“سه‌باره‌ت به دیاردەی كۆڕه و كۆچی به كۆمه‌ڵ”
ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن گۆڤاری دیدگای سۆشیالیستی لە گەڵ دەشتی جەمال سازدراوە
لە ژمارە٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە
دیدگای سوشیالستی: دیاردەی ڕەوی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانێك لەوڵاتانی سوریا‌و لیبیا‌و ئەفریقیا، تا کوردستان، سەرنجی دنیای بۆلای خۆی کێش کردووە، لێرەدا بەرلەوەی لەبارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەوە پرسیار بکەین، سەرەتا دەپرسین کە بەشێك لەدەزگا نێودەوڵەتیەکان ئەم دیاردەیە وەك کۆچی بەکۆمەڵ‌و کۆچبەران ناولێدەنێن، هەندێکی تریش هێشتا دەیخەنە خانەی پەنابەرێتیو روهێنانی بەکۆمەڵی پەنابەرانەوە، بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپاش بەئیمیگرانت لەقەڵەمی دەدەن… لەنێو ئەم دەستەواژانەدا ئێوە کامەیان بەدروست دەزانن؟ بەواتایەکی تر ئایا دەکرێ ئەم دیاردەیە بخەینە خانەی کۆچ‌و پەنابەرێتیەوە؟
ده‌شتی جه‌مال:
زۆر سه‌رنجڕاکێشه! به‌کارهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژانه له‌دنیای سه‌رمایه‌داری ئه‌مرۆدا هه‌میشه مه‌به‌ستێکی سیاسی له پشته‌وه‌یه، که ئه‌مڕۆ هێزه ئیمپریالیسته‌کانی جیهان مه‌به‌ستیانه ڕای گشتی پێ چه‌واشه بکه‌ن. ئه‌م دیارده به‌رفراوانه‌ی شه‌پۆڵی ڕه‌وی به‌کۆمه‌ڵ، ناتوانرێت بچێته خانه‌ی کۆچ وه‌یان ته‌نانه‌ت پهنابهریەوه که ئێستا له میدیای غه‌ربدا به‌جۆرێك ده‌سته‌واژه‌ی “قه‌یرانی کۆچبه‌ران” که به ئینگلیزی “Migrant Crisis ” به ئاگاییه‌وه به‌کارده‌هێنن تا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی مه‌به‌ستیانه ده‌ستبخه‌ن.
دیاردەی کۆچ لەدونیای سەرمایەداریدا هەمیشە بووەو دەمێنێ. جوڵەی بەکۆمەڵی ئینسان خۆی ڕەنگدانەوەی جوڵەی سەرمایەو چەق بەستنیەتی کە بەدوای خۆیدا پەرەی بازاڕ‌و وەگەڕخستنی پرۆژە ئابووریهکانو فرسەتی کار دەکاتەوەو هێزی کار بۆلای خۆی رادەکێشێ. سه‌رمایه‌ش خه‌سڵه‌تێکی جیهانی هه‌یه‌و هه‌میشه لهجوڵهدایهو هێزی کار له‌گه‌ڵ خۆیدا راپێچ ده‌کات بۆیە تا ئەم پەیوەندیە بمێنێ کۆچ هەردەمێنێ .
دیارە هۆکاری ئابووری له‌پشتی کۆچهوهیه وه‌ك ئه‌وه‌ی که جاران به‌لێشاو کرێکارانی میسری ده‌چوون بۆ عێراق بۆ گه‌ڕان به‌دوا کاردا به پێی گرێبه‌ستێك وه‌یان کۆچی به‌کۆمه‌ڵی کرێکارانی تورکی بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی کار وه یان کۆچی به‌کۆمه‌ڵی ئێرله‌ندیه‌کان بۆ ئه‌مریکا،.. لەم حاڵەتانەدا، هۆکاری کۆچ زیاتر فاکتۆری ئابووریەو عونسوری ئیختیار ئامادەیە. لەمەش زیاتر ئەم دیاردەیە ناتوانرێت بەو پێناسه باوه‌ی له‌سه‌ر په‌نابه‌ر هه‌یه بکرێت به به‌رگی ئه‌م دیارده‌یه‌ی ئێستادا، په‌نابه‌ر به که‌سێك ده‌گوترێت که له‌ژێر گوشار‌و ترس‌و به‌ده‌لیلی نه‌ژادپه‌رستانه یان ئه‌ندام بوون له‌هه‌ندێك گروپی سیاسی ،دینی،قه‌ومی،… سیاسی‌و پێشێلی مافه‌کانی مرۆڤدا وه‌یان به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه، نائارامی‌و هه‌ڕه‌شه‌وه په‌نا بۆ ژیانێکی ئارام ده‌بات، ده‌توانێ له مافی په‌نابه‌ری به‌هره‌مه‌ند بێت… ئه‌مجۆره له په‌نادان کاتی خۆی له‌لایه‌ن رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانه‌وه ڕهسمیەتی پێدراو به جاڕنامه‌ی مافی په‌نابه‌ری 1951 ناسێنراوه، و ئه‌و پرۆتۆکۆڵە له‌دوای جەنگی دووه‌می جیهانیه‌وه له‌لایه‌ن لیبراڵه‌کانه‌وه نوسرایه‌وه به‌رامبه‌ر به‌کاره‌ساته‌کانی شه‌ڕو له‌پێناو ئاوەدانکردنهوهی ئه‌وروپاو پێداویستی به‌هێزی کاری هه‌رزانی په‌نابه‌ران، وه هه‌روه‌ها وه‌ك کارتێك له‌لایه‌ن غهربو ئه‌مریکاوه به‌کارهێنرا به‌رامبه‌ر به دەسەڵاتی یه‌کێتی سۆڤیتی جاران له‌دنیای دابه‌شبووی دوو جه‌مسه‌ری ئه‌وکاتدا… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئێستا زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانی دنیا ده‌ستیان له‌م جارنامه‌یه شتوهو چه‌ندین ئاڵۆگۆری به‌سه‌ردا هاتوه، گه‌رچیش ئه‌و په‌یماننامه‌یه زامنی مافه‌کانی په‌نابه‌ران نیه. بەڵام بەبڕوای من ئەم ڕەوە بەکۆمەڵەی ئێستا که لەدنیادا بەڕێکەوتوە وه‌ك دیارده‌یه‌کی فراوان‌و به‌کۆمه‌ڵ جیاوازه له کۆچ که بەئیختیاری ئینسانەکە خۆیەتیو زیاتر بەدوای کاردایە. ئەم حاڵەتەی ئێستا ناچارکردنی ئینسانەکانەو بە ئیختیاری خۆیان نیەو زیاتر بەرهەمی قەیرانە سیاسی‌و پشێوی‌و جەنگو کوشتارو پێکدادانە قەومیو ئاینی‌و دەوڵەتیەکانە کەژیانی لەبەرده‌م ئینساندا نەهێشتۆتەوەو تەنانەت دەروازه‌ی به‌ڕووی خەباتی مەدەنیو ئینسانی‌دا داخستوە.. ئێمە لەکۆچدا کەمتر حاڵەتی تراژیدیا دەبینین چونکە کارێکی ئیختیارییانهیه، واته ئازادانه‌یه، بەڵام لەم ڕەوە بەکۆمەڵەدا تراژیدیا عونسورێکی بەردەوامە چونکە ئینسانەکانی تیا ناچارکراوە. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆرتر ڕه‌وه‌ندێکی جیهانی وه‌رگرتوه، ته‌نها به کوردستانیشه‌وه په‌یوه‌ست نابێته‌وه ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می بلۆکبهندیو کێشمهکێشو شه‌ڕی هێزه ئیمپریالیسته‌کانی جیهانه بۆ دابه‌شکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ناوچهکانو نفوز‌و ڕێکخستنه‌وه‌ی دهسهڵاتو هه‌ژمونیان له‌دنیادا که کۆنهپهرستانهترینو وه‌حشیترین هێزی دینی‌و قه‌ومی‌و عهشیرهتیو ناسیونالیستی له‌دنیای سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد‌دا سه‌ری ده‌رهێناوه، وه به‌تایبه‌ت له‌م ده‌وره‌یه‌دا میحوه‌ری شه‌ڕو دهعواکانیان ڕووی له خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو باکوری ئه‌فریقایه‌و به‌هۆیه‌وه به هه‌زاران ئینسانیان به‌ناچاری لهشوێنو ژیانی خۆیان هه‌ڵکه‌ندوه‌و ناچاریان کردون به‌کۆمه‌ڵ ڕه‌و بکه‌ن له‌پێناو گه‌ڕان به‌شۆین ژیان‌و ئارامیدا.
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌توانم بڵیم بەمانایەک ڕه‌وێکی هاوچارهنوسیه کاتێك ده‌بینین به‌ده‌یان ژن‌و مناڵ‌و پیرو په‌ککه‌وته‌ی کورد‌و سوری‌و ئهفغانیو ئهفریقاییهك له‌یه‌ك ڕیزدا ڕاوه‌ستاون یه‌ك چارهنوسو ئاینده چاوه‌ڕێیان ده‌کات.
دیدگای سوشیالستی: کەوایە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم شەپۆلە بۆچی دەگێڕنەوە؟ ئایا دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە لەسەردەمی ئێستادا ده‌گەڕێتەوە بۆ دۆخێکی ناوخۆیی یان جیهانی ئەمرۆ؟
ده‌شتی جه‌مال:
ئه‌م دیارده‌یه تایبه‌ندمه‌ندیه‌کی جیهانی هه‌یه تا ناوخۆیی. دنیای ئاڵۆزی ئه‌مرۆ شه‌ڕو کێشمه‌کێشی نێوان هێزه ئیمریالیستهکانو دەوڵەتانی سه‌رمایه‌داری جیهانو مۆنۆپۆڵه‌کانی بازاڕی ئازاده له‌سه‌ر دووبارە دابەش کردنەوەی جیهان لەنێوان بلۆکبەندیە ئیمپریالیستیەکانو دابینکردنی باڵاده‌ستییان بەسەر ناوچەکانی نفوزدا کە دیارە ئەم کردەیە بۆ قازانج‌و بهرژهوهندیو که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه لەئاستی جیهاندا رێچکەی گرتووە. شکستی ستراتیژی ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی جیهان لەژێر سەرکردەی تەنهای خۆیدا، ڕێگایداوە بە دەرکەوتن‌و هێز نواندنی دوو جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی ئابووری‌و سیاسی‌و عه‌سکه‌ری جیهانو هه‌ر هێزێکیش له‌و جه‌مسه‌رانه به پێی گۆڕینی هاوکێشه سیاسیهکانو هاوسه‌نگی هێزیان به‌زیانی ئه‌وه‌ی تر‌و ته‌سلیم بوون به خواسته‌کانیان، دنیای شارستانی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵومه‌رجێکی نهخوازارودا لوشداوه ئه‌ویش بۆ هه‌ژموونی‌و ده‌سه‌ڵاتى سياسیو سه‌ربازيیان به‌سه‌ر جيهاندا وه‌كو تاكه زلهێزو به‌ده‌ستهێنانی به‌شی زیاتر. به تێڕوانینێك له باکوری ئه‌فریقا تا خۆرهه‌ڵاتی ناوهراستو ئۆکرانیا، ئه‌وه ئه‌بینین كه به‌زنجیره‌یه‌ك تاوان که له شێوه‌ی دهخاڵهتگهريى ڕاسته‌وخۆی عه‌سكه‌ری ئه‌و هێزه ئیمپریالیستانهو سیاسه‌تی داگیرکارییان، سهرخانو ژێرخانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یان تێکداوه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه دواکه‌وتووترین هێزی دینی‌و قه‌ومی‌و عهشیرهتیو تیرهگهرییان هێناوه‌ته سه‌ر شانۆ‌و بونه‌ته پاڵه‌وانی گۆڕه‌پانی سیاسی‌و له ڕێگای ئه‌و هێزه بۆرجوازی‌و ناسیونالیست‌و ئیسلامیانه‌وه که به‌سه‌ر ئه‌م دوو که‌مپه‌دا دابه‌ش بوون که له‌لایه‌ك ئه‌مريكاو ناتۆ‌و تورکیا‌و سعودیه‌و قه‌ته‌رو رێکخراوی داعش، ڕاوه‌ستاوه. له لایه‌کی تر روسیا‌و چین‌و ئێران‌و ئه‌سه‌دو حزب‌و اللهو تا حوسیه‌کانی یه‌مه‌ن له‌ده‌سته‌ی عه‌سکه‌ری هێزی به‌رانبه‌رن. به‌م هۆیه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی تيرۆريزمى ئيسلامیو ڕه‌وته كۆنه‌په‌رسته دینی‌و تائیفیه‌كان كه سڵ له هیچ تاوانێکی دڵتهزینو کوشتارێکی به‌کۆمه‌ڵ ناکەنه‌وه له سوریا تا عێراق‌و لیبیا‌و یهمهنو ته‌نانه‌ت ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپادا له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م هاوكێشه جیهانیانه‌ن. جگه له‌مانه‌ش زیندووكردنه‌وه‌ی یاسا كۆیله‌تی‌و دیلهێنهرهكانی سه‌ده تاریكهكانو فرۆشتنی ژنان‌و سه‌ربڕینی مرۆڤ به به‌رچاوی دنیا‌و.. سود وه‌رگرتن له تازه‌ترین میدیای جیهانی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه له كارنامه‌ی ئه‌و ڕه‌وتانه‌ن كه له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك باڵاده‌ستییان هه‌یه.پێویسته و ده‌بێت هۆكاری ڕاسته‌قینه که له‌پشتی ڕه‌وی به کۆمه‌ڵه‌وه‌یه ده‌ستنیشان بكرێ و ئه‌مه ده‌ربکێشرێت له پشتی ئه‌م پروپاگه‌ندانه‌ی كه ئێستا له‌لایه‌ن جه‌مسه‌ره جیاجیاكانه‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌و هه‌موو ئه‌و پاساوانه‌ی که له مێرکل تا ئۆباما‌و دیڤیدکامیرۆن.. ده‌یهێننه‌وه ڕۆشن بكرێنه‌وه كه هه‌مووی بۆ شاردنەوەی ڕاستیه‌کانه. ئەوان باش دەزانن ئەوە ئەنجامی سیاسەتی قێزهوهنو شه‌ڕو کاولکاری ئه‌وانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری‌دا کە ئەم هه‌زاران ئینسانه ریزبهستوه، ئه‌م ئۆردوە گه‌وره‌یه سەرگەردان‌و ماڵ‌وێران بوون. ئه‌و هێزانه خۆیان له‌و پشێویونالەباریو لێکترازانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا ده‌وریان بووه، له عێراق تا ئهفغانستانو لیبیا‌و سوریا ئاسه‌وارێکیان له کۆمه‌ڵگای مهدهنیو ژیانی مه‌ده‌نی نه‌هیشتۆته‌وه، کۆمه‌ڵگایان تا ئه‌وپه‌ری ڕاده وێران‌و نابوت کردووه، تیرۆر‌و کوشتوبڕو ده‌یان باندی ئینسانکوژیو مافیای سه‌ری ده‌رهیناوه، جه‌ماوه‌ری ملیۆنی که‌وتوونه‌ته به‌رده‌م برسێتی‌و بێدهرهتانیو نائه‌منی… له‌ده‌وره‌ی شه‌پۆلی شۆرش‌و ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا وه‌ك هێزی دژە شۆڕش، شۆڕ‌شیان به‌لاڕێدا برد، بۆیه گرنگه ئه‌و ڕاستیانه بخرێته پیش چاوی خه‌ڵك‌و ڕێگایه‌کی کارسازو واقعی بۆ ڕاگرتنی ئه‌م نه‌زیفه‌و وێستگه سهرهکیەکانی به‌رگرتن به‌م لێشاوه گه‌وره‌یه بۆ به‌رده‌م ڕای گشتی نیشان بدرێت بهعهمهلیو به‌رامبه‌ری به هه‌ڵگرتنی په‌رچه‌می ئازادی‌و ژیانی ئاسوده‌ی ئینسانیه‌وه ڕاوه‌ستین.
هه‌ر بۆیه دانیشتوان‌و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به‌کۆمه‌ڵ ڕه‌و دهکهنو که‌شتی مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرن تا له ده‌ستی دڕندایهتیهكانی سیستهمو فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوا ناسیۆنالیستی‌و ئیسلامی ڕزگاریان بێت. ده‌سه‌ڵاتێك كه خه‌ڵكی له سه‌ره‌تاییترین مافه سیاسی و مهدهنیو کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان بێبه‌شکردوه، داخوازی‌و داوا ڕه‌واکانیان ژێر پێناوه‌و ژیان‌و ئازادی‌و داهاتووی خه‌ڵکیان به بارمته‌گرتوه.
سیاسەتو شێوازی کاری ئەمەریکاو وڵاتانی غه‌رب بۆ دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە جگه له پشتیوانی ئه‌و هێزه درنده‌و ئینسانکوژو دژه ئازادییانه هیچی تر نه‌بووه، ئه‌وان بوون ده‌ستی هه‌ندێك لایهنو گروپی ئیسلامی سیاسیان (میانه‌ڕه‌و) ده‌سته‌مۆکراوی خۆیان گه‌یانده کورسی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا که کۆمه‌ڵگایان نقومی خوێن کرد. وه‌یان زۆر جار قوربانیه‌کانیان کردۆته ده‌ستمایه‌یه‌ك بۆ ڕاکێشانی ههستو سۆزی ئینسانی دنیا‌و خۆیان وا نیشانداوه فریای ئاواره‌و لێقه‌وماوان دهکهونو پهنابهرانو ئاواره‌کانی ناوخۆشیان وه‌ك ئامرازێك به‌كارهێناوه بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانیان به ناوی “فریاکه‌وتنی ئاواره‌کانه‌وه”.
دیدگای سوشیالستی: بەڵام تائەو جێگەیەی بە “کۆچی گەنجانی کوردستان” دەگەڕیتەوە، ئه‌م دیارده‌یه له ئیستادا چۆن ته‌فسیر ده‌که‌ن وهه‌روه‌ها باس لەهۆکاری ’’نابەرپرسیارێتی دەسەلاتدارانی کوردستان‘‘ بەرامبەر بەژیانی هاولاتیان و نائەمنی بونەکەی دەکرێ؟ تاچەند ئەم مەسەلەیە لەلیکدانەوەی ئیوەدا جێگای هەیە؟
ده‌شتی جه‌مال:
ئه‌و داروده‌سته‌یه‌ی که‌خه‌ریکن به‌ناوی ئه‌حزابی سیاسیه‌وه هه‌موو بواره‌كانی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانیان بهبارمتهگرتوه، به‌دڵنیایه‌وه به‌رپرسن، ئه‌وه ئه‌وانن ژیان‌و ئایندهی خه‌ڵکی کوردستانیان به‌ستۆته‌وه به سیاسهتو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکاو غه‌رب وحکومه‌ته کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که‌وه. هاوکات کێشمه‌کیشی جه‌مسه‌ره سیاسی و عه‌سکه‌ریه‌کانی جیهانی سه‌رمایه‌داری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌کوردستانیشه‌وه تیاکراوهته سه‌نته‌ری ڕووبه‌رووبونه‌وه، و ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستان به خۆبه‌ستنه‌وه‌و خۆجووتکردن به سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستیهکانهوه خه‌ڵکی کوردستانیان له ساڵۆنی چاوه‌ڕوانیدا ڕاگرتووه. شوبهاندنی دیارده‌و شه‌پۆلی ره‌وی به‌کۆمه‌ڵی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌م شێوه به‌ربڵاوه به ساڵه‌کانی دوای 1991 ی راپه‌رین وه‌یان شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستان، به بڕوای من ده‌مانخاته هه‌ڵه‌وه چونکه جیاوازی زۆر هه‌یه له‌به‌ینی ئه‌و دیارده‌یه‌ی ئێستا و دیارده‌ی ساڵی 1991 که له‌دوای شه‌ڕی که‌نداو ودواتریش ڕاپه‌رینه‌وه خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی سهرکوتگهرهوه دووچاری ئاواره‌یی و ڕه‌و بۆوه… وه‌یان به‌هۆی شه‌ری ناوخۆی یه‌کێتی وپارتییه‌وه له پێناو ئه‌وه‌ی کامیان کورسی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن و پێشرهوبن له به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکاو غه‌رب، وبه‌و هۆیه‌وه ئه‌وکات کوردستان گۆڕا به ئوردوگایه‌کی گه‌وره‌ی ئاواره‌یی و ژیانی مه‌ده‌نی تیا هه‌ڵواسرا وبه‌ره‌و بێئاسۆیی په‌لکێشکرا، سه‌دان که‌س له‌شه‌ڕی نێوان ئه‌و هیزانه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداو ئاواره‌بوون وه‌یان ملی رێگه‌یان گرته‌به‌ر بۆ هه‌نده‌ران که ئه‌و کات ئه‌و دۆخه زۆرتر تایبه‌تمه‌ندیه‌کی ناوخۆیی هه‌بوو نه‌ک جیهانی. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وه به‌کۆمه‌ڵه‌ی ئێستای خه‌ڵکی کوردستان هاوچارهنوسیه به‌واتای ئه‌وه‌ی كه کوردێک و سوریه‌ک و ئه‌فریقاییه‌ک و لیبیه‌ک و سۆماڵیه‌ک هه‌مویان له‌گه‌ڵ یه‌ک چاره‌نوسدا به‌ره‌وڕوون خۆیان ده‌ده‌نه ده‌ست که‌شتی مه‌رگ وسنوری ته‌لبه‌ند ودرکاوی مه‌رزه‌کانی ئه‌وروپا ده‌بڕن هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێ‌کرد، تێکرا قوربانی شه‌ری ئیمپریالیستی ئه‌مریکاو غه‌ربن له‌لایه‌ک و رووسیاو چین له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وهیزه ناسیونالیست‌و ئیسلامیانه‌ی لە گۆشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانه‌وه له‌ناوچه‌که‌دا به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و هێزه ئیمپریالیستیانه‌دا دابه‌ش بوون.
ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورد له کوردستان له 24 ساڵی دهسهڵاتداریتدا پشتگیری سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا بوون چ له ده‌وره‌ی گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ر خه‌ڵکی عێراق چ له‌ده‌وره‌ی شه‌ڕی که‌نداو ودواتریش داگیرکاری وکاولکاری عێراقدا تا دوای شکستی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له‌عێراقدا و هه‌ڵکشانی سیاسه‌ته‌کانی بارزانی له‌به‌ره‌ی تورکیا ویه‌کێتی له‌به‌ره‌ی ئێران‌دا وپاشان به‌هاتنی داعش دووباره ئه‌و حزبانه‌ی کوردستان به‌پێی قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان به‌سه‌ر ئه‌م که‌مپه جیهانیه‌دا دابه‌ش بوون، به‌م شێوه‌یه خه‌ڵکی کوردستانیان خستۆته نێو ڕه‌وه‌ندێکی جیهانی وئاڵوگۆڕی هاوسه‌نگی هێزه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌وره‌یه‌ک به‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس کوردستان بوژانه‌وه‌یه‌کی ئابووری گه‌وره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت وته‌نانه‌ت زۆر که‌س له‌ده‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان بۆ ژیان دامه‌زراندن، به قاچ ڕاکێشانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ نێو ئه‌م قه‌یرانه جیهانیه خه‌ڵکی کوردستانیش هه‌مان چاره‌نووسی ئه‌وسیاسه‌ته جیهانیه ده‌یانگرێته‌وه که هێزه ئیمپریالیسته‌کان له‌پشتیه‌وه ڕاوه‌ستاون و به‌م شێوه‌یه خه‌ڵکی کوردستانیان له چاوه‌ڕوانی و نائومێدی ڕاگرتوه وته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نین شه‌ڕی شێلگیرانه‌ی داعش بکه‌ن. سه‌راپای ئه‌م كارنامه سیاسیه وای كردووه كه خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان ببنه قوربانی سه‌ره‌کی ئه‌و دۆخه….. بێگومان ئه‌م بارودۆخه له ڕووی ئابوری و سیاسی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكه‌وه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئەگەر ئەڵێن بێ‌کاری هۆکاری ڕه‌وی گەنجانە ئەوە هەر ئەم دەسەڵاتەیە کە مەسئولیهت له خۆی نیشان نادات بۆ دابینكردنی کار یان بیمەی بێكاری. ئەگەر دەڵێین نه‌بوونی خزمەتگوزاری خوێندن و خۆشگوزه‌رانی هۆکاری ئه‌و جێهێشتنهیه، دوبارە ئەوە هەرئەم دەسەڵاتەیە کەژیانی گەنجانی سپاردوە بە بازاری سه‌رمایه‌و کڕین و قازانجی بەرپرسان‌و خاوەن کۆمپانیاکان.. ئەگەر ئەڵێین هۆکارەکە قەیرانی سەرۆکایەتیە ئەوە هەرئەم حزبانەن له پێناوی دابه‌شکردنی دەسەڵاتو داهات لەنێو خۆیاندا ئه‌م دۆخه‌یان خوڵقاندووه و ئه‌م قه‌یرانه‌ش که تۆشی بوون ئه‌نجامی فه‌شه‌لی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌وانه که‌چی ده‌یانه‌وێت ئاکامه‌که‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بشکێنه‌وه… هەندێ مەسەلەی تایبەتی ژیانی گەنج لە کوردستان هه‌ر نیە…هیچ فرسەتێك بۆ خۆشی و تەرفیهی گەنج وەکو شوێنی وەرزش بە خۆڕایی… سینەماو شانۆ… شوێنی حەوانەوەی گەنجان … تێکەڵ بوونی کچان و کوڕان لە چالاکی هونەری و کۆمەڵایەتیدا… نەبوونی فرسەتی پەیوەندی خۆشەویستی و نەبوونی ئازادی بۆ گەنجان نیه.
نەبوونی مووچە و گرانی بازار نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی لەوانە کارەباو ئاو و تادەگات بە بواری تەندروستی و پەروەردە.. نەبوونی دامەزراندن بۆ خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان… دزی ئاشکراو گەندەڵیەکی بێ وێنە… هێرش بۆ سەر ئازادیەکان و ڕۆژنامەگەریی، لوشدانی داهاتی کوردستان لەلایەن حزبەکانی کوردستانەوە… دانی هەزاران بەڵێن لە هەڵبژاردنەکان و دەرکەوتنی درۆکان و هیچ نەگۆڕین… ئومێد نەمان بە هیچ جۆرە چاکسازیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە که ماوه‌یه‌ک ئه‌حزابی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن خه‌یاڵی ده‌ستاوده‌ستپێکردنی ده‌سه‌ڵاتیان پێدهبهخشیهوه … ده‌سه‌ڵاتی داعش به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌ی عێراق و شەڕی ڕۆژانه‌وه و ئەو هەموو قوربانیانەی ڕۆژانە دەگەرێنەوە بۆ خانەوادەکانیان…له مانه‌ش زیاتر دیار نه‌بوونی ئاینده‌و چاره‌نوسی کوردستانه وبۆشایی” نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت” له کوردستاندا به‌وه‌ی نه‌خۆی ده‌وڵه‌ت بێت نهبهشێک بێت له ده‌وڵەتێکی ئارام و سه‌قامگیر. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكن له ژیانی خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌گه‌ر ژیانی خه‌ڵك ئارام بووایه، له شه‌ڕی بلۆكه جیهانیه‌كانه‌وه نه ئاڵێنرایه، ژیان و بژێوی و ئازادیه‌كانیان دابین بكرایه، خه‌ڵك ناچار به جێهێشتنی کوردستان نه ئه‌بوو. هه‌ربۆیه ئەم دەسەڵاتو حکومەتە هاوبەشەی حزبەکان هۆکاری ڕه‌وی گه‌نجان و خه‌ڵكن به گشتی وه ته‌نانه‌ت هەر دەرد و گرفتێكه کە ڕووی لەژیانی خەڵک کردووە..
له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه دوای ته‌جربه‌ی 24ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد به‌تایبه‌تی به‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه جارێکی تر کوردستانیان لکاند به ده‌سه‌لاتێکی قه‌ومی ئیسلامی-عه‌ره‌بی له‌چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمی قه‌ومیدا پیناسهکردوه، ڕۆژانه خه‌ڵکی کوردستانیان له‌گه‌مه‌ی نێوان خۆیان و ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی هه‌ر جاره‌ی له‌ژێر ناوێک ڕاگرت، جارێک به به‌هانه‌ی ماده‌ی 140، یا کێشه‌ی ناوچه جێناکۆکه‌کان، پێشمه‌رگه، بوجه و موچه وداهاتی نه‌وت و … ئه‌مه سه‌رباری داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی میلیشیای به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه ودابڕ دابڕکردنی خه‌ڵکی کوردستان به‌سه‌ر دوو زۆنی سه‌وزو زه‌رد وخنکاندی هه‌موو ده‌نگێکی ئازاد‌و سه‌رکوت ونائه‌منی وهه‌ژاری ووبێکاری وده‌یان ده‌ردو موسیبه‌تی تر وله‌ولاشه‌وه خۆیان وده‌ستو پێوه‌نده‌کانیان ژیانێکی شاهانه‌و وخۆشگوزه‌رانیان بۆ خۆیان دابینکردوه ته‌واوی سه‌رچاوه‌و داهاتی خه‌ڵکی کوردستانیان له گیرفان وژێر زه‌مین وبانکه‌کانی ئه‌وروپا ناوه، هه‌ڵومه‌رجی ژیانیش بۆ خه‌ڵکی کوردستان کراوه‌ته دۆزه‌خێک ڕۆژانه تیا ده‌سوتێن. یه‌کێتی و پارتی ده‌یان ساڵه قازانج‌و ژیان‌و ئه‌منیه‌ت و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن به‌قوربانی سیاسهتو مهرامو کێشمه‌کێشه‌کانی خۆیان بۆ خاتری دابه‌شکردنی دهسهڵاتو وداهاتی نێوان خۆیان له‌و ڕێگایه‌شدا په‌نا بۆ هه‌موو شێواز و وابه‌سته‌ییه‌ک ده‌به‌ن له‌ده‌ست ڕاکیشانی سوپای جمهوری ئیسلامی ئێرانه‌وه تا ده‌وڵه‌تی فاشستی تورکیا بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی کوردستان .که‌وایه سه‌رنجێکی کورت له دۆخی ئێستا به‌سه بۆ بینینی ئه‌و واقعیتهی که ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورد به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانیه‌وه به‌رپرسیارن له‌و هه‌ڵومه‌رجه نائومیدکهرو ناله‌باره كه له ئێستادا یه‌كێكی تر له ئاكامه‌كانی ڕه‌وی به كۆمه‌ڵه.
به‌داخه‌وه زۆر جار ده‌بینین ئه‌و دیارده‌ی ڕووکردنه ده‌ره‌وه‌ی گه‌نجان گوایه به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.. له کاتێکدا ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه که ئهمنیهتوئاسایشی ژیانی گه‌نجانی خستۆته مه‌ترسیه‌وه ئه‌وه ئه‌وانن که وه‌ڵام به پێداویستی ژیان و ئازادی و بژێوی و ریفاهی کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاریه‌کان ناده‌نه‌وه…ئەگەر ئه‌وان بیر لە ئاسایشی هەرێم دەکه‌نه‌وه با ژیانی خەڵک و گەنجان باش بکه‌ن و ئازادی سیاسی لە کوردستاندا لە زاخۆوە تا خانەقین بە ڕەسمی بناسرێ و ڕێزی لێبگیرێت…..وه ئه‌وه‌یه ئاسایشی تێکداوه نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی. وه‌یان ئه‌م دیارده‌یه‌یان به حەرام کردن و کافرکردن لێکدایه‌وه. له کاتێکدا ئەم جۆرە دەربڕینانە ناتوانێ بەربەم شەپۆلە بگرێ چونکە خەڵک لەسەری ژیانەوە ئیجبارکراوە بەجێهێشتنی وڵاتەکەی نەک لەوەوە کە لەسەریاندا وەک عەقیدە جێگای گرتووە.. بەبڕوای من ئەوانەی ئەم فتوایە دەدەن خۆیان نەک هەر خەریکی پاساوکردنی دەسەڵاتو هەڵومەرجی مەوجودن بەڵکو خۆیان لەڕیزی ئەوهۆکارانەن کەپاڵ بەگەنجانەوە دەنێن تا ولات بەجێ بهێڵن.. لەلایەکی تریشەوە ئه‌و جێهیشتنه دیاردەیەکی کۆمەلایەتیو سیاسی‌و ئابوریە و بەوەی کە بخرێتە خانەی کافر‌و باوەڕداریەوە بەری پێناگیرێت .. بۆیە به بڕوای من ئەم بانگەشانە ناتوانێ بەر بەم دیاردەیە بگرێ، من وای ده‌بینم ئەوانەی باسی حەرام و حەڵاڵکردنی “کۆچ” دەکەن خۆیان دەوریان هەیە لە نائارامکردن و تێکدانی ژیانی کۆمەڵایەتی گەنجان… ئەوانە خزمەت بە دەسەڵات دەکەن و بەرگری لەو دەسەڵاتە دەکەنو دەیانەوێ گەنجان بەو وەزعە کارەساتبارەیان ڕازی بکەن… پێموایە بۆ گەنجانێك کە لەم ژیانەی کوردستان نارەحەت و بێئومێدن، ئەو پڕوپاگەندەیە بایه‌خی چڵه پوشێكی نیه. ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی ده‌ستیان هه‌یه له خوڵقاندن وبه‌شداری ئه‌و دۆخه‌دا له ته‌جربه وکرده‌وه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردودا خۆیان ده‌ستیان هه‌بوو له ده‌ستخستنه ناو ده‌ستی حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا بۆ بڕینی مافی په‌نابه‌ری له‌و خه‌ڵکه‌ی که‌خۆیان ناچاریانکردوه ژیانی په‌نابه‌ری هه‌ڵبژێرێت و زیاتر له‌مانه‌ش فرۆکه‌خانه‌کانیان ده‌خسته سه‌رپشت بۆ پێشوازی له وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانێک که به‌دور له‌خواست و ویستی خۆیان دیپۆرتی کوردستان ده‌کرانه‌وه.
دیدگای سوشیالستی: هەروەک دەزانن شەپۆلەکانی ’’پەنابەری‘‘ ئەم دەورەیە ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپایە، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟ لەلایەکی تریشەوە مامەڵەی دەوڵەتانی ئەوروپا وتورکیا لەم مەسەلەیەدا وەک یەک نییە، لێکدانەوەی ئیوە بۆئەم حاڵەتە چییە؟
ده‌شتی جه‌مال:
به‌دروست شه‌پۆلی ئه‌مجاره له‌و ئاسته فراوانه‌دا ڕووی له‌و وڵاتانه کرد که به زۆنی EU ناسراوه زۆرترینیش وڵاته‌کانی ئه‌ڵمانیاو نهمساو فه‌ره‌نساو به‌شێک له وڵاته‌کانی ئهسکندهنافیای گرته‌وه به‌و هۆیه‌ی به‌رهه‌می خه‌باتی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشی ئه‌و وڵاتانه به‌شێکی زۆر له مافه مه‌ده‌نی وئینسانیهکان ده‌ستبه‌رکردووه و ئه‌وانیش ده‌توانن سود له نیعمه‌ته بهرههمهاتوهکانو ده‌ستکه‌وته به‌شه‌ریه‌کان وه‌ربگرن ولایه‌نی که‌م ژیانێک بۆ خۆیان و داهاتووی مناڵه‌کانیان زامن بکه‌ن وپارێزراوبن….. له‌لایه‌کی تره‌وه جیهانی شارستانی و ڕێکخراوه ئینسان دۆست‌و یه‌کێتیه کرێکاریی و ئهکتڤیستهکانی له‌ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپا کاردانه‌وه‌یان لهخۆنیشانداو زه‌خت و فشارێکی گه‌وره‌یان هه‌بوو به‌سه‌ر حکومه‌ته‌کانیانه‌وه بۆ وه‌ڵام به‌و قه‌یرانه‌ی ڕووی له ئه‌وروپا کرد و ئه‌و حكومه‌تانه هه‌ر زوو که‌وتنه به‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی گشتی، بهئیدعایهک که یه‌کێتی ئه‌وروپاش هه‌یه‌تی سه‌باره‌ت به‌ئازادی هاتوچۆ له‌سنوری ئه‌وروپادا ونیشاندانی ڕوخساری پێشه‌نگی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ له‌خۆیان .
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌و حکومه‌تانه‌ی ئه‌وروپا خۆیان هۆکارێکی ئەم تراژیدیا و کاره‌ساتانه‌ن که ڕووی له‌و قوربانیانه‌یه. له‌لایه‌ک له‌ناوخۆی وڵاته‌کانیان ده‌رگا داده‌خه‌ن به‌ڕووی ههڵهاتوان له‌ده‌ست شه‌ڕ وپشێوی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌توندکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان، به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی مافه‌کانی په‌نابه‌ران، زیندانیکردن، پێشێلکردنی مافه‌کانی کرێکارانی بیانی وهێرشکردنه سه‌ر مافه مه‌ده‌نیه‌کان ورێزنهگرتن له‌که‌سانێک کهقوربانیانی رژێمه سه‌رکوتگه‌رو چینه ده‌سه‌ڵاتدارو کۆنه‌په‌رسته‌کانی خۆرهه‌ڵات و باکوری ئه‌فریقان. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌وه کارنامه‌ی خودی حکومه‌ته‌کانی ئه‌ورپایه لەدەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سه‌ربازی و سیاسی وستراتیژی له‌و ناوچانه و پشتیوانی ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌رو دژه ئازادیه‌کانی ناوچه‌که، خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ناچار به‌هه‌ڵهاتن و هه‌ڵبژاردنی ژیانی په‌نابه‌ری کردووه. کاتێکێش ئەم ئینسانانە بۆ دۆزینەوەی پەنایەکی ئارام ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، یاسا‌و پۆلیس وپەلامارە ڕاسیستیەکان دەکەنە پشتێنەی ڕاگرتنی کۆچی بەناچاری پەنابەران. ئه‌وه‌تا حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا له‌سه‌ره‌تای ئه‌و قه‌یرانه‌وه ناچاربوون کۆببنه‌وه و ڕێگا چاره‌ی جۆراجۆر بخه‌نه بەرنامەی حکومه‌ته‌کانیان و ده‌زگا تایبه‌تیه‌کانی فرۆنتێکس (Frontex)، تا وه‌ڵامێک به قه‌یرانی مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵی په‌نابه‌ران بده‌نه‌وه، لە سەرەتاوە ده به‌ندیان دیاریکرد، پاشان وه‌رگرتنی به‌شێکی که‌م له‌و په‌نابه‌رانه ..وه‌هه‌روه‌ها جگه له چاودێریکردنی سنوره‌کان و ده‌رگا داخستن به‌ڕووی قوربانیه‌کان و به‌رهه‌ڵستی کردنی ئهوباندو ده‌ستانه كه بازرگانی به گیانی ئینسانه‌کانه‌وه ده‌که‌ن، هیچ ئاماژه‌یه‌کی کارسازو عه‌مه‌لی تیادا نه‌بینرا.. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌کرا فرۆکه و که‌شتی سه‌ربازی به‌کاربهێنرێت، ئه‌و که‌شتی و یه‌ختانه‌ی له لیبیاوه به‌رێده‌که‌ون پێش گه‌شتنیان بیانسوتێنن وه‌یان بیانگێڕنه‌وه بۆ لیبیا. چه‌ند جار پیشنیار و ئیمکاناتی جۆراجۆریان خسته به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاته‌کانی لیبیا‌و یۆنان وتورکیا هه‌موو ئه‌مانه ناکام مایه‌وه .. له‌م نێوه‌دا که‌وتنه‌وه ده‌ستبردن بۆ به‌رگرتن وداخستن وتوندکردنه‌وه‌ی ئه‌وڕێگایانه‌ی که‌یه‌که‌مین ویستگای ده‌رچوونی قوربانیه‌کانه بۆ ئه‌وروپا.. میرکل ڕوو له تورکیا ده‌کات دوای ئه‌وه‌ی تورکیا به هوشیاریه‌وه له‌سه‌ره‌تاوه ئاسانکاری بۆ ئهولێشاوهی په‌نابه‌ران ده‌کات تا به سنوره‌کانیدا ده‌ربازبن و به‌مجۆره بازرگانی به مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌رانه‌وه کرد و ئه‌م جاره کارتی په‌نابه‌رانی کرده فشارێک بۆ یه‌کێتی ئه‌وروپا ، دیاره به خاتری ئه‌وه‌ی ئیمتیازێکی له ئه‌وروپا پێوه‌ربگرێت ..هه‌ر وه‌ك بینیمان ئه‌وه‌ی داوای سه‌فقه‌یه‌کی 200 ملیاردی ده‌کرد له‌به‌رانبه‌ر داخستنی سنوره‌کان به‌رووی قوربانیه‌کاندا. ئه‌مه‌یه ئه‌م هیومانیزمهی حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا له کاتێکدا ده‌توانرێت ئه‌و سه‌دان وملیارد یورۆیه لایه‌نی که‌م خه‌رجی ژیان و پیداویستیه‌کانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌و ئاواره‌کانی ناوخۆی بکرێت که له تورکیاوعێراق وکوردستان وئه‌رده‌ن ولوبنان له‌گه‌ڵ ژیانێکی مه‌مره‌ومه‌ژیدا به‌ره‌و ڕوون.
دیدگای سوشیالستی: یەكێك لەپەیامەکانی سەرهەڵدانی “قەیرانی پەنابەرێتی”، بانگەشەی ئینسان دۆستی‌و کردنەوەی سنورەکانە لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژائاواوە، ولەم نێوەدا “میرکڵ وەک فریشتەی نەجات” وەسف دەکرێ.. تاچەند ئەمە راستی تیدایە؟
ده‌شتی جه‌مال:
بانگه‌شه‌ی ئینساندۆستی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپاوه ئیدعایه‌کی هێجگار پوچ و بێبناغه‌یه، هه‌ر ئینسانێک تۆزقاڵێک ئاگای لهواقعیهتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه بێت که قوربانیه‌کانی لێوه هاتوون ئه‌وپه‌ری مایه‌ی گالته‌جاری وپێکه‌نینه، ده‌سه‌ڵاته‌كانی ولاتانی ئه‌وروپا خۆیان سه‌رچاوه‌ی ئه‌و وه‌زعه پر مهینهتهن که هیچ ئارامی و ئه‌منیه‌ت و هه‌لۆمه‌رجی ژیانکردنیان بۆ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه نه‌هێشتۆته‌وه، ئه‌وه سیاسه‌تی ئه‌وانه که جه‌ماوه‌ری که‌نار خستوه و چاره‌نوسیان سپێراوه به کۆمه‌ڵێک داروده‌سته‌ی ئینسان کوژو تاقمی ناسیونالیستی و ئیسلامی وپردی په‌ڕینه‌وه‌ی ره‌شترین کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی وه‌ک لایه‌نگرانی خۆیان له‌و ناوچانه‌دا شکڵپێداوه، ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یان نقومی جهنگو داگیرکاری وتیرۆریزم ونائه‌منی وجۆره‌ها کارهساتکردوه له کاتێکدا هه‌ر ئه‌و حکومه‌تانه ده‌یانتوانی هه‌ڵومه‌رجێک بخولقێنن که بواری ژیانێکی شایسته به ئینسان و سیسته‌م وده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی و سکولار له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا دابمه‌زرێنن که سه‌رجه‌م مافه مه‌ده‌نی و ئینسانیه‌کان زامنبکات. به‌داخه‌وه ئه‌و په‌نابه‌ره‌ی وێنه‌ی مێرکل به‌رز ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌ی له‌یاد ده‌چێت که ئه‌و قوربانی دڕنده‌ترین سیاسه‌تی میرکل و هاوسیاسیهکانێتی، که له‌ژیانی خۆی هه‌ڵکه‌نراوه. زیندانیکردن و توندکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان وتهلبهندکردنی و کردنه‌وه‌ی که‌مپی جۆراجۆر له به‌ڵقان وسربیاو تا هه‌نگاریا وبولگاریا وه ده‌رکردنی چه‌ندین یاساورێگای جۆراجۆری نائینسانی وبه‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی وگازی فرمێسک به‌رامبه‌ر به ژنان و مناڵان، ئه‌وپه‌ڕی مایه پوچی و هیپوکراسیهتی (دووڕوویی) ئه‌م ولاتانه ده‌رده‌خات. وه‌رگرتنی ئه‌وژماره لەپەنابەران لەسەرەتاوەو دابەشکردنی بەسەر ولاتەکانی ئەوروپادا، له‌به‌رخاتری پێداویستیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌یه که له‌زۆنی EU دان به‌هێزی کاری هه‌رزان وپڕکردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانی بازار.. ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تێکی پێکهێنا بۆ بانده مافیاییەکان و قاچاغچیەکان بۆ بازرگانیکردن بە ناردنە دەرەوەی په‌نابه‌ران و بازاڕیان گه‌رم بوو، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌یان پرکردوه، حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا که‌وتنه دۆخی جاران و باوه‌شێنکردنی ڕه‌وته راسیستو نه‌ژاد په‌رسته‌کان که له‌و نێوه‌دا ده‌یان که‌مپی په‌نابه‌ران له ئه‌ڵمانیاو سوید‌و شۆێنه‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپادا ئاگری تێ به‌ردرا.
دیدگای سوشیالستی: ناسیونالیزم لەکوردستان ڕیوایەتی “لەدەستدانی دڵسۆزی بۆ نیشتمان” دەخاتە پاڵ ئەو گەنجانەوە کەبەشەپۆلەکانی ئەم دیاردەیەوە پەیوەست بون و کوردستان بەجێ دەهێڵن.. لەمبارەوە چی دەڵێن؟
ده‌شتی جه‌مال:
ئینسان پێش ئه‌وه‌ی هیچ پێناسه‌یه‌کی به نیشتیمانه‌وه هه‌بێت، ئینسانه و مافه‌کانی جیهانداگره و کۆمه‌ڵگا ئه‌رکێتی ئازادی و ویه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی و له ته‌واوی ئیمکانات‌و نیعمه‌تی مادی و مه‌عنه‌وی کۆمه‌ڵگا به‌هره‌مه‌ند بێت، که‌وایه ئینسان موقه‌ده‌سه نه‌ک نیشتیمان. هه‌ڵبژاردنی ژیانی ئاواره‌یی و په‌نابه‌ری هیچ کات ئیختیارێکی ئازادانەی ئینسانه‌کان نه‌بووه، به‌ڵکو هه‌میشه ناچارکراوه به به‌جێهێشتن. ئێمه به‌ته‌واوی تواناوه له پشتی ماف‌و داواکاری‌و حورمه‌تی ئه‌و ئینسانانه ڕاده‌وه‌ستین که به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت نایانه‌وێت له‌کوردستان بمێننه‌وه وه‌یان ناچارکراون کۆمه‌ڵگای خۆیان جێبهێڵن. پێچه‌وانه‌ی ته‌فسیری ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵات له‌کوردستان بەتایبەتیش میدیاکانی سەربە دەسەڵات و ڕاگەیاندنە سێبەرەکانیان، بەمەبەستی داپۆشینی کارنامەی دزێوی دەسەڵات وئەو جیاوازیە چینایەتیەی کە لە نێوان خێزانی فەرمانڕەواو زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستاندا هەیە، ئەم شەپۆلەی ڕۆیشتنی گەنجانیان بە”سستبوونی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێو گەنجان”دا لێکدایەوە، هه‌روه‌ک چۆن جاران ئه‌وانه‌ی ڕوویان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدهکرد به که‌سانی ترسنۆک و خیانه‌تکار وه‌یان به‌چاوی سوک ته‌ماشا ده‌کرد ئیستاش ئه‌م ده‌سته‌واژانه به‌کارده‌به‌ن جۆرێک ڕاهاتوون له‌سه‌ر ئه‌م توههمهت بهخشینهوهیهوه که ناتوانێت هیچ جێگایه‌ک له فکرو زهنی خه‌ڵکی کوردستاندا بگرێت ولهکهداریان بکات… ئه‌مه چ سیاسه‌ت و ئیدعایهكه؟ ههڵومهرجێكیان سازكردووه تورسكایی ئاسوده‌ییان بۆ ژیانی خه‌ڵك نه‌هێشتۆته‌وه، كه‌سانێكیش كه له‌و ناله‌باریه له گیانیان بێزارن و ڕه‌وی به كۆمه‌ڵ ئه‌كه‌ن، ئه‌و جۆره قسه و قسهڵۆكانهیان ڕووبه‌ڕوو ئه‌كه‌نه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر به‌و ئیدعایانهدا و ئه‌و جۆره كارنامه‌ی ناسیۆنالیزمه‌دا، ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه كه هەموو کەس و تاکێک مافی بینینی دنیا‌و سەفەری هەیە… وه ده‌بێت ئازادی بیقه‌یدو شه‌رتی نیشته‌جێبوون، سه‌فه‌رکردن و شۆێن گۆرکێ مافی هه‌موو که‌سێکی گه‌وره‌ساڵان بێت بۆ هه‌ر وڵاتێک سه‌فه‌ر بکات وه‌یان له‌هه‌ر وڵاتێک ئیقامه وه‌ربگرێت دەبێ ئەم مافە بەسەر دەسەڵاتدا بچەسپێنرێت. ئێمه وەکو هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەدیهێنانی خواست و داواکاریانەی په‌نابه‌راندا ڕاوه‌ستاوین و ڕاده‌وه‌ستین که له‌زۆربه‌ی وڵاته‌کانی ئه‌وروپا نۆێنهرایهتیمان هه‌یه پیش هه‌رشتێک داوامان بۆ ئه‌و که‌سانه ئه‌وه‌یه ریسک به ژیانی خۆیانه‌وه نه‌که‌ن ڕێگای که‌شتی مه‌رگ هه‌ڵبژێرن، نه‌که‌ونه ده‌ست ئه‌و باندانه‌ی بازرگانی به‌جه‌سته‌ی ئینسانه‌کانه‌وه ده‌که‌ن ده‌ستیان نهبڕنو فێڵیان لێنه‌که‌ن، ناچار نه‌کرێن ڕێگای سهختو پر مه‌ترسی هه‌ڵبژیرن و خۆیان و خیزان مناڵه‌کانیان نه‌خه‌نه به‌رده‌م ڕێگای مه‌رگ، حورمه‌تی شه‌خسیان نه‌شکێنن.. تێده‌کۆشین ئه‌وکه‌سانه به ئاسانترین شێوه وکه‌م ده‌رده‌سه‌رترین ڕێگا مافی په‌نابه‌ری وه‌ربگرن له ولاتانی ئه‌وروپا، به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌تی دژی په‌نابه‌ری ولاتانی ئه‌وروپا ڕاده‌وه‌ستین … به‌شێکین له‌و به‌ره جیهانیه شارستانیه‌ی دنیا که ئه‌مڕۆ هاتۆته مه‌یدان داوای کردنه‌وه‌ی سنوره‌کان ده‌کات و پێشوازی له په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن و فشار بۆ حکومه‌ته‌کانیان ده‌هێنن مافی په‌نابه‌ریان بده‌نێ..له هه‌مانکاتدا هه‌وڵده‌ده‌ین له ئاستی جیهاندا بزوتنه‌وه‌و ڕێکخراوه په‌نابه‌ری و کرێکاریه پێشکه‌وتنخوازه‌کان پشتیوانیان بۆ به‌ده‌ستبهێنین. ئێمه لایه‌نێکی سه‌ره‌کین له‌نێو ده‌زگا نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان.. له‌سه‌ر هه‌ر بێ مافیه‌ک به‌و په‌نابه‌رانه هه‌را ساز ده‌که‌ین ، که‌مپه‌ین ده‌که‌ین له گرتوخانه ده‌ستبه‌سه‌ره‌کان ئازاد بکرێن .. به‌دژی سیاسه‌تی دیپۆرتکردنه‌وه‌ی ئه‌و پهنابهرانو ڕزگارکردنیان له چنگی به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان هه‌وڵی جدیمانداوه وبهردهوامیین.. پاریزه‌ریان بۆ ده‌گرین ..و رێنمای یاساییان ده‌که‌ین له‌چوارچێوه‌ی قانون و ڕێسای ئه‌و وڵاتانه په‌نابه‌ر ڕووی تێده‌کات ..نامه‌ی پشتیوانی‌یان بۆ ده‌نوسین ..له‌گه‌ڵ پهرلهمانتارو لایه‌نه سیاسیه‌کانی داکۆکیکار له‌مافه‌کانی په‌نابه‌ران، یاسا پێشره‌وه ئینسانیه‌کان پێشنیار دهکهینو یه‌خه‌ی ئه‌و حکومه‌تانه ده‌گرین که‌سه‌رچاوه‌ی ده‌ردو موسیبه‌ته‌کانی په‌نابه‌رانن ..جگه له‌وه‌ی ده‌یان نامه‌ی هاوبه‌ش و ڕێگا چاره به‌رامبه‌ر هه‌ڵومه‌رجی ژیانی په‌نابه‌ران خراوه‌ته به‌رده‌م حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا و یه‌کێتی ئه‌وروپا .. وه له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران ته‌نها ڕێکخراوه‌یه‌ک نیه خزمه‌تگوزاری پیشکه‌ش بکات به‌ڵکو فیدراسیۆن رێکخراوه‌یه‌که ناسنامه‌ی ژیان و ئینسانیته و ئه‌رکی خۆی به‌وه داناوه وه‌ڵام به‌کێشه‌کانی په‌نابه‌ران بداته‌وه به‌ڵام هاوکات هه‌وڵده‌دات په‌نابه‌ران خۆیان ئیراده بنۆێنن و ڕێکخراو و یه‌کگرتویان بکات به ئاسۆیه‌کی ئینسانی وسیاسی تا بتوانن بۆ به‌رگری له خۆیان بێنه مه‌یدان و به‌شدار بن و خۆشیان هێزێکی کاریگه‌ربن بۆ داکۆکی له‌مافه‌کانیان وڕاوهستانهوه به‌رامبه‌ر به ههرجوڵانهوهیهکی راسیستی و فاشیستی . ..هاوکات ده‌وریان هه‌بێت له ئالۆگۆڕه سیاسیه‌کانی کوردستان چونکه ههرئاڵوگۆڕێک له‌باش بوونی ژیانی خه‌ڵکی کوردستان به‌دڵنیایه‌وه ده‌ستکه‌وتێکه بۆ که‌مکردنه‌وه ی دیارده‌ی په‌نابه‌ری ومیحنهتهکانی.
دیدگای سوشیالستی: لەسەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەدا، دونیا شاهیدی کۆمەڵێک تراژیدی ئینسانیە، دەربەدەر وبێ سەروشوێنبوونی ئینسان، تا نقومبوون لەنێو ئاوی دەریا ومانەوە لەکەمپ وڕاکردن بەسەر تەلی درکاویدا.. ئەمانە حاڵەتێکی تراژیدی بەردەوام نیشاندەدەن، بەڵام لەو نێوەدا خنکانی مناڵێکی سوری لەکەنارەکانی تورکیا، زیاتر سوزی دونیای هەژاند.. ئێوە ئەم تراژیدیایانە چۆن دەخوێننەوە؟ هاوکات بەپیرەوە هاتنی ئینسانیانەی هاوڵاتیانی ئەوروپایی و پێشوازیکردن لەپەنابەرانی هاتوو، چۆن لێکدەدەنەوە ئایا ئەمە ڕەوەندێکی هوشیاریو بێداربوونەوەی خەڵکی ئەوروپایە یا تەنها یەک حاڵەتی ئینسان دۆستانەیە؟
ده‌شتی جه‌مال:
تا پێش تراژیدیای مه‌رگی ئالان خه‌ڵکی دونیا شاهیدی مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵی ده‌ریایی ده‌یان ژن و مناڵ و پیرو پهکكهوتهن كه قوربانی ده‌ستی گروپ ورێکخراوه‌ی ئینسانکوژو دڕنده و رژێمه سه‌رکوتگه‌رو چینه ده‌سه‌ڵاتدارو کۆنه‌په‌رسته‌کانی خۆرهه‌ڵات و باکوری ئه‌فریقا بوون، له‌ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا سیاسه‌تی به‌شێكی زۆر له حكومه‌ته‌كان له دژی په‌نابه‌ران بوو. به‌ڵام سیاسه‌تی حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا دوای مه‌رگی ئالانی سێ ساڵانه له‌که‌نار ده‌ریایی ئیچه ئاڵوگۆڕێکی به‌سه‌ر هات له‌ژێر ئه‌و زه‌خته جیهانیه‌دا كه به‌ره‌ی ئینساندۆستی كردیه سه‌ریان، ویژدانی خهوتویان له‌خه‌وێکی قوڵ بۆ ماوه‌یه‌ک ڕاچڵه‌کا وسنورهکانیان کردوه تا ڕوویه‌کی ئینساندۆستی له‌خۆیان نیشان بده‌ن.. به‌ڵام ئه‌مه درێژه‌ی نه‌کێشا و له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان، دوای پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانیان هه‌ر زۆر زوو که‌وتنه‌وه هه‌مان دۆخی پێش‌و و په‌یڕه‌ویکردن و درێژه‌دان به‌سیاسه‌تی دژی ئینسانیان له توندکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان وتهلبهندکردن وراگرتنی په‌نابه‌ران له که‌مپه‌کان.. وسهرلهنۆی تراژیدیای مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵی په‌نابه‌ران له ده‌ریاکان ده‌ستی پێکردوه.
به‌ڵام بهشهرييهتی شارستانى، جيهانێكى شارستانى، له‌مه‌یداندایه بۆ به‌رگری به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو مه‌ترسی وتاریکی وتراژیدیا سامناکانه‌ی کراوه به به‌ری به‌شه‌ریه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا. ئاینده ش چاره‌نوسازه وئه‌مڕۆ که هاتۆته مه‌یدان داوای کردنه‌وه‌ی سنوره‌کان ده‌کات بۆ ئه‌و که‌سانه به‌خێرهاتنیان لێده‌که‌ن له ئیستگای قیتاره‌کان و کهمپو هایمه‌کان کۆمهکو خواردنیان بۆ ده‌به‌ن و فشار بۆ حکومه‌ته‌کانیان ده‌هێنن مافی په‌نابه‌ریان بده‌نێ، که‌مپه‌ینی جۆراجۆر له ولاته‌کانی ئه‌وروپا بهرێکهتووه داوای گۆڕینی یاساکانی ئه‌وروپا ده‌که‌ن، به‌رانبه‌ر به جوڵانه‌وه راسیستی ونه‌ژاد په‌رستیه‌کان له مه‌یداندان و داوا دەکەن ئینسان گیان و حورمەت و ئاسایشی بەنرخی هەبێت .. ههنگاوێکی گرنگ بوو ودرێژه‌ی هه‌یه… به‌ڵام هێشتا به‌شه‌ریه‌تی شارستانی و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی و پێشکه‌تنخوازی ئه‌و ئاسۆیه‌ی نیه له‌دژی ته‌واوی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه بێته مه‌یدان، ڕێگا چاره‌ی گۆڕینی دۆخی ئێستای ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه و له‌به‌ینبردنی زه‌مینه‌کان وئه‌و هۆکارانه‌ی که پاڵ به خه‌ڵکه‌وه ده‌نێت ئه‌وڕێگا سه‌خته هه‌ڵبژێرن، لهدهستوریاندا نیه، هێشتا هاتنه مه‌یدانی ئه‌م به‌شه‌ریه‌ته شارستانیه به جۆرێك نییه وه‌ڵامى ته‌واوی هه‌ڵومه‌رجى ئه‌مڕو بداته‌وه. به‌ڵام نفوزى ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه به‌تايبه‌ت له‌نێو خه‌ڵكى ساده‌ى كومه‌ڵگاى ئه‌وروپی وغهربيدا، به‌هۆى دژى زه‌بروزه‌نگی خه‌ڵك و ئينساندۆستی بوونیان و هه‌روه‌ها محافهزهكاريى خۆبه‌خۆى خه‌ڵكه‌وه، زور فراوانه. هه‌ڵوێستێكى به‌م جۆره‌ی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی دژی په‌نابه‌ری و دژی ئینسانی ده‌وه‌ستێته‌وه به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی حکومه‌ته‌کانیان که له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا ههڵیانگیرساندوه هێشتا خۆی به به‌رپرس نازانێت. ده‌بێ بهشهريهتى ئينساندۆستو ئازاديخواز له دژى گشت ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه ئاڵۆزکاوە بهێنينه مهيدان. تا کاتێک که ئه‌مه نه‌کرابێت، ئه‌م تراژیدیا‌و کاره‌سات و نههامهتیيه درێژه‌ى ده‌بێت. ئه‌مه‌ش به په‌يدابوونى بهرنامهكارێكى ئەوپەری چالاك، ئازاديخوازانه و به‌تایبه‌تی چینی کرێکاری پێشڕه‌و ده‌توانێت مژده‌ده‌ری ئازادی ویه‌کسانی و ئاسوده‌یی کۆمه‌ڵگای ئینسانی بێت.. له‌ڕيزى پێشه‌وه‌ى خه‌ڵكيدا به‌ستراوه‌ته‌وه به كۆمۆنيستهكان و ماركیستهکانهوه.. ئه‌مه‌ش كارى ئێمه‌يه.