خەڵکی ستەمدیدەی سوریا پێویستیان بەهاوکاری و بەهاناوە چوون هەیە!

مرۆڤدۆستان، خەڵکی ئازادیخواز!

جارێکی دیکە دەوڵەتانی ئەمپریالیستی و بەربەریەتی سەرمایەداری و حەلیفە ناوچەیەکانیان ووڵاتی سوریایان خستۆتەوە بەر دەورەیەکی تر لەجەنگ و کارەسات و خۆینڕشتن و ئاوارەیی. ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١١ وە لەدوای بەهاری عەرەبی سەرهەڵدانی شەری ناوخۆ لە سوریا بەهۆیەوە ٧ملیون ئینسان لەخەڵکی ئەم کۆمەڵگایە ئاوارەوە دەربەدەر بوون، بە دەیان هەزار ئینسانی بێتاوان کۆمەڵکوژ کراون و یان بریندار و کەمئەندام  بوون.. سەرباری ئەوە ی بەشێكی فراوان لە ژێرخانی ئەو ووڵاتە وێرانکراوە و برسیتی هەژاری و بیکاری ونەبوونی خزمەتگوزاریەکان بوەتە نیسبی خەڵکی ئەو ووڵاتە و سیمای کۆمەڵگەیەکی شارستانی پێوە نەهێڵراوە، کەچی دوبارە گروپە ئیسلامیەکانی نزیك لە تورکیا لەژێر ناوی ” دەستەی رزگاری شام” و ” سوپای نیشتمانی سوریا” پەلاماری شارەکانی ئیدلیب و حەلەب و حەما و ناوچەکانی دەوروبەریان داوەو شەڕێکی خوێناوی دەستی پێکردوەو دەیان هەزار هاوڵاتی ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشتوە. لەناو ئەوانەدا نزیکەی ٢٥٠ هەزار هاوڵاتی کوردی دانیشتووی حەلەب ناچاربوون لەترسی پەلاماری گروپە ئیسلامیەکان ماڵوحاڵیان بەجێبهێڵن و بورەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ” هێزەکانی سوریای دیموکرات” ئاوارەببن. هەروەها  دەیان کەس رفێنراون و بێسەروشۆێن کراون! دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و هێزە ئیمریالیستیەکانیش خۆیان ئامادەکردوە بۆئەوەی کە لەم دۆخی جەنگەدا نەخشەی سیاسی خۆیان بەرەوپێش بەرن لەسەر حسابی خوێن و ئاوارەبوونی خەڵکو کاولبوونی سوریا!
بەپێ دوایین زانیاریەکان لەلایەن روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەر ئیستا چەند هەزار لە خەڵکی بێگوناه و بێدیفاع لەو ناوچەکانی جەنگدا گیریان خواردوەو هیچ رێگایەکی دەربازبونیان بۆ نەماوەتەوە و کەوتونەتە بەر رەحمەتی مەترسی کۆمەڵکوژی چەکدارە توندرەوە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا. هاوکات ئەم گروپانە دەستیانکردوە  بە بڕینی ئاو و کارەبا لەگەرەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب! بەمشیوەیە ئەم خەڵکە  بێتاوان و ماندوە لەجەنگ، لە هەموولایەکەوە لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان.
ئەم دۆخە پێویستی بە دەنگ هەڵبرین وهاتنەمەیدانێکی بەرین و به‌شداری چالاکانه‌ و پێشڕەوانەی چینی کرێکارو هێزە سۆسیالیست و پێشکەوتنخوازەکان هه‌یه‌ لەسەراسەری جیهاندا، بەتایبەتی کە سوریا بوەتە مەیدانێکی کێشمەکیشی رووسیاو ئەمریکا و جەمسەرە کۆنەپەرستە جیهانیەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان بۆ گۆرینی پارسەنگی هیز لە ناوچەکەدا. هەر دەخالەتێکی ئەوان بەواتای ئالۆزکردنی دۆخی ناوچەکە و وێرانکردنی ژیان و ئەمنیەتی خەڵکەکەی دەبێت.  ئەوان تەنها چاویان لە بەرژەوەندیەکانی خۆیانە، لەپێناو دەسەلات و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەراست لەنیوان خۆیاندا. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەن ئاگر لەناوچەکە بەردەن! بەڵام ئەوە تەنها ئەو هێزانە نین کە دەتوانن ئایندەیەکی کارەساتبار بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا بسەپێنن، بەڵکو بزووتنەوەی چەپ و سوشیالیست و ئازادیخواز دەتوانن سەربەخۆ لە نەخشەی ئەو هێزانە بێنە پێشەوە و ئایندەیەکی ئارام و دوور لەشەڕ و ماڵوێرانی بۆ ناوچەکە دیاری بکەن.  بەشەریەتی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان دەتوانن ئەم ئامانجە بەدی بهێنن.  هاتنە مەیدان و دەوری ئیوە دەتوانێت هاوکیشەکە بگورێت. ئەمە کاری خودی خەڵکی ناوچەکەیە بە پشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان.

ئازادیخوازان، بەشەریەتی شارستانی هیزو لایەنەکانی لایەنگر لە مەدەنیەت و مرۆڤایەتی!
خەڵکی حەلەب و حەما و گوندو ناوچەکانی دەوروبەری، پێویستیەکی بەپەلە و گەورەیان بە هاوپشتی و بەهانەوە چون هەیە! ئەگەر بەشەریەتی ئازادیخواز دەستبەجێ بۆ دەربازکردنی ئەم خەڵکە نەیەتە مەیدانەوە، کارەساتێکی گەورەی ئینسانی دەخوڵقێ. پێشرەوی ئەم دەستەو گروپەچەکدارە ئیسلامی کۆنەپەرستانە، تەنها کارەسات نابێت بۆ خەڵکی سوریا، بەڵکو مەترسی گەورەن لەسەر ناوچەکەو بگرە جیهانیش. ئەرکی بەشەریەتی ئازادیخوازە بۆ بەرگرتن لەم کارەساتە، دەولەتانی ئەمپریالیست و کۆنەپەرستی ناوچەکە  ناچاربکەن تا دەست لە پیلانی کارەساتبارو کۆنەپەرستانەیان هەڵگرن! ناچار بکرێن ناوچەکە بەجێبهێڵن. ئەو دەستانە ببەستن کە هاوکاری دەستەی رزگاری شام وگروپە چەکدارەکانی نیو ئەم بەرەیە دەکات. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە جیهانیەکان ناچار بکەن بەفەوری بەهانای ئاوارەکانەوە بچن.  هاوکاری سیاسی خەڵکی سوریا بکەن کە خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان بدەن. بەمجۆرە خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەتوانن دەسەڵاتی دڵخوازی خۆیان دابمەزرێنن و مەترسیەکانی ئەم گروپانە لەسەر ژیان وئایندەیان دور بخەنەوە و ئایندەی ئەم ناوچەیە بە ئیرادەی خۆیان دیاری بکەن.
ئێمه ‌بانگه‌وازتان ده‌که‌ین بۆ کاردانه‌وه‌ی خێرا به‌رامبه‌ر بەم هێرشانەی گروپە چەکدارەکان و پێشبڕکێی جەمسەرە جیهانیەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان لەناوچەکە بەرێیان خستوە لەسەر حسابی خەڵکی سوریا و ناوچەکە. بۆ پشتیوانیکردن له‌خه‌ڵکی سوریاو پارێزگاری له‌خه‌ڵکه‌که‌ی وەرنەمەیدان و دنیا لە دژی ئەم بەربەریەتە بهێننە جۆش. دواکارین بە هاتنەمەیدانی بەشەریەتی شارستانی ئەتوانین بەر بەم بەربەریەتە بگرین. با پێکەوە بۆ ئەم هاتنە مەیدانە دەستی یەکتر بگرین .بەهانای ئاوارەکانەوە بچین.
دەشتی جەمال
سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٧/١٢/٢٠٢٤

Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391

About usr_web171_1

Check Also

کارەساتی خنکانی ٥٩ پەنابەر  ئەنجامی سیاسەتی جەنگ و ماڵوێرانی وناجگیری سیاسیە کە هیزە ئیمریالیستیەکان دایانسەپاندوە

ڕۆژی  شەممە ٢٤ شوبات، یەختێك کە لە بنەرەتدا بۆ کاری ڕاوەماسی بەکاردێت و نزیکەی ١٤٠ بۆ …

لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە: فیدراسیۆنی پەنابەرانی لە كۆنفرانسی رێكخراوەكانی پەنابەران لە شاری ئۆتاوا بەشداری دەکات

جەلال سەعید بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە کەنەندا بە ناوەندی هەوڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند “رێكخراوەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *