راگەیاندنی فیدراسیۆن بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە:

 ئێمە دەتوانین لە لوتکەی بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانەی گەورەدا

دژ بە شەڕو میلیتاریزم و تاوانکاری و ڕەگەزپەرستیڕاوەستین و پێکەو ژیانێکی ئارام و ئاسودە مسۆگەر بکەین.

٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە که له لایەن ڕێکخراوی نه ته وه یه  کگرتووه کانەوە لەساڵی ١٩٥١ەوە به فه رمی دانی پێدانراوە ، بەلام هەر ئەو دەوڵەتانەی لەریزبەندی ئیمزاکەرانی ئەم بەڵیننامەیەدا بوون نەك هەر رۆژبەرۆژ پاشەکشە لە بەندەکانی ئەم بەلیننامەیە دەکەن، بەڵکو بەکردەوە یاساکانی پەنابەرییان بەجۆرێك گۆڕیوە کە سەرتاپا ناکۆکە لەگەڵ ناوەرۆك وبنەماکانی ئەو بڕیارنامەیە. 

نوقومکردنی بەلەمی پەنابەران لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریایی هەندێ ووڵاتەوە، کۆنترۆڵکردن و تەلبەندکردنی   سنورەکان و دورگەکان، سیاسەتی هێشتنەوە لە کەمپ و زیندانیکردنی پەنابەران لە گرتووخانەدەستبەسەرەکان وڕاگرتنیان لە ژێر خێمەو خانوە پلاستیەکیەکان، دەرکردنی یاسای گواستنەوەی پەنابەران بۆ دورگە دورەدەستەکان، لێسەندنەوەی مافی کارو بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، دوورخستنەوەیان لە سەنتەری شارەکان و جێگیرکردنیان لە شوێنە سەربازی و لە نێو کەشتیەکان و ته نانه ت وەك تاوانبار مامه ڵه کردنیان، ڕێکەوتننامە لەگەل ئەو حکومەتە سەرکوتگەرانەی پەنابەران لەدەستیان هەڵدین تا بەزۆرەملی دیپۆرتیان بکەنەوە، تا دەگاتە پەرەدان بە ڕەگەزپەرستی  و جیاکاری و سوکایەتیکردن  بە پەنابەران و ناوزەدکردنیان وەکو سەرچاوەی هەرچی کاری خراپە لەو ووڵاتانەدا ئەنجام دەدرێن و تاد… ئەمانە هەموو سنورەکانی دوو ڕوویی و تاوانکارییان تێپەڕاندووە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەژێر سایەی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بە دڕندانەترین شێوە دەستی بۆدەبەن.. ئەمڕۆ تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نیودەوڵەتیەکانی هیچ شەرعیەتێکیان نەماوە  کاتیك کە قازانج و بەرژەوەندیەکانی دەولەتانی بەشدار دەکەوێتە مەترسیەوە. 

ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی پەنابەران لە دۆخێکدا بەرپادەکرێت کە بە پێش چاوی جیهانەوە شەڕو کۆمەڵکوژی و کاولکاری  و ئاوارەیی و دەربەدەری و بێخانەولانەیی ژیانی سەدان ملیۆن لە ئینسانی کۆمەلگای بەشەری ڕووبەڕووی کارەسات کردۆتەوە. ڕاسیزم،فاشیزم، نەتەوەپەرستی و سەرکوتی سیاسی بووەتە سیمای دەوڵەت و بزوتنەوە بۆرژواییەکان لەسەراسەری دونیادا. بەهۆی کێشمەکێش و شەڕی دەوڵەت و هێزە بۆرژوازیەکانەوە، دەیان ملیۆن ئینسان ناچارکراون کە ماڵوحاڵیان بەجێ بهێڵن و لەناو خۆی ووڵاتەکانی خۆیاندا ژیانی ئاوارەیی بەسەر بەرن یاخود سەری خۆیان هەڵگرن بەرەو ووڵاتانی رۆژئاوا بەمەبەستی دەست ڕاگەیشتن بەئارامی و ئاسایش و ژیانێکی شایستەی مرۆڤ.

بۆرژوازی رۆژئاوا و دەوڵەتەکانیان کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، نەك هەر بەشێکن لە خوڵقێنەرانی ئەو دۆخە نائارام و کاولکارییەی کە ڕووبەڕووی بەشێکی خەڵکی دونیا بۆەتەوە،ئەم دۆخەی کە بوەتە هۆی ئاوارەیی و ناچاربوون بە هەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری لەلایەن خەڵکی ناوچە جەنگ زەدەکانەوە، بەڵکو لەناوخۆی وولاتەکانیشیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی سیستەمەکەیان بۆتەوە و خەریکن قورساییەکەی بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا بشکێننەوە، لە هەژاری و بێکاری و برسێتی و گرانی و نەهێشتنی خزمەتگوزاریە گشتی و کۆمەڵایەتیەکان، بە پاساوی فشاری پەنابەران پینە بکەن، تا بەوجۆرە جەماوەری بێبەشی ووڵاتەکانی خۆیان چەواشە بکەن و لەجیاتی ئەوەی ڕووی ناڕەزایەتیەکانیان بکەنە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکان، دژایەتی و نەفرەت لە پەنابەران وەکو سەرچاوەی ئەو نەهامەتیانە لەناو خەڵکی بێبەشدا پەرە و ڕەواجن پێبدەن،بۆرژوازی رۆژئاوا بە هوشیاریەوە پەرە بە ڕاسیزم و رەگەزپەرستی و دژە پەنابەری دەدات. 

بەمجۆرە ئەو خەڵکەی کە قوربانی چەندین ساڵەی شەڕو خوێنڕشتن و میلیتاریزم وسەرکوتی دەوڵەتانی بۆرژوازین، کە لەسەروو هەموویانەوە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو  ووڵاتانی ئەوروپاو روسیا وەستاون،  لەلایەن هەمان ئەو دەوڵەتانەوە وەکو سەرچاوەی بێکاری و  تاوان و نائارامکردنی کۆمەڵگاکان ناوزەد دەکرێن. 

هەربۆیە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە و هەلبژاردنی شۆێنی نیشتەجێبوون و ژیانکردن و بەهرەمەندبوون لە بارودۆخێکی ئارام بۆ هەر ئینسانێك کە لەدەست سەرکوت و شەڕو و برسێتی هەڵهاتووە، بووە بە خەباتێکى ڕەوا و هەقخوازانە و ئەرکی سەرشانی هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە لەسەراسەری جیهان کە بەرگری لێبکات. 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا ڕایدەگەیەنیت کە لەبەرەی خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخوازی جیهان ڕاوەستاوە بۆ کۆتایهینان بە شەڕو ملیتاریزم وکۆمەڵکوژی و سەرکوت و تاوانکاری و کارەساتە مرۆییەکان، بەدژی جیاکاری و ئینسانکوژی،  بۆ برایەتی وئینسانیەت، پێکەوە ژیان و هاوپشتی مرۆیی، بەدەر لەجیاوازی جوگرافی، ڕەگەزی وئاینی..هاوکات لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ئەو هەوڵانەوە جێگا دەگرێ کە مافی نیشتەجێبوون وەکو مافێکی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤ دەناسێنێت و بۆ بەرگری لە مافی پەنابەری هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لەدەست ستەم و زوڵم و شەڕ و نائارامی بۆ ژیانێکی ئارام و شایستە ماڵوحاڵی خۆیان جێدەهێڵن، لێبڕاوانە تێدەکۆشێت. 

نا بۆ شەر

نا بۆ دیپۆرتی پەنابەران

نا بۆ راسیزم وکۆنەپەرستی

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

١٨حوزەیرانی ٢٠٢٤

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

خەڵکی ستەمدیدەی سوریا پێویستیان بەهاوکاری و بەهاناوە چوون هەیە!

مرۆڤدۆستان، خەڵکی ئازادیخواز! جارێکی دیکە دەوڵەتانی ئەمپریالیستی و بەربەریەتی سەرمایەداری و حەلیفە ناوچەیەکانیان ووڵاتی سوریایان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *