ڕاگه‌یاندنەکان بۆ سوکایەتی کردن بە ژنان و مافەکانیان، بۆته‌ کارێکی ئاسایی له‌کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، کە ڕاستەوخۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رپرسیاری سەرەکی ئەم دۆخەیە.

 پێویستە ئەم ژینگە دژی ژنە، بپێچرێتەوە. بۆیە جێگای خۆیه‌تی  ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی دیکه هاتنه‌‌ مه‌یدان و وئیراده‌ نواندنی ژنان و پیاوانی کۆبانێ به‌رامبه‌ر به‌ به‌ربه‌ریەت و ڕه‌وتی کۆنه‌په‌رستی داعش وه‌ک رووداوێکی گه‌ورەوئەزمونێکی  گرنگی بەرز بنرخێنین. ژنانی کۆبانی ڕۆڵ و ئەزمونێکی شایستەیان له‌ دنیای هاوچه‌رخدا خسته‌ به‌رده‌م ئازایخوازان و یه‌کسانیخوازان بۆ گێرانه‌وه‌ی ئیراده‌و عه‌زم نواندن ورۆڵی ژنان له‌و رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌دا که‌ جێگای شانازی و ستایشی گه‌وره‌یه‌.

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی وه‌ک هه‌میشه‌ سه‌رباری  یارمه‌تیدان وهاوکاری بێدرێغی یاسایی وڕێنمای ژنانی په‌نابه‌ر له‌ ولاته‌کانی ئه‌وروپا، وه‌لامدانه‌وه‌ به‌ کێشه‌و گیروگرفته‌کانیان و دورخستنه‌وه‌یان له‌ ته‌ریک بوون و دامه‌زراندنی ژیانێکی نوێ و که‌مکردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌کانیان، هاوکات بۆ لابردنی مەترسیەکان لەسەر ژیانی ژنان و دژ بە توندو تیژی وکوشتنی ناموسی وئه‌و هۆکارە فەرهەنگی وسیاسی و یاسایانەی ئەم دیاردەیە پەرەپێیدەدەن، تێدەکۆشێت.

فیدراسیۆنی سه‌راسەری په‌نابه‌رانی عێراقی له‌ ٨ی مارسی ئه‌مساڵدا بۆ گۆرێنی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ی، ژنان له‌ کوردستاندا ژیانی تێدا به‌سه‌رده‌به‌ن، سه‌رباری پشتیوانی له‌ یاسای یه‌کسانی ژنان وپیاوان، بانگه‌وازی  ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان و ڕێكخراوه‌كانی ژنان ده‌کات له‌ده‌ره‌وه،‌ به‌هه‌ر رێگایه‌ک پێان ده‌کرێت پاڵپشت و پشتیوانی بکه‌ن له‌ زامن بوونی یاسای یه‌کسانی وئه‌م هاوکیشه‌یه‌ی ئێستا بۆ هێنانه‌دی سه‌رجه‌م مافه‌کانی ژنان  پێچەوانه‌ بکه‌نه‌وه‌ و پشتیوانی له‌م داواکاریانه‌ بکه‌ن.

  1. یاسایی فره‌ژنی لە په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌.

  2. هاندان بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان قەدەغە بکرێت و ئەو مه‌لاو وتاربێژانه‌ی به‌م کاره‌ هه‌ڵده‌ستن سزای یاسایی بدرین.

  3.  کوشتنی ژنان تاوانی گه‌وره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ بکوژانی ژنان هیچ یاسایه‌کی لیبوردن نه‌یانگرێته‌وه‌و بکوژان سزای خۆیان وه‌ربگرن.

  4. یاسای یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نی ژنان و پیاوان ، جێگای یاسای باری که‌سێتی بگرێته‌وه‌.

 فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی

4-.3.-2015

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

خەڵکی ستەمدیدەی سوریا پێویستیان بەهاوکاری و بەهاناوە چوون هەیە!

مرۆڤدۆستان، خەڵکی ئازادیخواز! جارێکی دیکە دەوڵەتانی ئەمپریالیستی و بەربەریەتی سەرمایەداری و حەلیفە ناوچەیەکانیان ووڵاتی سوریایان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *