دەبێ دەستبەجێی شیروان شیروانی ئازادبکرێ!
usr_web171_1
ئاب 1, 2023
دۆسیە, ڕاگەیاندن, ماڵهوه
440 Views
دەشتی جەمال
شیروان شیروانی بە داسەپاندنی بڕیارێکی ناڕەوا و نامرۆڤانە لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠وە لە زیندانەکانی پارتی ڕاگیرا و بڕیار بوو ٩ ئەیلولی ئەمساڵ ئازاد بکرێت، بەڵام جارێکی تر دادگای تاوانەکانی هەولێر ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٣، چەند دۆسیەیەکی تری بۆ زیادکردو سزای چوار ساڵی دیکەی زیندانی بەسەر شیراون شیروانیدا داسەپاند.
جاریکی تر پارتی لەرێگەی رێکخستن و داتاشینی فایل و شایەتدانی ساختەوە دەیەوێت وێنەی شیراون شیراونی بگوڕێت بۆ کەسێکی تاوانکار، هەروەك چۆن لەڕابردودا بە بەهانەی ئەوەی کە گوایە ئاسایشی نەتەوەیی خستۆتە مەترسیەوە و سیخوری کردوە، دۆسیەی شیروان شیروان و هاوڕێکانی لە کاری ڕۆژنامەنوسیەوە گۆڕی بۆ تێکدەرو تاوانکار. ئەم هەنگاوەی پارتی لە ڕێگەی دادگاوە بەتەواوەتی بڕیارێکی سیاسیە بەناوی دادگاو یاساوە دەیەوێت دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت بکات و تەنگ بەئازادی و مافە سەرەتایەکان هەڵچنێ و کۆمەڵگەی کوردستان و بزوتنەوەی ڕوو لەگەشەی ناڕەزایەتی بترسێنێ.
ئەم بڕیارەی دادگای پارتی لەفەزایەکدایە کە قەیرانێکی خنکێنەر یەخەی بەدەسەڵاتداران گرتوە و ئەوانی لەگەڵ بێئاسۆیی و بنبەستی سیاسی و شکستی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو وەڵام دانەوە بەخواستەکانی جەماوەری ناڕازی بەرەو ڕووکردۆتەوە، ئامانجێکی تری نییە جگە لە داپۆشینی دزی و گەندەڵیەکانی چینی دەسەڵاتدار وفەشەلی سیاسەتەکانیان، لەلایەك و داسەپاندنی سەرکوتگەری بەسەر کۆمەڵگادا لەلایەکی ترەوە. بەواتایەکی تر پارتی و حکومەت و دادگاکەی دەیەوێت لەڕێگای بەندکردنی شیروان شیروانی لەزینداندا ئەو پەیامەبەخەڵكی ناڕازی کوردستان و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و هەردەنگێکی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنوسان و قەڵەمە ئازاو بوێرەکان کە رەخنەیان لەدەسەڵات هەیە، کە ئەگەر بێدەنگ نەبن ئەوا بەدادگاو یاسای حزب و بنەماڵەیی سزا وەڵام دەدەینەوە. لەسەرێکی ترەوە داسەپاندنی چوارساڵی تر بەسەر شیروان شیروانیدا ئەو هەقیقەتە دەسەلـمێنێ کە دادگا ئامڕازێکی دەستی چینی دەسەڵاتدارە بۆ پاراستن و چەسپاندنی پایەکانی سیستەم و دەسەڵاتێك کەسەراپا لەسەر ستەم و جیاکاری و برسێتی و گرانی و دەیان دەردومەینەتی تر بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و لە قازانجی سەرمایەدران و خاوەن کۆمپانیاکان، دامەزراوە. کە بێگومان دادگا و دادوەر و یاسا و زیندانەکان، لەم سیستەمەدا ئامڕازێکن بۆ سەرکوت و بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی.
لە ڕاستیدا ئەگەر لە کوردستان دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەنلەئارادابوایە و بەواقعی لەتاوان و تاوانکارانی بکۆڵیبایەتەوە، ئەوا دەبوو ئەوانەی تاوانی ٣١ی ئاب و شەنگاڵ و ١٦ی ئۆکتوبەریان ئەنجام داوە وئەوانەی دەستی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ڕاکێشاوەتەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان، ئەوانەی مافیاو بازرگانانی دەرمان و هێنانی مادەی هۆشبەرو خواردنی بەسەر چوو، دەهێننە بازارەکانەوە، ئەوانەی کە تۆمەتبارن بەکوشتنی رۆژنامەنوسان و کۆمۆنیستەکان وئازادیخوازان.. لەهۆڵەکانی دادگادا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێ نەكسزا سەپاندن بەسەر رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و داڕشتنی سینارێوی گاڵتەجاڕانە لەسەریان. هەربۆیە نابێ ڕێگە بەسەرکوتگەریەکانی پارتی و حکومەتەکەی بدرێت، پێویستە بەهێزی بەرەنگاری ڕەوتی ئازادیخوازی و یەکگرتوانەی جەماوەری کوردستان بەرپەرچ بدرێنەوە و سنورێك بۆ سەر ئەو دەستدرێژەیەی کەدەسەڵاتداران بۆسەر ئازادیەکان دەیکەن دابنرێ. لەم چوارچێوەیەشدا دەبێ شیروان شیروانی و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر بیروڕای سیاسی دەستگیرکراون، دەستبەجێ لەزیندان ئازادبکرێن. بەتایبەتی کەدەستگیرکردن و سزادانی هەڵسوڕاوان و ڕۆژنامەنوسان لەڕێگەی دادگاکانی دەسەڵاتەوە وێستگەیەکە لە وێستگەکانی ئەو تاوانانەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی، لەپێشیانەوە پارتی ویەکێتی، بۆ سەرکوت و بیدەنگکردنی چینی کرێکارو خەڵکی ناڕازی کوردستان لەماوەی دەسەڵاتیاندا درێژەیان پێداوە. ئەم حزبانە کە تائێستا لە ڕێگەی دەستبردن بۆ تیرۆرو کوشتن و تەقەکردن و ڕفاندن و هەڕەشەی نانبڕین و شەقوەشاندنەوە، هەوڵیان دابێت جەماوەری ستەملێکراوی کوردستانیان بێدەنگ کردبێت، ئەوا ئەمجارە لە ڕێگەی ڕاکێشانی ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و رۆژنامەنوسان بۆ بەردەم دادگاو سەپاندنی سزا بەسەریاندا گەرەکیانە جەماوەر چاوترسێن بکەن، تا دەنگی ناڕەزایەتی شەقامی پێ کپبکەن.
خەڵکی کوردستان سەرباری گوشاری گرانی و هەژاری و بێکاری و بێموچەیی، سەرباری ئەو گێژاوە سیاسی و ئابوریەی کە ڕۆژانە ژیانیان دەهاڕێت، ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیە کە بەیاسا وداگاکانیان، دەیانەوێت کۆمەڵگە ملکەچ و بێئیرادە بکەن و تۆڵە لە خەڵکی ناڕازی بکەنەوەو بەر بەشەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەریەکان بگرن.هەربۆیە ئەرکی ئازادیخوازان و رۆژنامەکاران ڕۆشنبیران و ژنان وکرێکاران و هەموو ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیی و مەدەنیەکانە، ئەرکی لایەنگرانی دادگای سەربەخۆیە، کە توڕەیی و نەفرەتی خۆیان بەسەردا ببارێنین و ئەم هەوڵانەی پارتی و حکومەتەکەی شکست پێبدەن و سنورێك بۆ بڕیاری ئەم دادگا قورمیشکراوەیان دابێن. دەبێ بڕیاری دادگای هەولێر ههڵبوهشێتهوه و شیروان شیروانی و سەرجەم دهستگیركراوەکانی بادینان ئازاد بكرێن. بۆ ئەمەش دەبێ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناچاربکرێن کە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی، خۆپێشاندان و کۆبونەوە بەرەسمی بناسن و هیچ کەس لەسەر ئەم مافە دەستگیر نەکرێت، نەخرێتە بەر گوشار و ههڕهشهوەو زیندانەوە. خەبات بۆ ئازادی شێروان شیروانی، خەباتە بۆ سەپاندنی ئازادیەکان لەکوردستاندا. کەوایە با بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی شیراوان شیروانی دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕێن!
—
Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391